عەلی وەردی.. قۆشمەچییەکی قسەخۆش
  2024-06-28       847       
عەلی وەردی

نووسینی: قاسم حوسێن ساڵح

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

پەیوەندییم لەگەڵ دکتۆر عەلی وەردی، بۆ ساڵی١٩٨٩ دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا وەزیرێکی ڕۆشنبیری تەیار بە ڕۆشنبیریی فەڕەنسیی دڵخوازی وێژە و کولتوور و فەلسەفە، وەزیری وەزارەتی خوێندنی باڵا بوو کە دکتۆر مونزیر شاوی بوو. یەکێک لە چالاکییە کولتوورییەکانی ئەوە بوو ڕۆژنامەیەکی سەنگینی بە ناوی "ئەلجامیعە"وە دەرچوواند، دامەزرێنەرەکانی کە شەش کەس بوون و من یەکێکیان بووم، ئەمانە بوون: حەسەبەڵڵا یەحیا، دکتۆر عامر حەسەن فەییاز، دکتۆر فەجر جەودە، دکتۆر مونزیر ئەلخەتیب، منیش لێپرسراوی "کۆتا لاپەڕە" بووم.

 

لەو سەروبەندەدا، هەڵوێستێکی دکتۆر مونزیر ئەلشاویی یاساناس هەیە لێرەدا جارێکی تر وە بیرتانی دەهێنمەوە. ئەو کات من لە کۆتا لاپەڕەی ڕۆژنامەکەدا ستوونێکی تەنزئامێزم هەبوو بابەتم تێدا دەنووسین، ستوونەکە سەرنجی دکتۆر مونزیری بە لای خۆیدا ڕاکێشابوو و لەنێو دڵیدا جێی خۆی کردبووەوە، ڕۆژێکیان لەو بارەیەوە بانگی کردم بۆ نووسینگەکەی خۆی و باسی ستوونی تەنزئامێزی نێو ڕۆژنامەکانی بۆ کردم و گوتی وتار و نووسینی نێو ئەو ستوونانە، بە یەکێک لە سەختترین و پڕخوێنەرترین وتار و نووسینی نێو ڕۆژنامەکان لە قەڵەم دەدرێت، پاشان داوای لێ کردم زیاتر پەرەی پێ بدەم و پێشی بخەم. منیش بە وشەیەک پرسیارم لێ کرد و گوتم: "دەستەبەرم پێ دەدەیت؟!" .. دکتۆر مونزیر پێکەنی و پاڵیدا بەو کورسییە بزواوەوە کە لەسەری دانیشتبوو و گوتی: " ئەوە بەندە بە خۆت و بەختی خۆتەوە، یان دەگەیتە لووتکە، یان دەگەیتە ئاسایشی گشتی".

