عێراق و هه‌رێم له‌سه‌ر جێبەجێکردنى سیاسەتى گومرگى یه‌كگرتو رێككه‌وتن
  2024-07-01       320       

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتن كه‌ تێڕوانینێکى گشتگیر بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتى گومرگى دابنێن، هەروەها بڕیاردرا کار بکرێت بۆ پێداچونەوە بە میکانیزیمەکانى جێبەجێکردنى یاساى دەستەى دەروازە سنورییەکان.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، د. محه‌مه‌د عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان ئەمڕۆ دوشەممە سەرپەرشتی کۆبونەوەی وەزاری هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان كردوه‌ سەبارەت بە میکانیزمەکانی یەکخستنی ڕێکارەکان لە دەروازە سنورییەکان گفتوگۆیان كردوه‌.
 
لە میانی کۆبونەوەکەدا، کۆنوسی کۆبونەوەی پێشو تاوتوێ کرا و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە کۆنوسی پێشودا هاتوە، پەیوەست بە پێداچونەوە بە ڕێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنورییەکان (وشکانی، دەریایی، و فڕۆکەخانەکان) و پێشنیارکردنی بڕیاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە مەنهەجی وەزاریدا لەم بارەیەوە هاتوە.

هەروەها هەردولا ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی دیدێکی گشتگیر بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گومرگی، یاساکانی پاراستنی بەرهەم و بڕیارە پەیوەندیدارەکان، هەروەها کارکردن لەسەر پێداچونەوە بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەسەڵاتی بەندەرەکانی سنوری ساڵی 2016.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×