هێزەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود، چوار کۆڵبەریان دەستگیرکرد و ئەشکەنجەیان داون، ئەو چوار کۆڵبەر بەهۆی سەختی ئەشکەنجەدانیانەوە برینداربوون.
میدیای رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بۆسەیان بۆ ژمارەیەک کۆڵبەر داناوە و هەر چواریانی دەستگیرکردووە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەو چوار کۆڵبەرە بە سەختی ئەشکەنجەدراون و بەوهۆیەوە برینداربوون.
ئەو چوار کۆڵبەرە ناویان، محەمەد، بێهروز، دلیار و حسامە و هەموویان خەڵکی گوندی دشەی پاوەن.
بەگوێرەی ئاماری کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 270 کۆڵبەر لەکاتی کۆڵبەریدا لە سنوورەکاندا بوونەتە قوربانی، کە 34 کۆڵبەریان گیانیانلەدەستداوە و 236 کۆڵبەری دیکەیان برینداربوون، 20 کەس لە کۆڵبەرە بریندارەکانیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.