خالید شوانى زانیاریى نوێ له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات
  2024-06-30       442       


نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت‌و وه‌زیرێكى كوردیش له‌حكومه‌ته‌كه‌ى سودانى ده‌ڵێت:"ئەو کێشە کەمانە، هەمویان قابیلی چارەسەرکردنن"، ده‌شڵێت:"دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم‌و عێراق وردبینی بۆ لیستی موچە دەکەن".

خالید شوانی وەزیری دادی حكومه‌تى عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "بەگوێره‌ى ڕێککەوتن‌و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی‌و حکومەتیش، کێشەیەکی یاسایی یان سیاسی نییە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەندیی بەوردبینیکردنی لیستەکانەوە هەیە، ئەو کێشە کەمانەش كه‌ هه‌ن، هەمویان قابیلی چارەسەرکردنن، بابەتەکەش ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بەڕێگەی چارەسەری خۆیدا دەڕوات".
 
به‌وته‌ى خالید شوانى، "دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان‌و عێراق وردبینی بۆ لیستی موچە دەکەن‌و بەشێوەیەکی ئاسایی موچەی فەرمانبەران دەگاتە هەرێمی کوردستان".

بۆ موچەی هێزە ئەمنییەکانیش خالید شوانی ئاشكرایكرد، "هەندێک کێشەو تێبینی هەیە لەناوەکان‌و لیستەکان‌و وردبینیکردن لەڕێگەی کۆدەوە، ئەوانەش قابیلی چارەسەرکردنن‌و لێکتێگەیشتنی بنچینەیی هەیە لەسەرئەوەی بەغدا موچەی هێزە ئەمنییەکانیش ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات".

دابەشکردنی موچەی مانگی پێنجی هەرێمی کوردستان لە 9ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد، بەڵام تائێستا بەغدا موچەی ئەو مانگەی هێزە ئەمنییەکانی نەناردوە. 

دوێنێ شه‌ممه‌ وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومه‌تى هەرێمى كوردستان ئاشكرایكرد، لیستی موچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شارستانی و سەربازییەوە رەوانەی بەغدا کردوه‌و له‌وێش راده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق كراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×