ئەو دەمیش من پلانم دانابوو چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە زانستی و ڕۆشنبیرییەکاندا ساز بدەم، تاکو ئەرشیفێک بۆ بیرمەندان و داهێنەرانی عێراق پێکەوە بنێم، سەرەتایش بە یەکەم وەزیری خوێندنی باڵا لە عێراق دەستم پێ کرد کە دکتۆرە سوعاد ئیسماعیل بوو، چووم بۆ ماڵەوە بۆ لای، ماڵەکەی لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلە لە نزیک سڵێخ بوو. دووەم ئامانجم عەلی وەردی بوو، ئەویش دیسان چووم بۆ ماڵەوە بۆ لای، ماڵەکەی کەوتبووە پشت قوتابخانەی ئامادەیی ئەلحەریریی کچان لە ئەعزەمییە و، گفتوگۆیەکم لەگەڵیدا سازدا، لە کاتی خۆیدا ئەو بەشانەی هاوپێچ لەگەڵ نیگارێکیدا لێ بڵاوکرانەوە کە هونەرمەند "عەلی مەندەلاوی" کێشابووی. دواتر وەردی سەبارەت بە چارەنووسی پاشماوەی گفتوگۆکە پرسیاری لێ کردم، منیش پێم گوت: "دکتۆر گیان، ئەگەر بڵاو بکرێتەوە، لە ئەبو زەعبەل(بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش) خۆت دەبینیتەوە"، دکتۆر عەلی وەردی بە شۆخییەوە وەڵامیدامەوە و گوتی: "بە خوا ئەگەر پێکەوە بین، لێی خۆشتر نییە". دواتر پەیوەندیی نێوانمان بەرەو هاوڕێیەتی و سەردانیکردن و هاموشۆی ماڵەکەی پەرەی سەند. شایانی باسە من پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیم لەژێر سەردێڕی "لەشفرۆشی.. هۆکار و شێوازەکانی و شیکارییەکی کەسایەتیی لەشفرۆش" کردبوو، لە ڕووی چۆنێتی و کەرەستەکانی لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە دەروونییەکان و، ژمارەی لەشفرۆشەکان و ئەو دەڵاڵانەوە کە لێکۆڵینەوەکە لە خۆی گرتبوون، لە عێراق و لە جیهانی عەرەبییشدا بە یەکەم لێکۆڵینەوە دەژمێردرا. لەو کاتەدا وەزارەتی ناوخۆ پتر لە ٣٠٠ لەشفرۆش و دەڵاڵی لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا دەستگیر کردبوو کە تەمەنیان لە نێوان ١٧ بۆ ٥٥ ساڵدا بوو و، لەنێویاندا هەبوون پەیوەندییان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی گەورەدا هەبوو! کاتێک کە لێکۆڵینەوەکەم تەواو کرد، وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەک کەسانی ئەکادیمی و دادوەری بانگهێشتی کۆڕێکی تایبەت کرد تاکو لەبارەیەوە بیروڕا بگۆڕنەوە و ڕا و سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو، دکتۆر عەلی وەردی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بانگهێشت کرابوو. لەدوای تەواوبوونی گفتوگۆ و لێدوانەکان، عەلی وەردی دەستی دایە پەلم و بردمییە گۆشەیەکەوە و پێی گوتم: "ئەم لێکۆڵینەوەیەت سەبارەت بە قەحبەکان، بەسەرهاتێکی خۆشم بیر دەهێنێتەوە. لە ساڵانی چلدا حکومەتی عێراق بابەتی کردنەوەی قەحبەخانەیەکی گشتی لە بەغدا خستە بەر باس و خواس، بۆ ئەو مەبەستە دیدارێکی سازدا هەریەک لە عەبدولئیلا و نوری سەعید و وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی ئامادەی بوون. هەمووان لەسەر بیرۆکەکە ڕێککەوتن، بەڵام لەسەر شوێنەکەی لە نێوان باب ئەلشەرقی و ساحەی مەیدان ڕایان جیاواز بوو. یەکێک لەو کەسانەی ئامادەی دیدارەکە بوو، پیاوێکی حەنەکچی خەڵکی موسڵ بوو، کابرا پێی گوتن: باشترین شوێن بۆ قەحبەخانە، ساحەی مەیدانە، هەر کەسیش بڕوا ناکات، با بڕوات پرسیار لە دایکی بکات!"، من و دکتۆر عەلی وەردی بەو بەسەرهاتە پێکەنین، دکتۆر بە ئاماژەی چاو دواندمی و گوتی: "ئەی ئەگەر ئێستا کەسێک ئەو قسەیە بکات چی ڕوو دەدات! بەدڵنیاییەوە هەرچی فیشەک لە دەمانچەکەیدا هەیە لە کابرای حەنەکچی و ئەوانەیشدا خاڵی دەکاتەوە کە پێدەکەنن، بەڵام عەبدولئیلا و نوری سەعید و وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری ئاسایشە گشتییەکەی، لە پێکەنیندا بە پشتدا کەوتن!"

هەروەها دکتۆر عەلی وەردی لە هونەری هەڵبژاردنی ناونیشان بۆ بابەتەکەیدا فرە شارەزایە و لە بەکارهێنانی ئەو گوتەیەدا کە دەڵێت "ناونیشان چلچرای دەقە" بەڵەدە، چونکە کاتێک سەبارەت بە سەرەتاکانی ژیانی پرسیارم لێ کرد، وەڵامەکەی لەنێو ئەم ناونیشانەدا کورت کردەوە: "لە گوێدرێژەوە ... بۆ جامبۆ!"، مەبەستی ئەوە بوو لە سەرەتای ژیانیدا بە سواری پشتی گوێدرێژان گەشتی دەکرد، دواتر توانی بە سواری فڕۆکەی جامبۆ گەشت بکات. وەڵامەکەیشی بەوە کۆتایی پێ هێنا کە گوتی لە گەنجێتیدا عەترساز بووم بە مووچەیەکی مانگانە کە بڕەکەی پێنج ڕوپێ بوو، "ئێستا بووم بە نووسەر و ئەو قسە و باسانە وەک زانست و زانین بە خەڵک دەفرۆشمەوە کە لە واتاکەی تێ ناگەن و منیش داوایان لێ دەکەم لێی تێ بگەن!"

