نووسینی: گیۆرگ لوکاچ
وەرگێڕانی: سامان عەلی
لێرەدا پێویستمان بەوە نییە ڕۆڵی ئەم بیرمەندە گەورەیە لە پێکهاتنی ماتەریالیزمی مێژووییدا ڕوون بکەینەوە، لەبەر ئەوەی نامیلکەکەی ئێنگڵس، کە وێڕای تایبەتمەندیی بچووکییەکەی، لە هەمەلایەنییەکەیدا گەورەیە، ئەو بەشدارییەی فۆیەرباخ بە شێوازێکی ژیرانە و کورت و پوخت دەخاتە ڕوو. گومانی تێدا نییە هەموو ئەو کەسانەی بە وردی کارەکانی ئەو مامۆستایانەی ئێمەیان خوێندوونەتەوە کە فڕانز میهرینگ لەدوای کۆچی دوایی کردنیان بڵاوی کردوونەتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەکانی مایەر سەبارەت بە ئێنگڵس، چاک دەزانن کاریگەریی فۆیەرباخ لەسەر هزری مارکسی لاو و ئێنگڵسی لاو چەند گرنگ و یەکلاکەرەوە بوو. بەڵام دەسبەجێ ڕستێک خۆگرتنەوە و پارێزکردنی ڕەخنەیی شوێنی ئەو پەرۆشییەی سەرەتا و یەکەمجاری گرتەوە. خودی ئێنگڵس خۆی، لەنێو چەند بڕگەیەک لە کتێبەکەیدا، گوزارشتی لێ کردووە (مارکسیش بە شێوەیەکی زۆر ڕوونتر لەنێو نامەگۆڕینەوەکانیدا گوزارشتی لێ کردووە). ئەو خۆگرتنەوە گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، لێرەدا کورت دەبێتەوە: فۆیەرباخ بە ماتەریالیزمی ڕاستەقینە، واتە ماتەریالیزمی مێژوویی، نەگەیشت، تەنها دیالەکتیکی هیگڵیزمی ئەفرۆز کرد، بەڵام نەیتوانی بە ڕاستی تێیبپەڕێنێت و بەسەریدا زاڵ ببێت، لە کۆ گشتییەکەیدا، هەر پابەندی ڕوانگەی کۆمەڵی بۆرژوازی مایەوە.
کاکڵە و کرۆک و دۆزینەوەی هەرە مەزنی فۆیەرباخ، ئەوە بوو مرۆڤی لە چەقی ئەو وێناکردنە زانستییەیدا جێ کردەوە کە وێنای جیهانی دەکرد، مارکسی لاو، بە جۆش و خرۆش و پەرۆشییەوە، پشتگیریی لەو ڕوانگە فەلسەفییە کرد و، لەو بارەیەوە گوتی: "هەڵوێستی ڕیشەیی، واتە وەرگرتن و ڕەچاوکردنی شتەکان لە ڕیشەوە، بەڵام ڕیشەی مرۆڤ، مرۆڤ خۆیەتی". ئەگەر دەرک بەو خاڵە بکرێت، ئەو کات هەموو ئەو پێکهاتە میتۆلۆژییانەی دەوری هۆشیاریی مرۆڤ دەدەن و ڕێگای ڕووناکیی لێ دەگرن و ڕێگای بە ڕوونی تێگەیشتن لە دۆخی خۆی و بەم پێیە پێشەکییەکانی گۆڕینی ئەو دۆخەی لێ قەدەغە دەکەن، شیانی لەناوچوونیان دەبێت و، بەو شێوەیە دەرک دەکرێن کە بەرهەمی خودی مرۆڤ خۆین. بەو چەشنە، وەک مارکس بە بەڵگەهێنانەوە بە فیکۆ ئاماژەی پێ داوە، مرۆڤ لە توانایدا دەبێت دەرک بەوە بکات کە خۆی مێژووی مرۆڤایەتی بە هەموو شێوەکانی ژیانەکەیەوە دروست کردووە.
