سۆران عومەر: لیستی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزار و 790 کەس زیادیکردوە
  2024-07-26       587       

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی رایگه‌یاند، چاودێری دارایی عێراق ده‌ڵێت، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە ماوەی 11 ساڵە پەسەند نەکراوە، ئەوەش پێچەوانەی مادەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25) هەموارکراوە، کە دەڵێت بۆ هەمو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەند بکات، ده‌شڵێت، "لیستی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزارو 790 کەس زیادیکردوە".

سۆران عومەر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌باره‌ی کەموکوڕی له‌ لیستەکانی موچە، نامه‌یه‌كی كراوه‌ی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و رایگه‌یاند، "ئەمجۆرە لە وەڵامنەدانەوەی داواکاریەکانی بەغدا تایبەت بەلیستی موچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشینانی سەربازی زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ مەدەن کەموکوڕیەکان چاک بکەن کە بۆتان دیاریکراوە، یەک جار لەبەرژەوەندی موچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە 10 ساڵیەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی موچە ڕزگارمان بێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "جارێکی دی بەکوردی کەموکوڕیەکانتان بۆ دەخەینەڕو تاکو لەمە زیاتر خەڵک سزا نەدەن؛ چاودێری دارایی عێراق ده‌ڵێت، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە ماوەی 11 ساڵە پەسەندنەکراوە ئەوەش پێچەوانەی مادەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25) هەموارکراوە کە دەڵێت بۆ هەمو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەند بکات".

سۆران عومەر ده‌ڵێت، "بەڕێوەبەرایەتی بودجەی سەر بە وەزارەتی دارایی لیستی تەواوەتی و زانیاری فەرمانبەرانی لانییە لە پلەو موچە و دەرماڵە، لە 26ی 2ی 2023وە چاودێری دارایی داوای دۆسێی فەرمانبەرانی بەهەمو ئەوەلیاتەکانەوە کردوە، ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران کێشەی تێدایە و جیاوازی زۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە پێداچونەوەی پێدا بکرێت لەگەڵ دائیرەی موازەنەی ئیتحادی".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، لیستەکانی موچە لەمانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ کە وردبینی کراوە کێشەکانی دیاریکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی چارەسەری نەکردوە، کێشەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ڕابردو ئاگادارکراون چارەسەری بکەن، وەزارەتی کارەبا بەنوسراوی ژمارە (8189 لە 17-10-2023) دەڵێت کێشەکەمان چارەسەر کردوە، بەڵام لە لیستی موچەی مانگی (6)ی 2024 دەرکەوت کێشەکەتان چارەسەر نەکردوە پینەکراوە! بۆیە موچەی وەزارەتی کارەبا بۆ مانگی حوزەیران ڕاگیرا".

کێشەکانی لیستی موچە ئەمە چەند نمونەیەکە:
وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزارو 790 کەس زیادیکردوە.وەزارەتی دارایی 100 ناو زیادیکردوە!

وەزارەتی کارەبا 2460 کەس زیادە.

وەزارەتی پەروەردە 4316 کەس.

وەزارەتی ناوخۆ 1882 کەس.

وەزارەتی شارەوانی 1135 کەس.

ئەنجومەنی ئاسایش 474 کەس.

گرێبەستەکان 1241 کەس زیادە هەیە.

دەزگای ئاسایش 1409 کەس زیادیکردوە.

زیادەی ژمارەی خانەنشینان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی و وەزارەتی دارایی 12 هەزار خانەنشینە!

وەزارەتی کارەبا 2 ملیارو 866 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.

دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نییە و لیستەکانیان 35 ملیۆن دینار زیادی هەیە.

وەزارەتی ئەوقاف 34 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.

خانەنشینان لە 14 بەڕێوەبەرایەتین، تەنها خانەشینی پێشمەرگەی سلێمانی و هەلێر موچەکەیان مانگانە 55 ملیار و 352 ملیۆنە بەم جۆرە:

بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی موچەیان 20 ملیارو 799 ملیۆنە.

بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی پێشمەرگەی هەولێر 34 ملیارو 552 ملیۆنە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت، له‌ 11ی 10ی 2023وه‌ چاودێری دارایی عێراق داوای دۆسیه‌ی خانەنشینانی سەربازی کردوە بۆ پێداچونەوە، بەڵام هەرێم پێی نەداون، ئەوەش یەکێک لەو دۆسێیانەیە کە ناموستەحەقی زۆر تێدایە، تەنانەت دۆسێی کەمئەندامان تەواو نیەو لیستەکانیان 35 ملیۆن دینار جیاوازی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×