ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بێدەنگی بەغدا وای لە ئەنقەرە کرد بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هۆشداریشی دا لە مەترسی دروستکردنی سێگۆشەیەکی ئاگرین لە سنووری عێراق.
ئاوێنە: سائیر مەخیف ڕایگەیاند “تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری کردووە کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە ماوەی ١٠ ساڵدا، لە سەرانسەری ٤ ناوچەوە بەرەو دهۆک بەردەوامە لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و تۆپخانە، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان و زیانگەیاندن بە دەیان گوند و چۆڵبوونیان".
دەشڵێت "لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسی شاراوە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بێدەنگییەی کە پرسیاری زۆر دروست دەکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی عێراق و دامەزراندنی بنکە و وێستگە و ئاوارەکردنی خەڵک هێڵی سوورە و سەروەری نیشتمانی پێشێل دەکەن، ئێمەش قبوڵیان ناکەین".
هەروەها جەختیشیکردەوە " لە ژێر ڕۆشنایی چاودێریکردنی ئەنقەرە بۆ هەڵوێستەکانی عێراق، سوود لە نەبوونی وەڵامدانەوە وەردەگرێت."
مەخیف ڕایگەیاند کە ئەوەی تورکیا دەیکات سێگۆشەی بڵێسەدار دروست دەکات، بە ئاماژەدان بە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک کە خەڵک لە ڕووی ئاوارەیی و وێرانکاری و ئاژاوەگێڕییەوە باجەکەی دەدەن. ئاماژەی بە “پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک کرد بۆ پاراستنی زەوی و زار و خەڵک و ڕێگریکردن لەوەی ئەو ناوچانە بە بیانووی شەڕکردن ببنە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی”.
زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەشکرکێشیەکانی ئێستای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر بە تایبەت لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا چەند مانگێک لەمەوبەر بووە.