کەواتە فۆیەرباخ بە چاکترین واتاکانی وشەی ڕەخنەگر، ڕۆڵی ڕەخنەگری بەرانبەر بە یەکێک لە گرنگترین پێکهاتە ئایدیۆلۆژییەکان کە ئایینە، گێڕا. چونکە بە چەشنێکی دروست ئەو میتۆلۆژیایەی بە درۆ خستەوە کە هیگڵ لەسەر بناغەی چەمکی "ڕۆح" بونیادی نا، بەڵام فۆیەرباخ، بارتەقای ئەوەی نەیتوانی هەڵوێستێکی ڕەخنەیی بەرانبەر بە میتۆدە تایبەتەکەی خۆی وەربگرێت، وەک خۆی بە یۆتۆپی مایەوە، چونکە بە شێوازێکی ناڕەخنەیی و نادیالەکتیکی و میتافیزیکی لە چەمکی "مرۆڤ"ی ڕوانی، وەک ئەو ڕوانینە باوەی کە قەشەیەک لە چەمکی خودا یان ئایین دەڕوانێت، یان بە دەربڕینێکی فەلسەفییانە، فۆیەرباخ گریمانی ئەوەی کرد مرۆڤ، کە خاڵی فەلسەفەکەی پێکدێنێت، بە تەواوی واتای بوون، بە ڕاستی بوونی هەیە، ئەو هەڵەیەیش کە فۆیەرباخ تێی کەوت، ئەوە بوو بە شێوازێکی دیالەکتیکییانە لە چەمکی مرۆڤ خۆی نەکۆڵییەوە و، چاوپۆشی لەوە کرد مرۆڤ شتێکە تەنها لە ماوەی گەشەکردنی مێژووییدا دەردەکەوێت و بەم پێیە- لە ڕوانگەی ڕەخنەیی مێژووییەوە- لە یەک کاتدا بوونی هەیە و بوونیشی نییە. مارکس، لەوەتەی ئەو قۆناغەیەوە کە بە قۆناغی فۆیەرباخیی ناودێر دەکرێت، لە ڕووی دیالەکتیکییەوە فۆیەرباخی بەراوەژوو کرد. مارکس پێی وایە مرۆڤ، لەو ڕووەوە کە ڕیشەی مرۆڤە، ئەو پێوەرەیە کە دەبێت ژیانی مرۆڤی لەنێو کۆمەڵدا پێ بپێورێت، ئەو کات دەردەکەوێت کە مرۆڤ بوونی نییە و، شیانی نییە لە کۆمەڵی ئێستادا بوونی هەبێت. ئەمە هەنگاوێکە فۆیەرباخ هەرگیز نەیتوانی بینێت. چونکە مرۆڤ، بەو شێوەیەی کە وەک پێدراوێک دراوە، لە ڕوانگەی فۆیەرباخدا ڕاستییەکە پێویستی بە شیکاری ڕەخنەیی زیاتر نییە. تەنها بە شیکاریکردنی ئەو پەیوەندیی ڕاستییەیش- کە چاکەی دۆزینەوەکەی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە- بە سروشت و ئایین و هتدەوە بەس دەکات. بەڵام کۆی قەوارەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، لە ئەنجامی ئەو هەڵوێستە ڕەخنەییەوە و- وێڕای ئەو لێدوانە ناکاوانە کە دەیانەوێت پێچەوانەی ئەوە بسەلمێنن- دەگوێزنەوە و دەچنە پاڵ سروشت. چونکە، بەو جۆرەی کتومت لە ئابووریی کلاسیکیدا ڕوو دەدات- بۆ سنوورێکی ڕەهای بوونی مرۆیی دەگۆڕێن. بەو شێوەیە مرۆڤ دەبێت بەو تاکەکەسە گۆشەگیر و ڕووتەی کۆمەڵی بۆرژوازی. هەروەها فۆیەرباخ بە چەشنێکی لۆژیکییانە چاکەی سەرەکیی ئەو مرۆڤە بەوە دەستنیشان دەکات کە خۆشەیستییە، واتە باڵاترین پەیوەندی کە ژمارەیەک تاکەکەسی گۆشەگیر و دابڕاو کە مانەوە لە دۆخی تەریکییان لە چارە نووسراوە، پێکەوە کۆ دەکاتەوە. بەڵام ناتوانێت لەوە تێبگات ئەو خۆشەویستییە لەنێو بوونی کۆمەڵایەتیی ئێستادا چۆن دەتوانێت بێتە دی و سەرچاوەی ئەو ئامراز و هۆیانە چین کە مرۆڤەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو چەشنە ژیانە باڵایە بەکاریان دەهێنن. بەو شێوەیەیش کە ئێنگڵس زۆر بە دروستی سەرنجی داوە، فۆیەرباخ زۆر بە سادەیی گریمان دەکات "بابەت و هۆ و ئامرازەکانی وەڵامدانەوە یان بەپیرەوەچوون بۆ هەموو مرۆڤەکان بەردەستن". لە ئەنجامی ئەوەیشەوە یۆتۆپیایەکی نوێ پەیدا دەبێت، یۆتۆپیایەکی سۆزداریی کە تیایدا دژوازییەکانی بوونی مرۆڤ نامێنن.
تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هێشتا ئەو ئەنجامانەی بیردۆزەکانی فۆیەرباخ بەگوێرەی پێویست لێیان نەکۆڵراوەتەوە. بۆ نموونە وەک ئەنجامی ئەوەی چۆن جەختکردنەوە لەسەر بەرتریی میتۆدیی مرۆڤ لە خودا، لە تاکگەراییە ئاژاوەگێڕەکەی ماکس شتێرنەر و بێباوەڕییەکەی نیتچەوە سەری دەرکرد و، چۆن پێکەوە کۆکردن و پێکەوە سازاندنی نێوان ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ لەگەڵ خودا لە لایەک و ڕۆڵی خۆشەویستی لە لایەکی ترەوە، لە لایەنێکی ترەوە زیندووکردنەوە یان بوژاندنەوەیەکی نوێی بۆ نموونە لای دۆستۆیڤسکی بە خۆوە بینی. ئەو پاڵ و تینەی فۆیەرباخ بە پێکهاتنی هزری شۆڕشگێڕیی بەخشی، ئەوی لە ڕوانگەی زانستی فەڕمیدا کردە جێی شک و گومان، هەر بۆیە کاریگەریی و پرشنگی فۆیەرباخ، بە پشتگوێخراو و نەزانراو مانەوە، ئەگەرچی گرنگترین شتن کە مێژووی کولتووری بۆرژوازی بە خۆیەوەی بینیون (هاوکات، وێڕای ئەو ناوانەی کە پێشتر هێمایان بۆ کرا، با ئاماژە بۆ هەردوو دیاردەی گۆتفرید کیللەر و سۆرین کێرکەگارد و ئەو جیاوازییە زۆرە بکەین کە لە نێوانیاندا هەن)، زانستی بۆرژوازی تەنانەت توانای تێگەیشتن لە گەشەکردنی کولتوورەکەی خۆیشی نەماوە.
بەڵام ئەوە پەیبردنی ئێمەیە بەوەی کە بەردەوامێتیی ڕاستەوخۆی فۆیەرباخ لەو هێڵەدا خانەبەند دەبێت، کە هەڵوێستی ئێستای ئێمە بەرامبەر بە ئەو دەستنیشان دەکات. چونکە فەلسەفەکەی فۆیەرباخ لەوە ناترازێت کە تەنها لە ڕوانگەی ئێمەدا قەوماوێکی مێژووییە. ڕاستە ئەو فەلسەفەیە وەک پاڵنەر و چالاککارێک بۆ مارکس و ئێنگڵس بڕێک بایەخی هەبووە، بەڵام پاش ئەوەی بەشە پێشکەوتنخوازەکەی بە ماتەریالیزمی مێژووییەوە لکێندرا، ئەو واتایەی هەیبوو نەیما. هەروەها ئەم فەلسەفەیە، لە تێکۆشانیدا لەپێناو بەدیهێنانی نموونە باڵاکەی خۆیدا لەو بارەیەوە کە مرۆڤ ببێت بە پێوەری هەموو شتێک، ناتوانێت ببێت بە ڕێپیشاندەری ڕێگامان، لەبەر ئەوەی کتومت بە چەشنێکی یۆتۆپییانە پەلە لە بەدیهێنانی ئەو نموونە باڵایەدا دەکات. هەروەها لەبەر ئەوەی پێشنیازە یۆتۆپییەکەی، "مرۆڤ" دەکاتە مرۆڤێکی ڕووت. مرۆڤی گشتیی کۆمەڵی بۆرژوازی- کە بە جۆرێکی ناڕەخنەیی پەسەند دەکرێت- ئەستەمە پەنا بۆ فۆیەرباخ ببرێت بۆ بەجێهێنانی ئەو گەشەکردنە، واتە بۆ دانانی سنوورێک بۆ "پێش مێژووی مرۆڤایەتی". لە کۆتاییدا فۆیەرباخ وەک تەنها ئەڵقەیەکی ڕووتی نێو گەشەکردنی ماتەریالیزمی مێژوویی دەمێنێتەوە- ئەڵقەیەک کە گومانی تێدا نییە بایەخی خۆی هەیە. هەرچی سەبارەت بە کولتووری بۆرژوازییەتیش هەیە، هێشتا وزەیەکی نادیار و شاراوە و ڕۆحییە، نموونەی ئەو پێشەوا مەزنەیە کە کاریگەرییەکەی کتێب و نووسینەکانی تێدەپەڕێنێ و بڕیاری بەربوونەوە بۆ نێو زەریای بیرچوونەوەیان بەسەردا دەسەپێنێ.
٢٠ی تەمموزی ١٩٢٢