دوو کاتژمێر لە ڕوونکردنەوەی تاریکییەک لەگەڵ بۆرخیس
  2024-06-18       964       
بۆرخیس

سازدانی: ژۆن پۆڵ ئینتهۆڤن

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئەم گفتوگۆ جوان و سەرنجڕاکێشە، لەنێو چێشتخانەیەک کە دەکەوێتە ناوچەیەکی نزیکی بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، لە شەقامی هونەرە جوانەکان، ساز کراوە. ژۆن پۆڵ ئینتهۆڤن کە گفتوگۆکەی ساز کردووە، پێکەوە لەگەڵ بۆرخیس لەو چێشتخانەیە بۆ ئەو ژەمە برنجیان خواردووە، بەرهەمی ئەو دانیشتنەیش، ئەم وتووێژە بووە کە سەبارەت بە زۆر بابەت و کەسایەتیی وێژەیی و ڕوانگەی خاوەنی چەند ئەندێشەیەک ficciones دواون کە کۆگێڕانەوە گەورەکەی بۆرخیسە و ڕەخنەگران لەبارەیەوە لەسەر ئەوە کۆکن یەکێکە لە گرنگترین داهێنانەکانی خۆرخێ لویس بۆرخیس.

 

ژۆن پۆڵ: پێشتر هیکتۆر لەوە ئاگاداری کردبوومەوە بۆرخیس باوەڕی بە وەژارە هەن، پێش ئەوەی بدوێ، لە ڕێگا پێچاوپێچ و شوێنە هاوبەشەکانەوە خۆی دەدزییەوە، وەک چۆن خەڵک لە چاوی بەد هەڵدێن. هێمای بۆ ئەوە کرد، ئەو خووەی لە فلۆبیرەوە بۆ ماوەتەوە.

بۆرخیس: ئەها فلۆبیر، ئاخۆ ئەوە چاکەی هاوڕێیەکە، دەتەوێ باسی فلۆبیرت بۆ بکەم؟ بۆرخیس؟ بابەتێکی بە ئازارە، چونکە خودی بۆرخیس خۆی، لە بۆرخیسبوون ماندوو بووە.

ژۆن پۆڵ: بۆچی؟

بۆرخیس: چونکە ٧٨ ساڵی ڕەبەقە بۆرخیسە، ئێستا من کوێرم، هاوڕێیەتیی تاریکی لە چارەم نووسراوە. بەو چەشنە، لە بچووکترین دەرفەتدا، هەڵدەگەڕێمەوە و، سەفەر دەکەم، وەک چۆن مارێک کاژە کۆنەکەی خۆی بەجێ دەهێڵێت، بۆرخیس بەجێ دەهێڵم. لەبەر ئەوە بە ئاخاوتن سەبارەت بە خۆم، ناتوانم وەک پێویست لە دەست خۆم هەڵبێم. سەرەڕای ئەوانە، من برسیمە، دەبێت نان بخۆین.

ژۆن پۆڵ: خۆ کەڕ نیت؟

بۆرخیس: بۆ خۆشبەختی، کەڕ نیم، کەڕەکان هەمیشە هیچ و پووچن ... کەسانێکن ڕادەیەک لە گاڵتەجاڕییان تێدایە. بەسەزمانە بیتهۆڤن (ڕووی قسەکانی بۆرخیس لە منە) هیچ کام لە دایک یان باوکی کەڕ بوون؟ ئەها، نەخێر، چونکە ناوی ئەو کەمێک جیاوازە ... هەرچەندە ئەو (تهۆڤن)ـە لە هەموو دۆخەکاندا هاوبەشە، دەبێت بڕێک پەیوەندیی ئاڵۆز دروست بکات، وا نییە؟ تۆیش حەز لە مۆسیقا دەکەیت؟ (بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامی من بکات) بەهەرحاڵ، بە ناهەق، داناییەکی گەورە، شتێک کە دڵی دەداتەوە، شوێن کوێرەکان دەخەن.

