لاهور شێخ جەنگی: دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدەین
  2024-07-01       481       

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل داوا دەكات كە چیتر هەڵبژاردن بە بەهانەی جۆراوجۆر دوانەخرێت و دەشڵێت، وەک هێزێکی نوێی جەماوەری، خواستمانە لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدەین، کە پێشتر بە هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر نەکراوە.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێم، كۆبۆتەوەو باسیان بارودۆخی گشتیی هەرێم و ناوچەکە كردوەو "گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێویستیی چارەسەکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراقیان دوپاتکردۆتەوە."

وتوشیەتی"گفتوگۆمان کرد دەربارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی یاسایی خۆیدا و چیتر بە بەهانەی جۆراوجۆر دوانەخرێت، بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و بەهێزکردنی پایەکانی حکومڕانی لە رێگەی بەشداریکردنی هێز و لایەنە سیاسیەکان، لەو سۆنگەیەشەوە دوپاتمان کردەوە، ئێمە وەک هێزێکی نوێی جەماوەری لە بەرەی گەل کە خواستمانە لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدەین، کە پێشتر بە هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر نەکراوە لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم و ڕزگاکردنیان لەو قەیرانانەی بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە."

لاهور شێخ جەنگی وتوشیەتی"نیگەرانی خۆمان نیشاندا بۆ خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم بە تایبەت گەنجەکانمان، کە سەری خۆیان هەڵدەگرن و بەهۆی بێئومێدبوونیان لەم دەسەڵاتە و بێکارییەوە بە ناچاری کۆچ دەکەن، کە بەداخەوە هەندێکیان بە خێزانەوە لەناو دەریاکاندا گیانلەدەستدەدەن."

هەر لەكۆبونەوەكەدا وەك لاهور شێخ جەنگی وتویەتی"دەربارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی جەختمان لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کردەوە بە تایبەت کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، کە دەبێت تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×