ئا: تەرزە عەبدوڵا
توندوتیژیی بەرامبەر ژنان بەردەوام لەزیادبووندایە، هۆکاری ٥٠%ی توندوتیژییەکانی ئێستاش ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە، سەرباری زۆریی ڕێکخراوەکانی ژنانو ئافرەتانو خانمانو خوشکانو چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان، بەڵام هێشتا ژنان ڕۆژگارێکی سەخت تێدەپەڕێنن.
کچان قوربانیی سەرەکی تاوانە ئەلکترۆنیەکانن
سێوە، ناوێکی خوازراوی کچە خوێندکارێکی ١٥ ساڵانە، لە خوێندنگایەکی تێکەڵاوی شارۆچکەیەک دەخوێنێت، لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ کوڕێکی هاوپۆلی دەبنە هاوڕێ، هاوڕێ کوڕەکەی داوای وێنەی لێدەکات، ئەویش متمانەی پێدەکاو وێنە بۆ کوڕەکە دەنێرێت.
بۆ ڕۆژی دواتر وێنەکەی بڵاوبوەتەوە، کاتێک باوکی سێوە زانیویەتی، هاتوەتە ناو خوێندنگاکەو بەلێدانو قژ ڕاکێشان کچەکەی لەبەرچاوی خوێندکارانی قوتابخانەکە بردوەتە دەرەوەو ڕێگەی نەداوە جارێکی دیکە کچەکەی بچێتەوە قوتابخانە، لەکاتێکدا هاوپۆلەکەی سێوە وەک ئەوەی هیچ شتێک رووینەدابێت بەردەوامە لەخوێندن!
سێوە یەکێکە لەهەزاران کچو ژنی ئەم هەرێمە کە بوونەتە قوربانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنو توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدراوە، تەنانەت هەندێک لەکەیسەکان گەیشتووەتە ئاستی کوشتن.
ئامارەکانی توندوتیژیی هەمیشە ڕوو لەهەڵکشانە
ساڵی ٢٠٢٣ لەهەرێمی کوردستان ١٤ هەزارو ٥٣٥ حاڵەتی توندوتیژی لەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتانو خێزان تۆمارکراوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ساڵی ٢٠٢٣ لەهەرێمی کوردستان ٥٦هەزار و ٥١٧ حالەتی توندوتیژی تۆمارکراوە.
ئاماری توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەتی توندوتیژی بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر ئامارەکانی چوار ساڵی سەرەتای بەڕێوەبەرایەتی کە ٢٥ هەزار و ١٩٦ توندوتیژی تۆمارکراوە، بەراوردبکرێت بە ئاماری ئەم چوار ساڵەی کۆتایی توندوتیژییەکان بەڕێژەی ٥٥% بەرزبوونەتەوە.
ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانو خێزان بەهاوکاری سندوقی دانیشتوانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق UNFPA هێڵی گەرمی ١١٩ دروستکرا، لەڕێگایەوە ژنانو هاوڵاتیان پەیوەندیدەکەنو هاوکاری وەردەگرنو ڕێنمایی دەکرێن، لەساڵی ٢٠٢٣دا ١٢ هەزارو ٤٣٦ پەیوەندی بەهێڵی گەرمەوە کراوە.
تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لەپێشینەن
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانو خێزانی هەولێر، سەفین تاهیر ئاماژە بەوە دەکات کە جۆرەکانی توندوتیژیی چەند جۆری جیاواز دەگرێتەوە، کە پلەی یەکەم بەر توندوتیژیی لەڕێی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکەوێت، پلەی دووەمیش بەر توندوتیژییە دەروونییەکان دەکەوێت، هاوکات توندوتیژییەکانی هەڕەشەکردن، لێدانو جنێویش کە تا ئێستا ماون، ئەو بەئاوینەی وت "بەشێک لەوانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن، بێ زانیاری پێویست لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنان، کەسێک لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەناسن، کە دواتر ئەم پەیوەندییە سەردەکێشێت بۆ ناردنی وێنەو ناونیشان، کاتێکیش دێنە لای بەڕێوەبەرایەتیمان هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی ئەو کەسەوە نییە، کە هەندێکجاریش کارمەندەکانیش تێدەمێنن کە چۆن ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە".