ژۆن پۆڵ: ئێوە دەزانن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، برنج نییە؟ خەڵک تەنها پیاز و سیر دەخۆن. ئەوە شتێکی ترسناک نییە؟

بۆرخیس: تاکە شت کە لەم جیهانەدا دڵی من خۆش دەکات ... کاتێک پێشینە ئەنگلۆساکسۆنەکان دەربڕینی Thor یان بەکاردەهێنا و دڵنیا نەبوون ئاخۆ یانی "خواوەندی بروسکە" یان "ئەو دەنگەی کە تیشکەکە دروستی دەکات"، لە نێواندا لەنێو ئەو ئاڵۆزییەدا دەدوان کە شیعر خۆی بۆ سەرلەنوێ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ماندوو دەکات. کارەساتەکە ئەوەیە وشەکان لەبیرچوونەوەن و بووژاندنەوەی یادگە بووەتە چەشنێک لە خۆ بەژیرزانی. لە دیدی مندا ئەوە وەک گەردوون ئاڵۆزە. من خەونەکانی خۆم لەوێ هەڵدەپەسێرم.

ژۆن پۆڵ: خەونەکانیشت وەک کتێبەکانت، پڕن لە پڵنگ و ئاوێنە و، وێڵگە و خەنجەر؟

بۆرخیس: تکایە وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە، هەموو خەڵک پێیان وایە ئەرکی سەر شانیان ئەوەیە پرسیارم لێ بکەن، بە ڕاشکاوی پێت بڵێم، بۆرخیس چیی تر بوێریی وەڵامدانەوەی نەماوە.

ژۆن پۆڵ: باشە، با بۆرخیس بخەینە لاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کەسانێک هەن بۆرخیسیین ... لە کۆتاییدا تایبەتمەندییەکی پابەند بە گریمانکردن خرایە ڕوو، بۆ ناسینەوەی چەشنێک لە مێژوو و چیرۆک و سەرسوڕمان بەکاردەهێنرێت ...

بۆرخیس: بۆرخیسییە؟ ئەو تایبەتمەندییە لەنێو ئیسپانییدا نییە.

ژۆن پۆڵ: بەهەرحاڵ، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە سنوورە جوگرافییەکانی تێپەڕاندووە، لایەنی زۆر پێدەچێ ئەمە واتای ئەوە بگەیەنێت کە تۆ لە ئەوروپا بەناوبانگتریت وەک لە ئەرجەنتین ...

بۆرخیس: بۆ ئەو بڕشت و مافە تایبەتە کە من هەمە، قەرزارباری وەرگێڕەکانی خۆمم کە، بەو چەشنەی ڕوون کرایەوە، لە من بەهرەمەندترن، ئەوە ئەوانن منیان لە ڕووی وێژەییەوە دۆزییەوە. پێم وایە فۆکنەر لە فەڕەنسا، بە هۆی مۆریس ئێدگار کواندۆری وەرگێڕی نایابییەوە، بەختێکی هاوشێوەی هەبوو. سەرباری ئەوە دەڵێم فەڕەنسا هەمیشە بەخشندە و پەرتبیر بووە؛ کارێکی ئاسانە لە وڵاتەکەیدا ببیتە کەسێکی هەڵکەوتوو.

ژۆن پۆڵ: ئێوە دەزانن میشێل فوکۆ کێیە؟

بۆرخیس: پێم وایە فەیلەسووفە، کاتێک زانیم باسی منی کردووە، بە چاکم زانی نەزانم چی لەبارەی منەوە گوتووە، چونکە ژیریی فەیلەسووفەکان و بە تایبەتی فەیلەسووفە فەڕەنسییەکان و، ئەوانی سەرکێشی بە کتێبەکانمەوە دەکەن، دامدەپۆشن و دەمشارنەوە. بیرتیژییەکەی سەرسامم دەکات، بەڵام دەتوانم چی بڵێم، من نووسەرێکی سەر بە فێرگەی کۆنم؛ ئەندێشەم بڕێک مەتەڵی بچووک و سەرسوڕهێنی بونیاد ناون، هەرگیز بە چاکی نازانم بمخزێننە خاکێکەوە کە پێشتر داگیر کراوە.

ژۆن پۆڵ: لە خاکەڕاییەکەتدا شانازییەکی گەورە هەیە ..