لە ساڵانی چل و پەنجای سەدەی پێشوودا کاتێک کە دۆخەکانی لادانی سێکسی لە عێراق زیادی کرد، دکتۆر عەلی وەردی هۆکارەکەی بۆ ئەو دابڕانە گەورەیە گەڕاندەوە کە لە نێوان جیهانی پیاو و جیهانی ژن لەو ڕۆژگارەدا هەبوو و، نموونەی بەوە هێنایەوە کە گۆرانییەکانمان بە وشەی جێناوی نێرینە ئاماژە بۆ خۆشەویست دەکات و زۆربەی شیعرە غەزەلییەکانمان نەواسیی سەرسامی هەمان ئەو خۆشەویستییەن کە ئەبو نەواس سەرسامی بووە! خۆزگە ئێستا دکتۆر ئەو داواکارییانەی دەبیست و گوێ لێ دەبوو کە هەندێک لایەنی حکومەتی و پەڕلەمانی لە سەردەمی مۆبایل و فەیسبووکدا داوا دەکەن نێر و مێ لەنێو دامەزراوەکانی فێرکردندا لە یەکتر جیا بکرێنەوە. هەروەها دوکتۆر بیر و غەریبیی ئەو ڕۆژگارەی دەکرد کە "باب و باپیرانمان" تیایدا دەژیان. یەکێک لەو شۆخییانەیشی کە بە ئەفسوسێکەوە دەیکرد ئەوە بوو دەیگوت: "ئەگەر لە نێوان دۆخی سەرەتای ژیانمدا کە نەبوو بووم بەڵام ئەو باوەڕەی کە هەمبوو باوەڕی بەساڵاچووان بوو، لەگەڵ ئەو دۆخەدا کە ئێستا تیایدام (واتە ساڵانی نەوەدی سەدەی پێشوو) سەرپشک بکرێم، دۆخی یەکەمیان هەڵدەبژێرم، لەبەر ئەوەی باوەڕی بەهێز دڵنیاییەکی دەروونی بە مرۆڤ دەبەخشێت بە دەگمەن خواپێداوە ملیۆنێرەکان دەستگیریان دەبێت!"

