كوژرانی 10 سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا
  2024-07-04       263       

هەپەگە ڕایگەیاند، لە چەند چالاكییەكی گەریلادا دژ بە هێزەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، 10 سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون و حەوت سەربازی دیکەش برینداربون، هەروەها مۆڵگەیەک و سێ کامێرای چاودێری لەناوبراون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، شەڕێكی سەخت لەنێوان گەریلاو هێزەكانی سوپای توركیا لە شاخی "بەهار" لەناوچەی رۆژئاوای زاپ بەڕێوەدەچێت و دوێنێ 3ی تەمموز قۆڵەكانی شەڕ لەو شاخە 17 جار لەلایەن فڕۆكەی جەنگی توركیاوە بۆردومان كراون.

وتوشیەتی، هێزەكانی سوپای توركیا دوای هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان و هەلیكۆپترە، هەوڵیاندا بە هەلیکۆپتەر لە هێڵی ئامێدییەوە و لە هێڵی دێرەلوکەوە سەرباز لە شاخی بەهار دابەزێن بەڵام هێزەكانیان لەو هەلیکۆپتەرانە هاتونەتە دەست و بەوهۆیەوە هەلیکۆپتەرەکان نەیانتوانیوە هێزەکانیان دابەزێنن.

هەپەگە وتوشیەتی"بەڵام لەلای رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شاخی بەهارەوە کە هێزەکانی ئێمەی تێدا نییە، توانیان هێزەکانیان دابەزێنن."

بەپێی راگەیەندراوەكەی هەپەگە، سوپای تورکیا بە "ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و حەفارەکان"ی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە قۆڵێكی دیكەوە و  بە رێگەی زەمینی لە ناوەندی شاری ئامێدییەوە لە بازگەی سەرگەلێی ژێر کۆنترۆڵی هێزەكانی پارتییەوە تێپەڕبو و هەوڵیدا لە بەنداوی سەروی گوندی سەرگەلێ جێگیر ببێت و گەریلا بە چالاکییەکانی بەرپەرچیان داوەتەوەو لەو چالاکیەدا دو سەربازی توركیا كوژراون و شەش سەربازییش برینداربون و شەڕیش بەردەوامە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دوێنێ لە شاخی ئامێدی ناوچەی رۆژئاوای زاپ، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا کامێرایەکی حەراری چاودێریی سوپای توركیا لەناوبراوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، رۆژی 2ی ئەم مانگە، لە چالاكییەكی گەریلادا لە ناوچەی خواكورك، 3 سەربازی توركیا كوژراون و یەكێكی دیكەش برینداربوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، رۆژی 30ی حوزەیرانیش، لە چالاكییەكی دیكەی گەریلادا لەناوچەی مەتینا، پێنج سەربازی توركیا كوژراون و هەروەها مۆڵگەیەك و دو كامێرای چاودێری لەناوبراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، رۆژی 30ی حوزەیران بەهۆی بۆردومانی توركیاوە لە ناوچەی مەتینا سێ گەریلا شەهیدبون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×