بۆرخیس: بەڵێ شانازییکردن بە خۆ دەردەبڕم، بەڵام لەبەر خۆم نا، بەڵکو لەبەر خاتری فەلسەفە. فەلسەفە بابەتێکی باڵایە، پێویستە لە کەرەستەی بەرز و ڕەسەن پێکبهێنرێت، ئەو ئەندێشەی کوێرانەیش کە من هەمن، شایانی فەلسەفە نین. جۆیس پێی وایە کوێریی لە چاو ئەو پووچگەراییەی بەسەرتدا هاتووە هیچ نییە، وا نییە؟ ڕقم لەو قسەیەی خەڵکە، کە بۆ دڵدانەوەم دەڵێن جیهانی ئێستا جوان نییە، هەروەها پێی گوتم: "ئا، بەڵام ئێوە بیرەوەریی و بڕشتی ژیانی پێشووشتان هەیە" .. ئەوانە گەمژەن، نازانن کە شەو هەرگیز شیاوی تاقەتگرتن نییە. شایانی باسە بەم دواییانە تۆمارێکی دۆریرۆم پەیدا کرد. نەمبینیوە بەڵام نیگارەکانیم لەبیر ماوە. حەز دەکەم لە نزیکم بێت خرابێتە نێو چوارچێوەیەکەوە. هەروەها لێرە تۆمارێکی بیرانیسیم لایە زۆرم بە دڵە.

ژۆن پۆڵ: لەنێو هۆنراوەکانی ئەم دواییانەتدا، ئەندێشەی ئەو گوڵە دەکەن کە میلتۆن بینی ... دەمانەوێت بزانین دوایین کتێب کە بۆرخیس خوێندوویەتییەوە چییە؟

بۆرخیس: کتێبێکەی لیۆن بلوی: دەرۆزەکەرە بێباوەڕەکە، هەرچەندە کارەکەی پڕە لە شتی خراپ و نالەباری زۆر، بەڵام لیۆن بلوی کاتۆلیکییەکی چاک بوو، لێ چێژی بەرانبەر بە کابالا (ڕاڤەیەکە لای جووەکان) ئەرتۆدۆکسی نەبوو بەو چەشنەی ئێمە پێمان وایە.

ژۆن پۆڵ: لەو کاتەدا سارتەریش نیمچە کوێر بوو و، وەک ئێوە هاوڕێیەکی کۆنی فلۆبیر بوو ... ئەو دوو هۆکارە بەسن بۆ ئەوەی ئێوە هەست بکەن لە ئەو نزیکن، وا نییە؟

بۆرخیس: هەرگیز وەک پێویست نەمخوێندووەتەوە ...

ژۆن پۆڵ: کوێریی لە ڕوانگەی ئەودا، یانی دەستهەڵگرتن لە نووسین. بەهەرحاڵ، دەستهەڵگرتن لەو شتەی کە بە "شێواز ..." ناوزەند دەکرێت.

بۆرخیس: پێدەچێ، چونکە شێوازەکەی، بە هەمان شێوەی بوونگەراکانی دیکە، شێوازێکی "بینراوە"، هەڵبەتە ئەوەیش دۆخی من نییە. سارتەر کتێبی قەبارە گەورە دەنووسێت، بەو چەشنە لایەنی زۆر پێویستی بە سەرلەنوێ خوێندنەوە و سڕینەوەی ئەوە بووە کە لەسەر کاغەز نووسیوویەتی ... بەڵام سەبارەت بە چیرۆکەکانی من، من دەتوانم هەر دەربڕینێک لەنێو بێدەنگییەکی زەینییدا بدرەوشێنمەوە. کاتێک دەیخەمە سەر کاغەز، پێشتر تەواو بووە.

ژۆن پۆڵ: بەبێ فلۆبیر و بلوی، هیچ ئەوینێکتان نییە بۆ وێژەی فەڕەنسی؟

بۆرخیس: نەخێر، ئەوە دڵنیا نییە. وێژەی فەڕەنسی یەکێک لە هاوڕێکانی من بووە، لەبیرت نەچێ من لە ژنێف بە فەڕەنسی خوێندم.

