کەجەکە تۆمەتبارکردنى پە*کە*کە بە سوتاندنى بازاڕەکان رەتدەكاتەوە
  2024-07-01       518       

کەجەکە تۆمەتبارکردنى پەکەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراقەوە بە سوتاندنى بازاڕەکانی هەولێر، دهۆك و كەركوك رەتدەكاتەوەو دەڵێت "سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە ڕێكخراوی هەواڵگری توركیا (میت) و لقەكەی لە هەرێمی كوردستان (پاراستن)ە."

ئاوێنە: لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە ڕێگەی میدیاكانەوە زانیمان كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركراوە بەوەی كە هەندێك ئاگریان لە شارەكانی هەولێرو كەركوك و دهۆك كردوەتەوە، ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەینەوە، كە هەموان دەزانن ئەم هێرشە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)ەوە ئەنجام دراوە."

كەجەكە وتوشیەتی "ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕو گوندەكانی كەركوك و هەولێر و دۆهوكمان سوتاندوە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردوە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كوردو عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بون."

ئاماژەی بەوەشداوە "ئێمە هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و خەڵكی عێراقی نییە، بزوتنەوەیەك كە بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەكۆشێت، ئەم تۆمەتانە بوختانن لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیاوە، ئاشكرایە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتی دەركردنی ئەم بەیاننامەیەدا لە ژێر كاریگەری ڕێنمایی هەندێك لایەندا بوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە ڕێكخراوی هەواڵگری توركیا (میت) و لقەكەی لە هەرێمی كوردستان (پاراستن)ە، كە ڕێكخراوێكی تاوانكاری نێودەوڵەتییەو هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی داگیركردنی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات."

هەروەها وتوشیەتی"ئێمە و هەمو عێراقییەك و كوردێك دەزانین كە دەوڵەتی داگیركەری تورك لایەنێكی سەرەكییە هێرش دەكاتە سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم بەیاننامەیە لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا دەربكەین، كە دورن لە ڕاستییەوە و ئامانجیان بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتییە."

كەجەكە داوای لە دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ كردوە كە "بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن و جوڵانەوەكەمان بە تۆمەتی بێ بنەما نەبەستنەوە و تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشكرا بكەن."

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کەجەکە:

 

بۆ سەرجەم میدیاكان و ڕای گشتی

لە ڕێگەی میدیاكانەوە زانیمان كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركراوە بەوەی كە هەندێك ئاگریان لە شارەكانی هەولێر و كەركوك و دهۆك كردوەتەوە، ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەینەوە، كە هەموان دەزانن ئەم هێرشە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)ەوە ئەنجام دراون.

پەكەكە بە خۆڕاگری و هەڵوێستە پرەنسیپی و یەكگرتوەكانی بە تێپەڕبونی كات سەلماندی كە هێزێكە جێگەی متمانەو گەلانی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە هەر شوێنێك گەل بەر هەڕەشەو نادادپەروەری بكەوێت، پەكەكە هەڵوێستێكی دروست وەردەگرێت و پشتیوانی گەل دەكات، ئەمڕۆش شەڕێكی توندو بێوچان لە دژی كۆڵۆنیالیزمی توركیا ئەنجام دەدات، كە هەنگاو بە هەنگاو عێراق و هەرێمی كوردستان داگیردەكات.

سوپای داگیركەری تورك بە پشتیوانی و ئاسانكاریی ئیدارەی پەدەكە لە زاخۆ و دهۆك و هەولێر بێڕێزی خۆی بۆ گەلەكەمان نیشان دەدات و بەئاشكرا بەردەوامە لە جێبەجێكردنی داگیركارییە نهێنییەكەی.

