جێنین پلاسخارت لەگەڵ نزیكبونەوەی لە كۆتایی ئەركەكەی لە عێراق پەیامێكی ماڵئاوایی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت، هەندێك لەو رەخنانەی لەبارەی نەتەوە یەكگرتوەكان هەبوە، "رەوا" بون بەڵام هەندێكیان تەنیا لەسەر بنەمای "تێڕوانینی هەڵە" بون.
ئاوێنە: پلاسخارت لە پەیامی ماڵئاواییەكەیدا وتویەتی"لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەمو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتوە و لەگەڵیاندا کارم کردوە، دەرببڕم."
وتوشیەتی"لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا، من زۆر سەرسام بوم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربوم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژوی خۆیان ڕون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە ڕوبەڕوی ئاڵنگاریی سەرخت بونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ ڕۆژانی داهاتو دەدرەوشایەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەمو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبوە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم."
وتوشیەتی"هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتوەکان دوربوە لە ڕەخنەکان - هەندێکیان ڕەوا بون، هەندێکیان تەنیا لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بوە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چی دەگەیەنێت تێگەیشتون، زۆر دڵخۆشی کردوین."
جەختیشی كردۆتەوە كە "وەك زۆر جار وتومە نەتەوە یەکگرتوەکان عەسای سیحراوی لانییە."
وتوشیەتی"نەتەوە یەکگرتوەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە."
دەقی پەیامەكە:
پەیامی ماڵئاوایی لە جێنین هێنیس-پلاسخارتەوە
لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەمو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتوە و لەگەڵیاندا کارم کردوە، دەرببڕم.
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا، من زۆر سەرسام بوم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربوم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژوی خۆیان ڕون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە ڕوبەڕوی ئاڵنگاریی سەرخت بونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ ڕۆژانی داهاتو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردوین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەمو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبوە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم.
هەروەها بەڕاستی کۆبونەوە و گفتوگۆیە پیشەگەرانەکان بەرزدەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبوە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمان و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و ڕێنمایی کارەکانمانیان کردوە. لە هەندێك لەو کۆبونەوانەدا تاکەکان جیاوازی ڕۆژانەیان وەلاوەدەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەمو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتوە و بێگومان هەرچەند سوپاسگوازی دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە ڕێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردوە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانیان پاراستوە.
هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتوەکان دوربوە لە ڕەخنەکان - هەندێکیان ڕەوا بون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بوە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چی دەگەیەنێت تێگەیشتون، زۆر دڵخۆشی کردوین. وەك زۆر جار وتومە نەتەوە یەکگرتوەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتوەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە.
دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە.
هەر بژی عیراق