ژۆن پۆڵ: ئەی سەبارەت بە نێرڤال و بۆدلێر و ڕامبۆ چی؟

بۆرخیس: بۆدلێر چێژێکی خراپی هەیە. هۆنراوەکانی پڕن لە کەلاک و چەمک و واتای نەخۆش یاخود گەند، جادووگەرانێک لاکەیان دێت لەبرسا، خوێنمژان ... وێڕای ئەوە، دێڕە شیعرییەکانی تێرن لەو دەربڕینانەی کە تەنها بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی کێش بەکاریاندەهێنێ، لە نموونەی "eslabon" و "corazon"، تۆ ئەوەت لا جوانە؟ لێرەدا چەپەڵییەکی ترم بیر دەکەوێتەوە:

"ئەو ژاوەژاوە خۆرخییە لە چاکەکانی نەخۆشخانەم، بۆ جفارنیی شاعیری کەمخوێنی بەجێ هێشت"، بۆدلێر کەسێکە شتێکی لەو چەشنە دەنووسێت.

ژۆن پۆڵ: ئەی سەبارەت بە مالارمێ چی؟

بۆرخیس: مالارمێ شەیدای نوێخوازیی بوو، سەرچاوەی ئەوەیش بۆ فیزێکی مەزن دەگەڕێتەوە، لەو سۆنگەیەوە کە ئاخاوتن شتێکی چارەنووسسازی هەیە، نوێخوازەکان لە چاکترین دۆخدا دەبنە هێما و نیشانەی مۆزەخانەیەک، بیرۆکەی مالارمێیزمی دەقێکی تایبەت یاخود کەسی کە باوەڕدارانی دەبزوێنێت یان ماندوو دەکات، بە هەمان شێوەیە. بیهێنە پێش چاوی خۆت کەسێکی ئۆکرانی یاخود فارسی بە هۆی پەخشان یاخود دێڕە شیعرەکانی مالارمێوە فێری فارسی ببێت، ڕەنگە لەدوای ساڵانێکی زۆر لە فێربوون، ئەو باوەڕەی لا دروست ببێت کە دیدرۆ و ڤۆڵتێر بە زمانێکی ناڕوون گوزارشتیان دەکرد ...

ژۆن پۆڵ: کەواتە، لە ئاست ئەو نووقوومبوونەدا، پێویستە بە هانای کێوە بچین؟

بۆرخیس: بێگومان ڤیکتۆر هیگۆ. شاعیرێکی جەماوەرییی گەورە بوو، فەڕەنسا بە هەڵەدا نەچوو کاتێک وەک نەتەوە تێکڕا بەشداریی بەڕێکردنی تەرمەکەیان کرد. من لە کاتێکدا کە وا دەڵێم، هەر فێرلین بە شاعیری دڵخوازم دەمێنێتەوە، کەمترین نەنگی لە چێژیدا نییە ... هەروەها تۆلیم بە لاوە زۆر ناسکە، شاعیرێکە بێئینسافانە لەبیر کراوە. پاشان ڤۆڵتێر و دیدرۆ و ئینجا دالامپێر، ئینسایکلۆپێدیا، گۆرانیی ڕۆلان هەن ... لە سەروو هەموو ئەوانەیشەوە، فلۆبیر یەکەم کەس بوو دەیزانی پێشتر پیشەی نووسەر قەشایەتی و شەهیدبوون بوو ...

ژۆن پۆڵ: ئەی پڕۆست؟

بۆرخیس: بەداخەوە لەنێو کاتی لەدەستچوو- دا، تەنها یەک کەسایەتیی بەهێز هەیە، بارون دی شارلووە. هەرچی سەبارەت بە ئەوانی تر هەیە، ئارەزوو ناکەین بیانناسین ... سەرباری ئەوە، دەربڕینەکانی- بەو چەشنەی تۆماس دی کینسی سەبارەت بە گەشتیارە ئەڵمانەکە دەڵێت- "چەند جانتایەکی گەورەن، هەموو ئەو شتانەیان تێ دەکات کە بۆ گەشتکردنی بە جیهاندا پێویستی پێیانە". دواجار شتێکی پووچی بڕێک گرنگ، گەمارۆی کۆی کارەکەی دەدات، ئەو شتەیش ئەوەیە کە وێژەی پڕۆست وێژەیەکە لەسەر بنەمای هەڵبەستن دادەمەزرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێمە قەرزاری لاپەڕە جوانەکانین سەبارەت بەو یادگەیەی کە تاکە خەوشی ئەوەیە بێرگسۆن پێش ئەو نووسیبووی. پێویست نییە بگوترێت دەبێت ئەو نهێنییانە لە نێوان خۆمان دەرنەچێت ...

