پەڕلەمانتارێکی سەر بە پارتی تەقەدوم بەسەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوی پهرلهمانى عێراق ئاشکرایکردوە، پارتەکەیان نیازی هەیە لەپڕۆسەی سیاسیی عێراق بکشێتەوە.
عەبدولڕەحیم جاسم پەڕلەمانتاری سەر بەپارتی تەقەدوم لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندوە، کشانەوەی پارتی تەقەدوم لەپرۆسەی سیاسیی قەیرانێکی نوێ دروستدەکات کە هیچ لایەنێک حەز بەسەرهەڵدانی ناکات.
هەروەک دەڵێت:"قەیرانی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان دەبێت ڕێگهیەکی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بەوپێیەی گرژکردنی دۆخەکە لەبەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییەو هەمولایەنە سیاسییەکانیش لەسەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسیی نوێ دەترسن".
لای خۆیەوە نیهال شەمەری پەڕلەمانتاری سەر بەپارتی عەزم بەسەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر باسی لەوەکردوە، چارەسەرنەکردنی قەیرانی سەۆکایەتیی پەڕلەمان پەیوەندیی بەنێوماڵی سوننەوە نییە، بەڵکو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان هۆکاری درێژەکێشانی قەیرانەکەن.
بەوتەی شەمەری، بەشێک لەلایەنە سیاسییە شیعییەکان دەیانەوێت قەیرانەکە بەوشێوەیەی ئیستا درێژە بکێشێت، ئەوەش بەئامانجی ئەوەی موحسین مەندەلاوی تا کۆتایی ئەم خولەی ئێستا لەپۆستەکەیدا بەردەوام بێت.