دادگای فیدراڵی سكاڵایەكی پەرلەمانتار موسەننا ئەمین رەتدەكاتەوە
  2024-07-01       343       

دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی پەرلەمانتاری یەكگرتو موسەننا ئەمین رەتدەكاتەوە كە تێیدا داوای كردبو دان بە سەرجەم بڕیارەكانی حكومەت و پەرلەمانی كوردستاندا بنرێت و هەروەها هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا.

ئاوێنە: دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، سكاڵایەكی موسەننا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، رەتكردەوە كە لەدژی هەریەكە لە سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆماری كردبو.

سكاڵاكەی موسەننا ئەمین لە دو بڕگە پێكهاتبو، لە یەكەمیان داوای كردبو، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانی عێراق پابەندبكرێن بە كاركردن بە ناوەڕۆكی ماددەی 141ی دەستور كە تایبەتە بە داننان بە سەرجەم ئەو بڕیاریانەی كە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنی هەرێمی كوردستانەوە دەرچون.

هەروەها لە بڕگەی دوەمی سكاڵاكەیدا پەرلەمانتارەكەی یەكگرتو، داوای كردوە بڕیاربدێت بە گۆڕینی هەڵەبجە لە قەزاوە بۆ پارێزگای نۆزدەیەم لە عێراق لەگەڵ پێدانی شایستە دارایی و كارگێڕییەكان بە پارێزگا نوێیەكە.

دادگای فیدراڵی رایگەیاند، سكاڵاكە بەهۆكاری نەبونی تایبەتمەندی رەتكرایەوە.




 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×