ژۆن پۆڵ: ئەی سەبارەت بە هاوسەردەمانی چی؟

بۆرخیس: هەرگیز ئەوە ناخوێنمەوە کە ئەوان دەینووسن. لە ڕووبەڕووبوونەوەیان دەترسم.

ژۆن پۆڵ: بەڵام لە ئەمەریکای لاتین، ژمارەیەک نووسەری هەڵکەوتوو هەن ...

بۆرخیس: زۆربەی کات وام پێ دەڵێن ...

ژۆن پۆڵ: بەهەرحاڵ، گارسیا مارکیز، ئۆکتاڤیۆ پاز، ئیلیخۆ کارپنتیێر، کارلۆس فۆینتس، لای تۆ چی دەگەیەنن؟

بۆرخیس: دەزانی؟ چل ساڵە ڕۆژنامەیەکم نەخوێندووەتەوە ...

ژۆن پۆڵ: ئەی سەبارەت بە نیرۆدا چی؟

بۆرخیس: بەڵێ دەیناسم و جاروبار لەگەڵی دەدوێم. ئەویش وەک من پێی وا بوو ئیسپانی زمانێکە شیاوی چاکسازیی کردن نییە، تەنانەت ئەستەمە بتوانین بە هۆیەوە شتێکی گرنگ بکەین، منیش وەڵامم دایەوە ئەو هۆکارە وای لێ کردین هیچ شتێکمان نەکرد ... ڕەنگە دەبوو ئینگلیزی تاقی بکەینەوە. لە قافدا گرتم ... بەڵێ، با هەوڵی ئەوە بدەین.

وەڵامی دامەوە، لێ ئەو دەزانێ و ئێوەیش دەزانن ئەو شتەی بنەڕەتی و گرنگە، شکسپیر نووسی. لە بۆنە و باسێکی تردا، جارێکیان نیرۆدا داوای لێکردم سەردانی بکەم، ئەو کات باڵیۆز و کۆمۆنیست بوو، منیش نەمویست ڕۆژنامەنووسان لەبارەمەوە بڵێن منی بۆرخیس سەردانی کۆمۆنیستێکم کردووە.

ژۆن پۆڵ: بۆچی؟

بۆرخیس: چونکە من کەسێکی ڕاستڕەوم، لایەنی کەم لەبارەمەوە وا دەڵێن، لەبەر ئەوەی وایش دەڵێن، هیچ ڕێگایەکی تر نییە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ ...

ژۆن پۆڵ: بەڵام هیچ شتێک ڕێگر نەبوو لەوەی سەردانی ژەنەڕاڵ پینۆشێ (٣) بکەیت کە فاشیستێکی گەورەیە ...

بۆرخیس: لە دیدی مندا فاشیست نەبوو ...

ژۆن پۆڵ: تەنانەت ئێوە بۆ خۆتان خەڵاتێکی وێژەییشتان لێ وەرگرت ...

بۆرخیس: بەڵێ وا بوو. بەڵام زۆر کەس بە فاشیستی نازانن. نانی ئێوارەم لەگەڵ خوارد. پێکەوە سەبارەت بە باس و خواسی جیاواز قسەمان کرد ...

ژۆن پۆڵ: دەزانن لە چیللی لە سەردەمی پینۆشێ خەڵک ئەشکەنجە دەدران و کتێبان دەسووتێنران؟ مریۆریۆ لەنێو وتارێکی نوێیدا باسی ئەوە دەکات دۆن کیخۆتە سووتێنراوە.

بۆرخیس: بۆچوونی من بەم چەشنەیە: ئەوە هەرگیز ڕێی تێ ناچێت.