سوپای داگیركەری تورك بەئاشكرا ڕێگاكانی ناو خاكی عێراق دادەخات و خەڵك ناچار دەكات بە گەڕان و پشكنین و دڵنیابون لە ناسنامەكانیان، گوندنشینانیش دەستگیر دەكات و بۆردومانیان دەكات ئاوارەیان دەكات، ڕۆژانە تاوانەكانی سوپای داگیركەری تورك پەرەدەسێنێت، لەكاتێكدا پەدەكە لەئاستی ناوخۆییدا بەردەوامە لە هاوكاریكردن لەگەڵیداو حكومەتەكەی سودانیش بێدەنگ و بێ وەڵامە.

سەرەڕای بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و بۆمبی كیمیایی دژی شەڕڤانان و ئەنجامدانی هەمو جۆرە تاوانێكی جەنگ و بەكارهێنانی نوێترین تەكنەلۆجیا بۆ بەرژەوەندی سوپای تورك، بەڵام گەریلای ئازادیخوازانی كوردستان بە سودوەرگرتن لە هەمو ئەو توانایانەی لەبەردەستیاندایە، بەرەنگاری ئەم داگیركارییە دەبێتەوە، دەوڵەتی فاشیستی تورك توشی شكستێكی سەخت دەبێتەوە. سوپای داگیركەری توركیا لەو خاڵانەی تا ئێستا داگیری كردون، بە زەحمەت دەجوڵێت و تەنیا بە لەبەركردنی جلی هێزەكانی عێراق و پەدەكە دەتوانێت بجوڵێت، لە كاتێكدا بزوتنەوەكەمان سەركردایەتی بەرخۆدانێكی گەورە لە بەرامبەر ئەم هێرشە كۆلۆنیالیزمانەدا دەكات، بەڵام بە قوڵی ناڕازین لەو بەیاننامەیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

كاتێك هێرشەكانی داعش لە عێراق دەستی پێكرد، بزوتنەوەكەمان بە هەمو توانای خۆیەوە بۆ پاراستنی خەڵكی عێراق و گەلی كورد بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك جوڵەی كرد، بەشێوەیەكی كاریگەر بەشداریمان لە هەڵمەتەكانی ئازادكردنی ناوچەكانی هەولێر، مەخمور، كەركوك، شنگال، موسڵ لەدەست داعش كرد باجێكی قورسمان لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دا، تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ ئەوە سوپاسی كردین.

ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕو گوندەكانی كەركوك و هەولێر و دۆهوكمان سوتاندوە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردوە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كوردو عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بون.

ئێمە هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و خەڵكی عێراقی نییە، بزوتنەوەیەك كە بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەكۆشێت، ئەم تۆمەتانە بوختانن لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیاوە، ئاشكرایە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتی دەركردنی ئەم بەیاننامەیەدا لە ژێر كاریگەری ڕێنمایی هەندێك لایەندا بوە.

سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە ڕێكخراوی هەواڵگری توركیا (میت) و لقەكەی لە هەرێمی كوردستان (پاراستن)ە، كە ڕێكخراوێكی تاوانكاری نێودەوڵەتییە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی داگیركردنی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بە هیچ ڕوداوێك و چالاكییەكەوە نییە، جگە لەوانەی داگیركردنی توركیا دەكەنە ئامانج.

ئێمە و هەمو عێراقییەك و كوردێك دەزانین كە دەوڵەتی داگیركەری تورك لایەنێكی سەرەكییە هێرش دەكاتە سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم بەیاننامەیە لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا دەربكەین، كە دورن لە ڕاستییەوە و ئامانجیان بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتییە.

داوا لە دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین كە بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن و جوڵانەوەكەمان بە تۆمەتی بێ بنەما نەبەستنەوە و تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشكرا بكەن.

هاوكات داوا لە گەلانی دیموكراسی و خۆڕاگری عێراق دەكەین كە هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر ئەو درۆیانە بگرنەبەر، هەروەها هەنگاو بنێن بەرامبەر بەو كردار و قسەیانەی كە هەوڵی شەرعیەتدان بە داگیركاریی توركیا دەدەن.

لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سیستەمی كۆمەڵگەی كوردستان (كەجەكە)


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×