سودانی: پەلەبكرێت لە تەواوكردنی تۆماركردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێم بۆ تەوتینكردنی موچەكانیان
  2024-05-27       391       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردو جەختی لەسەر پێویستی پەلەكردن لە تەواوكردنی تۆماركردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی کرد کە تایبەت بو بە بەدواداچون بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کردەوە کە لە 21ی شوباتی 2024 دەرچوەو تیایدا حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی پابەند کردوە بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها سودانی لەمبارەیەوە بەدواداچونی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکان کرد لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و بانکە حکومییەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پێویستی پەلەكردن لە تەواوکردنی تۆمارکردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق كردەوە لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر خۆبەدورگرتن لە دواخستنی موچەکانیان. 

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی ئاماژەشی بەوەشدا کە حکومەتی فیدراڵی گرنگی دەدات بە فەرمانبەرانی عێراق لە هەرکوێیەک بن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەگوێرەی ئەوەی کە یاساو دەستور پەسەندی کردوە.

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×