ژۆن پۆڵ: ئەی ئێستا ئەو توندوتیژیی و وەحشیگەرییە پۆلیسییەی ڕژێمەکەی ئەرجەنتین بێزارتان ناکات؟

بۆرخیس: من هەمیشە دژەپیرۆنی (١) بووم، لەبەر ئەوەی پیرۆن هەمیشە خوێڕییەک بووە تێکڕای وڵاتی لە یەکتر کردووە. بەش بە حاڵی خۆم، پیرۆنییەکی ژیرم نەدیوە ... لەپاش دوورخستنەوەی و ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات، جارێکی تر گەڕایەوە دەسەڵات، بەو هۆیەوە بەدبەختیی زۆرم چەشت؛ وەک گەڕانەوەی سووکایەتی و نەزانی بوو. بۆ خۆشبەختی ئیڤیتا-ی ژنی نەماوە، پەکوو ژنێکی سامناک بوو! بەسەرهاتێکی خۆش و بەناوبانگ لەبارەیەوە هەیە؛ دەگێڕنەوە ڕۆژێک پیرۆنییەکان ویستیان بە ناولێنانی شارەکە بە ناوی ئیڤا پیرۆنەوە (٢)، ڕێز لە شاری لاپلاتا بنێن. هەندێک لە کۆنەپارێزەکان کە زۆر وابەستەی ناوی شارەکەیانن، ویستیان نە شیش بسووتێت نە کەباب، ئەم چارەسەرەیان پێشنیاز کرد: گوتیان بۆ لەمەودوا شاری لاپلاتا ناو دەنرێت لاپلوتا lapluta، ئەو وشەیەیش لە هەردوو وشەی لاپلاتا laplata و لاپوتا laputa (واتە: قەحبە) داڕێژراوە، لاپلاتا یانی "پارە" و پوتا یانی ئەوەی کە گوتمان ... بەڵام لە نێوان پارە و قەحبەدا، ئەو هاوکێشە کۆنە هەیە کە بەسەر چووە و کەس نییە نەیزانێ. بۆ ڕێزلێنان لە ئیڤا پیرۆن، لەشفرۆشی و کەمەندکێشیی پارە لەنێو ئەو گەمەیەی وشەکاندا یەک دەگرن، کە من بە ڕوونی پشت بە ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارێتیی پیرۆنی نابەستم. هەرچی سەبارەت بە ئیسپیلیتا- ی ژنی دووەمی پیرۆن هەیە، لە ئەفسانەی ئەفسانەیەکی مردوو زیاتر نەبوو.

ژۆن پۆڵ: بەڵام پیرۆن نەماوە. ئێستا ژەنەراڵ ڤیدێلا (٤) لە شوێنێتی، کە ڕۆژانە بەرهەڵستکارەکانی ڕەوانەی زیندان دەکات، کاتێک ڕەوانەی لەسێدارەدانیان ناکات ...

بۆرخیس: دە دەی تو خوا، ئەوە لە پڕوپاگەندەیەک زیاتر نییە ... ئەگەر ئەوە ڕاست بووایە کە دەگوترێت، من دەمزانی. بە تایبەتی چونکە من ماڵەکەم لە نزیک بنکەی سەربازییی بۆینس ئایرسە ...

ئێستا هەر وەک جاران و لەنێو هەمان باڵەخانە لە بۆینس ئایرس دەژیم ... هەموو کون و کەلەبەرێک شارەزام، کە ناوماڵ و چوارچێوەی وێنەکان و شتەکان هەن. هەندێک هاوڕێ هاموشۆم دەکەن، دەزانن پێم خۆش نییە بە تەنها نان بخۆم، لەبەر ئەوە ئەو شارە، ئەو باڵەخانەیە بەشێکە، لە چارەنووسی من. هەرگیز لێرە ناڕۆم.

ژۆن پۆڵ: هێشتا گوێ لە تانگۆ دەگریت؟

بۆرخیس: تانگۆ سەمایەکی دێرینی کۆڕی لەشفرۆشانە. ژنە ئەرجەنتینییەکان کاتێک دەستیان بەو سەمایە کرد کە زانییان لە پاریسیش ئەو سەمایە دەکرێت. من بەش بە حاڵی خۆم هەمیشە میلۆنگا-م (سەمایەکی میللییە) پێ باش و لا پەسەند بووە، لە تانگۆیش پێشکەوتووترە و ڕێتمێکی چالاکتریشی هەیە. هەمیشە دەخرۆشێم کاتێک گوێم لەو مۆسیقایە دەبێت، تانگۆ، کە کەودەنییەکی گێڕانەوەییە، پێش جەنگەکە هێشتا لەسەر شۆستەکانی بۆینس ئایرس لە گۆشەی یانەکان نیشتبوو، مۆسیقایەکی سیخناخە لە پیاوانێک سەما دەکەن، مۆسیقای پیاوانی چەقۆسازە، ئەو پیاوە خاوەن تاک پیشانەی ئەو پیشەیە لایان تاکە پیشەی بەهادارە.

