دادگای فیدڕاڵی له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی‌ وەھاب ھەڵەبجەیی كۆده‌بێته‌وه‌
  2024-06-29       864       
وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر له‌سلێمانی‌

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سبەی یەکشەممە، لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، سێ سکاڵایان تایبەتە بەهەرێمی کوردستان. یه‌كێك له‌سکاڵاکان تایبه‌ته‌ به‌سكاڵاكەی وەھاب ھەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر له‌سلێمانی‌.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی‌ خشتەی دانیشتنەکانی دادگاکە، سکاڵای یەکەم لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیری‌ کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە دژی هەریەک لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری‌ ناوخۆ تۆمارکراوە.

سکاڵاکار لەناوەڕۆکی سکاڵاکەیەدا داوا دەکات، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بەبەردەوامبوونی کارکردن بەبڕیاری‌ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی‌ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان و پابەندکردنی سکاڵالێکراوان بەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان.

سکاڵای دووەم، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر لەسلێمانی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوەو سکاڵاکار کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیە، داوا دەکات دادگاکە ماوەی‌ کارپێکردنی‌ جێبەجێکردنی‌ یاسای ژمارە 3ی‌ ساڵی‌ 2006ی‌ بەرەنگاربونەوەی‌ تیرۆر بەنادەستوری‌ بزانێت، کە بەگوێرەی‌ یاسای ژمارە 7ی‌ ساڵی‌ 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لەدادگاکانی هەولێر لەدژی ئەو دەرچون هەڵبوەشێندرێتەوە.

دادگای باڵای‌ فیدراڵی عێراق پێشتر چەند جارێک ئەو سکاڵایەی تاوتوێکردووە، بەڵام ھێشتا بڕیاری کۆتایی نه‌داوه‌.

تۆماركردنی‌ سكاڵاكه‌ی‌ وەهاب هەڵەبجەیی دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ ڕۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2022 لەشاری هەولێر، عەقید هاوکار عەبدوڵا، ناسراو بەهاوکار جاف به‌هۆی‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئوتۆمبێله‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا، لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ی‌ 6ی‌ 2023، دادگای تاوانی هەولێر، بەغیابی سزای‌ لەسێدارەدانی‌ بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بو.

سکاڵای سێیەم كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی‌ دادگا تاوتوێی‌ بكات، لەلایەن پارێزەرێک بەناوی بەرهەم رەئوف، لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوەو لەناوەڕۆکی سکاڵاکەیدا، ئەو پارێزەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق دەکات، کە کۆت‌و بەندەکانی بەردەم هێنانی ژنی دووەمی قورس کردووەو بەگوێرەی‌ هەموارەکە، رێگەنادرێت بەبێ رەزامەندیی دادوەر، پیاو ژنی دووەم بهێنێت.

هەرچەند لەماوەی رابردودا ئەو پارێزەرە رایگەیاند، داوای پوچەڵکردنەوەی سکاڵاکەی کردووە، بەڵام دادگای فیدراڵی سبەی یەکشەممەی وەکو رۆژی دادبینی لەسکاڵاکە دیاریکردووە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×