"سوپای توركیا بەشێوەیەكی بەرفراوان لەپارێزگای دهۆك جێگیر کراوە"
  2024-07-01       469       

رۆژنامەی (العربي الجدید) ڕایدەگەنێت: بڵاوبونەوەی هێزەكانی توركیا لە پارێزگای دهۆك بەرفراوانتربووە, لە پێشهاتێكدا كە رەنگە دەستپێكی پرۆسەیەكی سەربازی بێت, كە ناوچەكە لە رۆژان و هەفتەكانی داهاتوودا بەخۆیەوە ببینێت.

ئاوێنە: لە ڕاپۆرتەکەی رۆژنامەی (العربي الجدید) ھاتووە،  لە كاتژمێرەكانی  رابردوودا پێشهاتی ئەمنی نوێ تۆماركراوە, هێزەكانی توركیا لە ناوچەكە, بڵاوكراوەیان بەسەر هاوڵاتیانی گوندو شارۆچكە سنوریەكانی پارێزگای دهۆكدا دابەشكردووە, داوایان لێكردون لەو ناوچانە دوربكەونەوە كە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە. 

ئاماژە بەوەشدراوە، سوپای توركیا خاڵی پشكنینی سەربازی لەو ناوچانە داناوە و, رێگەی لە ئۆتۆمبیلی كۆمپانیا گەشتیارییەكان گرتووە كە عێراقیەكانەوە لەڕێیەوە سەردانی هەندێك لە هاوینەهەوارە دەكەن لە رۆژە گەرمەكانی هاویندا, لەنمونەی هاوینەهەواری (گەلی شێرانە).

شایەتحاڵەكان لە ناوچەكە جەختیان كردووە, هێزێكی زۆر بە چەكی قورسەوە گەیشتونەتە گوندەكانی باكوری شاری دهۆك, لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئۆتۆمبیلی سەربازی و هێزی پیادە.

سەرچاوە ئەمنیە كوردیەكان لە هەولێر دەڵێن: لە دوو رۆژی رابردودا, هێزەكانی توركیا حەوت گوندیان لە پارێزگای دهۆك بەتەواوی كۆنتڕۆڵكردووە, خاڵی پكشنیشیان لە قەزای ئامێدی داناوەو بەرەو كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی زیاتریش هەنگاودەنێن, رەنگە پرۆسەكە بەدرێژایی وەرزی هاوین بەردەوامبێت.

بە گوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەی (العربي الجدید) تەواوی ئەو پێشهاتانە بەگوێرەی رێككەوتنی ئەمنیی بەڕێوەدەچێت كە لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەو هەولێردا كراوە, بێدەنگی هەولێرو بەغدادیش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوە.

پێشتر رۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی نزیك لە پارتی دادو گەشەپێدان, ئاماژەی بەوەكردبوو, پارتی كرێكارانی كوردستان بەم دواییە سیستمی بەرگری ئاسمانی و فرۆكەی بێفرۆكەوانی لەڕێی فرۆكەخانەی سلێمانیەوە بەدەستهێناوەو لەو فرۆكەخانەیەش راهێنانیان پێكراوە, بڕیاڕی یەكلاكەرەوەش دراوە لەبارەی فرۆكەخانەی سلێمانی, كە بووەتە بنكەیەكی لۆجستی پارتی كرێكاران, ئەگەر توركیا بۆی ئاشكرابێت پارتی كرێكاران چەكی نوێی پێدەگات ئەوا رێوشوێن دەگرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×