شاسوار عەبدولواحید: بارزانی بۆ ئەوە چوەتە بەغدا تا داوا بكات موچەی موچەخۆران بە بانكی نەكرێت
  2024-07-04       349       

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا داواكردنی ئەوەیە كە موچەی موچەخۆران بە بانكی نەكرێت و دەشڵێت، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبانکی نەکرێت و نەخرێتە سەر بانکەکانی حکومەتی عێراق تاوەکو لەژێر دەستی خۆیان بێت و هەڕەشەی بە خەڵک لێ بکەن.

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند،  سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بۆ بەغدا بە مەبەستی ئەوەیە داوا لە لایەنە عێراقییەکان بکات موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبانکی نەکرێت و لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بمێنێتەوە.

ئەوەشی خستەڕو، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت دەست بەسەر موچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان و خانەنشیناندا بگرن و هەر کاتێک ویستیان هەڕەشە لە هاوڵاتیان بکەن بەو موچەیە.

باسی لەوەش کرد، ئەوان وەک نەوەی نوێ موچە لە ژێر دەستی پارتی و یەکێتی دەردەهێنن و دەبێت سەرجەم موچەخۆران لە بانکێکی فیدراڵی هەژماریان هەبێت و لەو هەژمارەوە موچەکانیان وەربگرن.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، لە دوای هەڵبژاردنەکان و دوای ئەوەی هاوڵاتیان متمانەیان بە نەوەی نوێ دا و بەشدار بون لە گۆڕانکاری، یەکەم کاریان بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆران دەبێت.

شاسوار عەبدولواحید وتیشی"پارتی و یەکێتی توشی نەخۆشی ئازاردانی هاوڵاتیان بون و هەرچەندە بەغدا لە کاتی خۆیدا موچە دەنێرێت ئەوان لە کاتی خۆیدا دابەشی ناکەن."

لەبارەی هەڵبژاردنیش وتی، پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردن دەترسن و بە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن دەکەن ئەگەر نا، توانا و قەبارەی نەوەی نوێ دەزانن و دەترسن لە هەڵبژاردندا دەنگ نەهێنن و هاوڵاتیان تۆڵەی خراپی حکومڕانییان لێبکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×