ژۆن پۆڵ: بۆرخیسی ئازیز، ماندوو و بێتاقەت دەتبینم، دەتەوێ گفتوگۆکەمان کۆتایی پێ بهێنین؟

بۆرخیس: لەڕاستییدا، بەڵێ، بیرۆکەیەکی چاکە. وێڕای ئەوە، من تەنها لە ڕێگای دەنگتەوە دەتوانم ڕووخسارت ببینم، ئەوەیش بێزارم دەکات. بەڵام لەگەڵ ژناندا، کارەکە ئاسانە، چونکە هەمیشە دەنگیان ئاوێتەی ڕووخساریانە، جاروبار تەنانەت دەتوانم دەرک بە جوانییەکەیشیان بکەم. ڕەنگە تاکە تایبەتمەندیی کوێریی ئەوە بێت ڕووخساری هاوڕێکانم بۆ دەپارێزێت، لە تێپەڕبوونی کات دەیانپارێزێ، چونکە ئەو ژنانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ناسیوومن و تا ئێستا توشیان دەبم، پیر نەبوون.

ژۆن پۆڵ: دەتانەوێت شتێکی تر بڵێن؟

بۆرخیس: بەڵێ، با بڵێین بۆرخیس تاکەکەسخوازە و ڕقی لە فاشیزم و کۆمۆنیزم و توندوتیژییی خوێڕییەکانە. با بڵێین بۆرخیس پێی خۆشە سویسری بێت، هاووڵاتییەکی ئەو دەوڵەتە خەیاڵییە بێت کە هیچ کەس نازانێت سەرۆکەکەی ناوی چییە، هەروەها پێمخۆشە بڵێم فیرجیلیۆ شاعیرێکی جوان و جادووگەرە.

 

پەراوێزی ناوەکان:

(١)خوان پیرۆن (١٨٩٥- ١٩٧٤) ژەنەڕاڵ و سیاسەتوانێکی ئەرجەنتینییە، لە نێوان ساڵانی (١٩٤٦- ١٩٥٥) سەرۆککۆمار بووە. لە ماوەی فەرمانڕەواییەکەیدا چاکسازییی کۆمەڵایەتی کراوە و ئازادییە مەدەنییەکان سەرکوت کراون. ساڵی١٩٥٥ لە ڕێگای کودەتایەکی سەربازییەوە لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، بەو هۆیەوە ماوەیەک لە مەدرید نیشتەجێ بووە. ساڵی١٩٧٣ گەڕاوەتەوە بۆ ئەرجەنتین و بۆ جاری دووەم و لە نێوان ساڵانی (١٩٧٣- ١٩٧٤) بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوەتەوە.

(٢) ئیڤا پیرۆن (١٩١٩- ١٩٥٢) ناوی مارییا ئیڤا دوارتی دی پیرۆنە، بە ئیڤا یاخود ئیڤیتا ناوی ڕۆیشتووە، هونەرمەند و سیاسەتوانێکی ئەرجەنتینییە، ساڵی١٩٤٥ شووی بە خوان پیرۆن کردووە.

(٣) ئۆگوستۆ خۆسێ ڕامون پینۆشێ ئوگارتی (١٩١٥- ٢٠٠٦) سیاسەتوان و ژەنەڕاڵێکی سەربازییی چیللییە، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٣- ١٩٩٠) سەرۆککۆماری چیللی بووە، بەرپرسیاری یەکەمە لە کوژرانی سەلفادۆر ئەلەندیی سەرۆکی هەڵبژێردراوی چیللی.

(٤) خۆرخێ ڕافایێل ڤیدێلا (١٩٢٥- ٢٠١٣) یاخود جۆرج بیدێلا، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦- ١٩٨١) فەرمانڕەوای سەربازیی ئەرجەنتین بووە.  

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×