بارزانی داوا لە لایەنە سوننەكان دەكات بەزویی كێشەی دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان چارەسەر بكەن
  2024-07-04       259       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغدا لەگەڵ سەركردەی لایەنە سوننەكانی كۆبوەوەو تێیدا پرسی بونی هێزەكانی هاوپەیمانان و كێشەی دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ كران و بارزانی داوای لە لایەنە سوننەكان كرد بەزویی كێشەی دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان چارەسەر بكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی پارتی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییە سوننەکان لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە بەغدا کۆبوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی "داخوازییەکان و گیروگرفتەکانی پێکهاتەی سوننە و کێشەی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی، لە كۆبونەوەكەدا لایەنە سیاسییە سوننەکان داوایان لە مەسعود بارزانی کردوە "یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسیی عێراق بێت بۆ ئەوەی هەمو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی،، کەشێکی ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتۆتە ئارا کە لەسەر بنەمای دەستور و بەپێی ڕێککەوتنەکان بەسەر کۆسپ و ناتەبایی و کێشەکاندا زاڵ دەبن.

لەبارەی هێزەكانی هاوپەیمانانیش لە عێراق مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردۆتەوە کە "ئەو بابەتە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستە بڕیاری دەستەجەمعی و نیشتیمانی لەوبارەیە هەبێت کە خزمەتی بەرژەوەندیی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات."

لەبارەی پرسی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش مەسعود بارزانی وتی"بەرژەوەندیی گشتی و داهاتو و چارەنوس لەسەروی دەستکەوت و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبییە و داوای کرد کە لایەنە سوننەکان یارمەتیدەری یەکتر بن و ئەو پرسە بەزوترین کات چارەسەر بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×