دوای ئەوەی سەرۆکی پێشوی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی وەکو ئەندامی یەدەگی دادگای فیدڕاڵی عێراق سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پهرلهمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا هیچ نوێنەرێکی حزبەکەی لە دادگای فیدراڵی بونی نییە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پهرلهمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدڕاڵی عێراق هیچ نوێنەرێکی پارتی تێدا نییە".
جەختکردنەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە نەبونی نوێنەری حزبەکەی لە دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو دادگایە دو ئەندامی کوردی تێدابو، کە یەکێکیان بە نزیک لە یەکێتی و ئەویتریان نزیک لە پارتی دادەندرا.
12ی ئازای ئەمساڵ عەبدولرەحمان سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی دادگای فیدڕاڵی عێراق کە دەوترێت لە پارتییەوە نزیکە، دەستی لە ئەندامێتی ئەو دادگایە کێشایەوە و هۆکارەکەی بۆ "دژایەتیکردنی سیستەمی فیدراڵی" لەلایەن دادگاکەوە گێڕایەوە.
عەبدولرەحمان سلێمان ئەوکات ڕایگەیاند، "لە دادگای فیدڕاڵی دو ئەندامی کوردن هەن و لە بڕیارەکانی دادگادا هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی".
دوای تێپەڕبونی زیاتر لە دو مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرە، لە ڕۆژی 25ی پێنجی 2024، دادوەر جەزا جاسم سەرۆکی پێشوی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی، وەکو ئەندامی یەدەگی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبەردەم سەرۆک کۆماردا سوێندی یاسایی خوارد.
دادگای فیدراڵی عێراق لە سەرۆک و جێگرو حەوت دادوەر پێکهاتوە، هەروەها چوار دادوەریش ئەندامی یەدەگی دادگاکەن، لە ئێستادا ئەندامێکی سەرەکی و ئەندامێکی یەدەگی دادگاکە کوردن.
جێگیرکردنی ئەندامێکی نوێی کورد بۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق لەکاتێکدایە، لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمیتەی ناوەندی پارتی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داوادەکات بۆ چارهسهری كێشهكان "پهنا بهرینهبهر دهستور و ڕێككهوتنهكان".
پارتی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕێوشوێنی پەیوەندییەکانی ڕێکخستوە و بەگوێرەی ماددە و بڕگەکانی، شێوازی بەڕێوەچونی ئیدارە و مامەڵەی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردوە، هەروەک دەسەڵاتەکانیش دیاریکراون".