"ئەنجومەنی وەزیرانی‌ هه‌رێم هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان تاوتوێ دەکات"
  2024-06-29       723       
خانەنشینان له‌سه‌ره‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ موچه‌كانیاندا

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دڵنیایی پێداون کە رۆژی چوارشەممە بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان ده‌خاتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ بڕیارێكی‌ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كه‌ رۆژی 22-11-2022 ده‌ریكردووه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووه‌ بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014، بەڵام تائێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیارەکەی‌ جێبەجێنەکردووە.

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، "بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە کە دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی ناوەکان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەبەستی هاوتاکردنی موچە، بەڵام تائێستا نەنێردراوە".
 
وتیشی‌، "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دڵنیایی پێداوین کە رۆژی چوارشەممە بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان بخاتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە".

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم ڕونیده‌كاته‌وه‌، "بەوەزیری داراییم وت بۆچی تائێستا لیستیان نەناردووە؟ هەندێک هۆکاری باسکردو وەڵامی هەمویمان دایەوە؛ دواتر وتی پشتیوانیتان دەکەم و چوارشەممە بابەتەکە دەخەینە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بدرێت بەناردنی لیستی ناوەکان".

لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی‌و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەیه‌، کەمترین موچە لەهەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، لەعێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لەعێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×