پارتی: تەقەكردن لە بارەگاكەمان لە كەركوك پێشهاتێكی خراپە
  2024-07-27       258       

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک-گەرمیان  ڕایگەیاند، تەقەكردن لە بارەگای لقی سێی حزبەكەیان لە كەركوك "پێشهاتێكی خراپە" و "بە توندی سەرکۆنە"ی دەكەن و دەشڵێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و ڕاپێچی دادگا بکرێن و بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەنرێن.

ئاوێنە: مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 1:50 دەقیقە لە دو شوێنی جیاوازەوە بە  قەناس و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە."

لە بەیاننامەکەدا هاتوە "ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بوە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، ڕوداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبوە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت."

ڕاشیگەیاندوە "بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە نەزۆکانە و ترسنۆکانەیە دەکەین، ئەگەر لە ژێر هەر ناو و پەردەیەکی شاراوەدا بێت، پێویستە دەستبەجێ تاوانباران دەستگیر بکرێن و ڕاپێچی دادگا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنرێن."

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکوک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، "دەستخۆش" لە پاسەوانەکانی بارەگای لق كردوە کە "بەو پەڕی چاوکراوەیی و بوێرییەوە، بەرپەرچی ئەم هەوڵە شکستخواردوەیان دایەوە." و وتوشیەتی"سوپاس بۆ خوا هەڤاڵانمان سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی نەبوە".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×