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر ئەوە رووندەکاتەوە کە چاولێکەری لەو ڤیدیۆو کەسایەتییانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیبینن، چ ژن یاخود پیاو بێت، یەکێکی دیکەیە لەکێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ژیانێک نیشاندەدرێت لەگەڵ واقیعدا یەکناگرێتەوە، ئەمەش کێشەی لەناو خێزانەکان دروستکردووە، ئەو وتی "توندوتیژییەکان بەپێی جوگرافیاو ئاستی تێگەیشتنی کەسەکان لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، ڕەنگە کاتێک ڕووداوێک دەبێت لەناو شارەکاندا ئاستی تێگەیشتن لەهەمان ڕووداو لەدەرەوەی شارەکاندا جیاواز بێت، زۆرجار ئەو کەسەی لەدەرەوەی شارە مەترسی زیاتر لەسەر ژیانییەتی".
وتیشی "یەکێکی دیکە لەتوندوتیژییەکان، کوشتنی ژنانە بەناوی شەرەفەوە، لەکاتێکدا هیچ شەرەفێک یان کڕینەوەی شەرەفێک لەژن کوشتندا نییە، ئەو حاڵەتانەی کە دروستدەبێت ئاستی تێگەیشتنی ئەو خێزانە دەردەخات".
"ئینتەرنێت گەیشتبێتە هەر شوێنێک کێشە دروستدەکات"
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی، ڕاز فریا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئێستا هیچ سنوورێک بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن نییە، لەمنداڵێکی دوو بۆ سێ ساڵەوە دەکرێت مۆبایلی پێبێت، بێ ئەوەی هیچ شارەزاییو زانیاری هەبێت تا دەگاتە بەپیرەمێردو پیرەژنێکی بەساڵاچوو، بۆیە زۆرترین جۆرەکانی توندوتیژیی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئینتەرنێت بگاتە هەر شوێنێک کێشە دروستدەکات".
ڕاز باس لەشێوازی کەیسەکان دەکات، کە زۆرینەیان سەرەتا لەڕێی نامەیەکەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستپێدەکات، دواتر بەناوی هاوڕێییەتیەوە داوای وێنەی لێدەکات، دواتر کەسی بەرامبەر هەڕەشە لەکچەکە دەکات بەبڵاوکردنەوەی وێنەکانی، لەم کاتەدا ئامانجی کەسەکە دەردەکەوێت، کەسەکە داوای پارە یاخود هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیکە دەکات، کە ئێستا ئەم جۆرە لەشێوازی کەیسەکان بووەتە دیاردەو زۆرینەی بەم جۆرەیە، ئەو وتی "کەیسمان هەبووە، کەسی بەرامبەری ئەوەندە شارەزا بووە، بێ ئەوەی کچەکە خۆی بزانێت، ڤیدیۆو وێنەی ناو سناپچاتەکەی بردووە، یاخود ڤیدیۆو وێنەی دەگرێتەوە، لەگەڵ بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی ئاسایش لەپەیوەندیداینو هەوڵدەدەین زۆربەی ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر بکرێن".
وتیشی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئامڕازێک بۆ تاوانەکانی دیکەی وەک ناپاکی هاوسەریو دروستبوونی چەندین کێشەی خێزانی، تاوانی هەڕەشەکردنو ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان هاوسەرەکان".
یاساکان پێویستیان بەهەموارکردنەوەیە
پارێزەرو ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنانە، ئەشواق نەجیب لەبارەی کەیسەکانی توندوتیژی لەدادگاکان، باس لەوە دەکات کە ئێستا جگە لەکێشەی توندوتیژیی لەڕێی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە، ناپاکی هاوسەری، توندوتیژییە دەروونییەکانو هەڕەشەکردن زۆرن، ژنەکانیش زۆربەی کات قوربانینو لەناوزڕاندنیان لەناو خەڵکو کەسایەتییان دەترسن، ئەو بەئاوێنەی وت "٨٠٪ی زیانو دەرئەنجامی توندوتیژییەکانو تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بۆ ژن دەبێت، ژنانیش دەترسن، متمانەیان بەیاساکان نییە، تا بچن سکاڵا تۆماربکەن".
