ئەندامێکی بەرەی تورکمانیی رێککەوتنێكی سێ قۆڵی لەنێوان پێکهاتەکانی تورکمان، عەرەب و کورد -پارتی- ئاشكرا دهكات بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک، دهشڵێت، "بەڵام هیچ نزیکبوونەوەیەکمان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە."
ئاوێنه: ئەحمەد ڕەمزی، ئەندامی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك لهبەرەی تورکمانیی لهلێدوانێكی رۆژنامهوانیدا رایگەیاند، رێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان کورد، تورکمان و عەرەبی کەرکوک کراوە، بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ نزیکبوونەوەیەکیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان نییە، لەبەر ئەوەی یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان خۆی گروپی عەرەبی دەستاو دەستبکات.
لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی سێ لایەنە، تورکمان پۆستی پارێزگار وەردەگرێت، بەو جۆرەش کەسایەتییەکی تورکمان دوای 100 ساڵ پۆستەکە دەگرێتە دەست.
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەپێکهاتەی تورکمان كۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی سودانی، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەپێکهاتەی تورکمان، ئەوەش لەچوارچێوەی بەدواداچونەکانیدا بۆ لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکانی پارێزگاکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە میانی دیدارەکەدا سودانی ئاماژەی بە گرنگی پێشخستنی بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوک کرد لە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کە براوەی هەڵبژاردنەکانن، هەروەها جەختی لە پێویستی کارکردن وەک یەک تیم و دور لە پەراوێزخستن یان دورخستنەوەی هەر هێزێکی نیشتمانی لە کەرکوک، كردەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا کرد، کە كەسانی سەركەوتو بۆ پۆستە حکومییە خۆجێیەكان هەڵبژێرن و لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش ڕێکبکەون بەشێوەیەك كە بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵكی پارێزگاکەی لێبكەوێتەوە و هەروەها پشتیوانی خۆیشی بۆ کارەکانی ئەنجومەنەکەو دابینکردنی هەمو ئەو شتانەی دەربڕی کە دەبنە مایەی باشترکردنی دۆخی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاری لەكەركوك.