محەمەد شیاع سودانى، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان كۆبوەوەو دەڵێت، نابێت هیچ هێزێكی نیشتمانی لە كەركوك پەراوێز بخرێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانى، پێشوازی کرد لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەپێکهاتەی تورکمان، ئەوەش لەچوارچێوەی بەدواداچونەکانیدا بۆ لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکانی پارێزگاکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە میانی دیدارەکەدا سودانی ئاماژەی بە گرنگی پێشخستنی بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوک کرد لە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی کە براوەی هەڵبژاردنەکانن، هەروەها جەختی لە پێویستی کارکردن وەک یەک تیم و دور لە پەراوێزخستن یان دورخستنەوەی هەر هێزێکی نیشتمانی لە کەرکوک، كردەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا کرد، کە كەسانی سەركەوتو بۆ پۆستە حکومییە خۆجێیەكان هەڵبژێرن و لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش ڕێکبکەون بەشێوەیەك كە بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵكی پارێزگاکەی لێبكەوێتەوە و هەروەها پشتیوانی خۆیشی بۆ کارەکانی ئەنجومەنەکەو دابینکردنی هەمو ئەو شتانەی دەربڕی کە دەبنە مایەی باشترکردنی دۆخی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاری لەكەركوك.