هاوکات لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠١١ یاسای ژمارە ٨ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەرچوو، لە ١٠ ماددە پێکهاتووە، ئەم یاسایە لەپێناو پاراستنی خێزان لەهەڵوەشاندنەوەو پاراستنی تاکەکانی خێزاندایە، بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژیی خێزانی دەرچووە، کە زۆرینەی توندوتیژییە خێزانییەکانیش بەرامبەر ژنان دەکرێت.
هاوکات یاسای ژمارە ٦ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هەیە، کە ساڵی ٢٠٠٨ لەپەرلەمانی کوردستان دەرچووە، بەڵام هێشتا توندوتیژییو تاوانەکان لەڕێی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەردەوامو لەزیادبووندایە، ئەو وتی "یاساکە پێویستی بەهەموارکردنەوە هەیە، سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکین بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان، چونکە لەڕاپرسییەکدا بۆ پێویستی هەموارکردنەوەی یاساکان، بۆمان دەرکەوتووە بەشێکی زۆری ژنان بەهۆی ڕێنماییو زۆری ماوەی کەیسەکانەوە لەدادگاکان نایانەوێت سکاڵا تۆمار بکەن، ئەمەش وادەکات متمانە بەدادگاکانو یاسا لاواز ببێت".
ئەم پارێزەرە مۆبایلو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەدەرگای ماڵێک دەچوێنێت، کە ئەگەر بەتەواوی سەلامەتو پارێزراو نەبێت، ئەوا هەر کەسێک دەتوانێت بچێتە ناو پەڕەی کەسەکەو زانیارەکانی ببات، هەروەها پێیوایە دەبێت لەتەمەنێکی بچووکەوە منداڵەکان لەچۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن هۆشیار بکرێنەوە.
پێویستمان بە گۆڕینی کۆی سیستمی بەڕێوەبردنە
نیگار ڕەشید، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژە بەجۆرێک لەتوندوتیژیی شاراوە دەکات کە توندوتیژیی دەروونییە، کە زۆرجار کەس پەی پێناباتو بەئاسانی درکی پێناکرێت، خەڵکیش ئاگای لێی نییەو زۆر زیادیشی کردووە، هاوکات خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن یەکێکی دیکەیە لەتوندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان.
نیگار کە مامۆستایە لەقوتابخانەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەناوەندە پەروەردەییەکانیش توندوتیژیی هەیە، کە کچەکان هەندێکجار تەنانەت لەسەر جلو بەرگیان، ئەو وتی "خوێندکاری کچ هەبووە لەسەر شێوازی جلوبەرگەکەی کە پانتۆڵەکەی تەنها ١٠ سانتیممەتر کورتتربووە، یاخود چاکەتەکەی تۆزێک کورت بووەو یاخو جلەکەیان بەدڵ نەبووە، نێردراوەتەوە ماڵەوەو سوکایەتی پێکراوە، لەکاتێکدا دەسەڵاتێک نەدراوە بەکەس ئەمە بەرامبەر خوێندکار بکات، ئەمە کارەساتە".
ئەو پێیوایە دەبێت لەلایەن حکومەتو لایەنی جێبەجێکارەوە پاڵپشتی ژنان بکرێت، نەک تەنها بەدروشمو قسەی سەر شاشەکان بێت، ئەو وتی "ئێمە پێویستمان بەشۆڕشێکی فکری هەیە، کە ژنەکان بتوانن ئازاد بنو کاریگەری لەسەر سیستمو بەڕێوەبردنی وڵات دابنێن، چونکە ئەگەر سیستمی وڵاتەکەمان لەخەمی خێزانو ژندا بوایە، کاتێک ژنێک توندوتیژی قبوڵناکاتو جیادەبێتەوە، ماڵو دەرماڵەی بۆ دابیندەکاتو دەیپارێزێت، کارێکی بۆ دەدۆزێتەوە".
جگە لەهێڵی گەرم، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانو خێزان، بوونی یاساکان دژی توندوتیژییو خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لەهەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠٠ ڕێکخراوی تایبەت بەژنان هەیە، بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانیوە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان کەمبکەنەوە، بەپێچەوانەوە تا دێت ئامارەکانی توندتیژی دژی ژنان زیاتردەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی توندوتیژییەکان بەشێکیان تۆمارناکرێن یاخود ژنان بەهۆی ڕێگری ناتوانن بچنو سکاڵا تۆمار بکەن.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.