لەو کۆڕ و کۆبوونەوە زانستییانەدا کە ئەوێ ڕۆژێ سازمان دەکردن، هەموومان بە تەنگ ئەوەوە بووین و پەرۆش بووین دکتۆر عەلی وەردی یەکەم کەس بێت بدوێت، بەڵام تێبینیم دەکرد دکتۆر تەنها بۆ ماوەی دوو خولەک قسەی دەکرد و ئینجا دەیگوت: "بمبەخشن، تەندروستیم باش نییە"، منیش جارێکیان بە گوێچکەیدا چرپاندم و پێم گوت: "تەندروستیت باش نییە یان تەناهیت؟"، ئەویش بە چرپە وەڵامی دەدامەوە و دەیگوت: "بیکە بە خاتری خوا سەرم مەکە بە قوڕدا".. لەدوای ئەوە زانیم ئەو کاتانەی ڕاستی دەهاتە ڕووی سەرەوە و دەیویست دەربکەوێت، پەنای بۆ نالەباریی باری تەندروستی دەبرد، چونکە لەڕاستییدا لە سەددام حوسێن زەندەقی چوو بوو و ناهەقیشی نەبوو، چونکە ناوی عەلی حوسێن وەردی بوو و خەڵکی کازمییە بوو و خاوەنی کتێبی "ئامۆژیاری سوڵتانەکان"بوو و، لەوەیش خراپتر ئەوە بوو پێی گوترابوو "سەرۆک سەددام حوسێن ئەو شتانەی بە دڵ نین کە لەو کتێبەتدا نووسیووتن". جارێکیان کاک ئەحمەد ئەلسەید بۆی نووسیبووم لە کۆتایی ساڵانی هەشتای سەدەی پێشوودا، ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی گفتوگۆیەکی لەگەڵ عەلی وەردی سەبارەت بە کەسایەتیی عێراقی سازدا، پێشتر هەمان ڕۆژنامە گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەددام حوسێن سەبارەت بە کەسایەتیی عێراقی سازدابوو، بۆچوونەکانی سەدادم پێچەوانەی بۆچوونەکانی عەلی وەردی بوون، کاتێک ڕۆژنامەکە لەبارەی ئەو جیاوازییە لە بۆچووندا پرسیار لە وەردی دەکات، وەردی بە وەڵامێکی دیپلۆماسییانە خۆی دەدزێتەوە و دەڵێت عێراق لە دۆخی جەنگدایە و مەبەستەکە جیاوازە. هەروەها کاک ئەحمەد دەڵێت ئەو کاتەی وەردی داوای ڤیزای چوون بۆ پۆڵەندای کرد لەسەر بانگهێشتنامەیەک کە لە زانکۆی وارشۆوە بە دەستی گەیشتبوو، لە پەراوێزی داواکەیدا نووسی: ئەگەر ڕەزامەندیتان نەنواند، نامەوێت لەدوای مردنم ڕێ و شوێنی تایبەت بۆ بەڕێکردنم بۆ گۆڕستان و ناشتنم بۆ ساز بکرێت. سەددامیش داواکەی بەجێ هێنا، چونکە کاتێک کە لە ڕۆژی ١٣ی تەمموزی ساڵی١٩٩٥دا کۆچی دوایی کرد، کەژاوەی تایبەت بۆ بەڕێکردنی تەرمەکەی بۆ گۆڕستان بۆ ساز نەکرا، کە وەک زانایەکی گەورە لایەق بە پایە و شوێن و مەقامی ئەو بێت، بەڵکو تەنها ژمارەیەک لە هاوڕێ و هەوادارانی بە بێدەنگی و لە دوورەوە ئامادەی بوون!

دواهەمین جار کە سەردانم کرد و چووم بۆ ماڵەوە بۆ لای، ئەو کاتە بوو کە ناساغ بوو. لەسەر کورسییەک لە تەنیشت چەرپا خاکەڕاکەیەوە دانیشتم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا و تەمەندرێژیم بۆ خواست، ئەویش کە هەستی بە نزیکبوونەوەی مردنەکەی دەکرد، پێی گوتم: "دەزانیت ئێستا لە چ شتێکم کەمە؟ باوەڕی بەساڵاچووان"، من تەنها لەدوای ماوەیەک لەو قسەیەی تێگەیشتم، هەروەها گوتی: "دەزانیت من کەیفم بە مارکسییەکان نایەت، بەڵام نازانم بۆچی تۆم خۆش دەوێت، وەرە ماچێکم بدەرێ"، منیش ماچم کرد و چاوم پڕ بوون لە فرمێسک.

یەکێک لە گاڵتەجاڕییە بەسوێ و بە ئازارەکان ئەوە بوو بەر لەوەی بمرێت ئاهەنگی ڕێزلێنانی بۆ سازکرا، ئەویش لە بریی خۆی کوڕەکەی نارد و لە بڵندگۆوە بە ناوی باوکییەوە گوتی: پێدەچێت باوکم تەنانەت لەسەر پێخەفی نەخۆشییش دەست لە شۆخی و گاڵتە هەڵنەگرێت، چونکە ڕایسپاردووم تەنها هەر ئەوەندەتان پێ بڵێم: "لەدوای باران فەرەنجیم بۆ چییە! ". مەخابن، تەنانەت کازمییەیش کە زێدی خۆی بوو، وەک پێویست ڕێزی لێ نەنا، هەرچەندە ماڵی ژمارەیەک بەرپرس لە ڕۆڵەکانی هۆزەکەی خۆی لێیە، لەنێویاندا پەرلەمانتارێک هەبوو پێشتر نەبوو بوو دواتر لە ڕۆخی ڕووباری دیجلە بە دیوی مەرقەدەکەی ئیمامدا ملیۆنان دۆلاری لە دروستکردنی خانوویەکدا بۆ خۆی خەرج کرد! یادکردنەوەی دکتۆر عەلی وەردی لە کاتی ئێستادا، ئەو ڕاستییە جاویدانییەمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێت دیکتاتۆرەکان لەناو دەچن و زانایانیش نەمرن!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×