زانیاری نوێ له‌باره‌ی موچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت
  2024-07-01       1328       


ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوه‌وه‌ لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كراوه‌ و موچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌كه‌ن به‌ڵام ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندییه‌كانی جێبه‌جێ بكات.

د. بڕیار ره‌شید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری خه‌ندان، رایگه‌یاند، "له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوه‌وه‌ لیستی ناوی موچه‌خۆران نێردراوه‌ و موچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی له‌ كێشه‌ی موچه‌ به‌ده‌رن، به‌ڵام ده‌بێت بڕگه‌كانی یاسای بودجه‌ جێبه‌جێ بكات كه‌ پایه‌ندییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لیستی موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سه‌ره‌تا به‌ كۆد نێردراوه‌ و دواتر ناوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌وانه‌ كراوه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی قسه‌كراوه‌ و ده‌ڵێت، گرفتێك هه‌یه‌ له‌ شێوازی ناردنی داتاكان.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت، پێویسته‌ كێشه‌ی موچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وه‌ش ته‌نها به‌ ناردنی لیستی موچه‌خۆران نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم نوێنه‌ری هه‌بێت له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وام بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان درێژه‌ نه‌كێشن و هه‌ر كێشه‌یه‌ك به‌زویی چاره‌سه‌ر بكرێت.

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌میانی کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پرسی موچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان پەیوەستە بە رێککەوتنە سیاسییەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە و کێشەی یاسایی و سیاسی نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی موچە پەیوەستە بە وردبینیکردنی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، موچە بە شێوەیەکی ئاسایی رەوانە دەکرێت.

وەزیری دادی عێراق ئەوەشی خستەڕو، موچەی هێزە ئەمنییەکان هەندێک کێشەی هەیە لە روی رەوانەکردنی لیستی کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد، ئەوەش دەتوانرێت چارەسەر بکرێت و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی موچەکانیان رەوانە بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×