پەرلەمانتارێك: تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠٢٤ ناڕوونە
  2024-06-04       225       


ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چەندین تێبینی لەسەر خشتەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ هەیە، دەشڵێت، هێشتا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤دا ناڕوونە، چونکە لە خشتەی بودجەدا چۆنیەتی وەرگرتنەوەى قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە.

مستەفا كەڕاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بارەی كێشەكانی خشتەی بودجەی ئەمساڵ و پشكی هەرێمی كودستان و قەرزەكانی سەر هەرێم، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

مستەفا كەڕاوی ڕایگەیاند، ناكۆكی زۆر لەسەر خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ هەیە، هێشتا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ناڕوونە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە خشتەكانی بودجەدا چۆنیەتی كۆكردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی، كە هەرێمی كوردستان قەرزارە دیاری نەكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خشتەی بودجەیەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە، سەبارەت بە داهاتى هەرێمی كوردستان بە وردی هیچمان بۆ ڕوون نەبووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ پەرلەمانی عێراق خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی پەسەند كرد و تێیدا پشكی هەرێمی كوردستان لە ١٢.٦٧٪ دیاری كراوە، لە بەرامبەر ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەرێم پابەند بێت بە ڕادەستكردنی سەرجەم داهاتەكانی بە حكومەتی عێراق.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×