د. شوکریە ڕەسووڵ
کتێبی (شوێن پێیەکانم لە جەماهیرییەی لمدا)، 446 لاپەڕەی قەبارە گەورە، چاپی دووەم، بیرەوەریی نووسەر و شاعیر فازیل شەوڕۆیە لە لیبیا. فازیل شەوڕۆ هەگبەیەکی پڕ زانیاری لەیاداشتی شوێنپێیەکانم لەجەماهیرییەی لمدا 1994-2005 - پێشکەش کردووین.
فازیل شەوڕۆ ناوێکی دیاری ناو شاری کۆیە و ناو ئەدیبانی کوردە، لەوەتی دەیبینم ودەیناسم خەریکی دانان و شیعر و کاری هونەرییە، خاوەنی 20 کتێبە، لە زۆربەی کۆڕ و ڤیستیڤاڵەکاندا حزووری هەیە و زۆرجار بە بابەتێکی ئەکادیمی بەشداری کردووە و گەلێ خەڵات کراوە و ماندووبوون نازانی لە چەند گۆڤارێک، وەک سەرنووسەر، یاخود بەڕێوەبەر کاری کردووە.
ماوەیەکە بیرەوەرییەکەی سەرنجی ڕاکێشاوم، بەیانیان زوو، لە خۆشیی کتێبەکەی شوێنپێییەکانم... دەستدەکەم بە خوێندنەوەی، ئەوەی دەست بەخوێندنەوە بکات، مێشکی هەر لای ئەم کتێبەیە و ناتوانێ دەستبەرداری بێت، کە بە زمانێکی پاراو و ڕەوان و ساکار و جوان نووسیویەتی و سەرنجی خوێنەر رادەکێشێ. نووسەر، حیکایەتبێژی هەموو شتزانە، ئاگاداری وردودرشتی ڕووداوەکانە، تا تەواوی نەکەیت، نازانی کۆتاییەکەی چییە. ئەمە مەتەڵێکە ماوەی دەوێ تا لێی تێبگەی، شانۆگەرییەکە هەموو خەڵکی لیبیا بە ژن و پیاو و شار و دێهات و بیابان و قوتابخانە و ماڵەکان بەشدارن. دابونەریتیی دانیشتوان تا سەرکرد (ئاڵۆزەکە)کە بە دیکتاتۆری دەمامکدار ناودەبات، چۆن توانی 42 ساڵ درێژە بەحکوومەتەکەی بدات. نووسەر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکات و زانیارییەکانی بەدەستکەوتووە، توانیوویەتی بنج وبنەماڵەی قەزافی بە دەست بێنێ، هەموو بیرەوەریی ئەو یازدە ساڵەی بە زانیاریی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتووری لە کەش و هەوای لیبیای لم وخۆڵاوی بیابان و ڕەشماڵەکان و خانووی بێ دەرگا و خۆشی و ناخۆشی ئەو وڵاتەمان پێبناسێنێ... بەدرێژی باسی هۆزی قەزافی و کوڕەکانی و مامی و جلە میللیەکانی قەزافی و سیاسەتی ئەمەریکا و بەریتانیا و سەرکردە عەرەبەکان تا ڕاپەرین و بەهاری عەرەبی کردوە....
سەرباری ئەمانە، باسی هاوسۆزی قەزافی بۆ کورد کردوە، کە ڕەچەڵەکی کورد نییە، بەڵام کوردی خۆشویستووە و هەمیشە باسی مەزلومیەتی کوردی کردووە. لەوە تێگەیشتووە کورد نەتەوەی خاوەن ناسنامەیە، لە زمان، خاک، مێژوو و بوونیان و ناچارکراون بەرگری لە خۆیان بکەن، خاکیان داگیر کراوە، بە ئاشکرا ئەوەی خستۆتە ڕوو کە کێشەی کورد بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی چارەسەر دەکرێت. کورد حەقی دەوڵەتی خۆی هەیە.... بە بۆنەی گرتنی عەبدوڵا ئۆجەلان، وتارێکی توند و هەرەشەئامێزیدا.... ڕێگەی دابوو ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای ppk هەڵکرێ. بەتایبەت لە تەرابلس، لە وتەیەکی وتی: دەبێ ڕۆژێک بێ ئاڵای کوردستان بێتە ئاڵای سەربەخۆی دەوڵەتی کوردی. بۆیە پێویستە کورد ئەم کتێبەی کاک فازڵ بخوێننەوە و بزانن بەدرێژایی حوکمی، چۆن یارمەتیی کوردی داوە و پاڵپشتی کردوون.
لە کۆنگرەی سرت، بە بەرچاوی سەرکردە (عەرەب وجیهان) کان، گوتی: "کوردەکان مافی خۆیانە لە عێراق جیا ببنەوە، ئەوان عەرەب نین و من بۆ خۆم پشتیوانیی جیابوونەوەی کوردان لە عێراق دەکەم...." نووسەر باسی 237 خێزانی کوردی هەمەوەند دەکات کە لەسەردەمی عوسمانییەکان ئاوارە بوون و نەوەکانیان ماون و لە بەنغازی دەژین و گەڕەکێکیان بە ناوی حی الاکراد هەیە، تەنانەت گۆرانیبێژێکیان، وەک کازم ساهیر بەناوبانگە، ناوی سمیر الکردی یە.
بەڵێ لەم بیرەوەرییەدا، گەلێ شت فێربووم و زانیم. وەک، ناسینی 117 ناو و زاراوەی حوشتر کە پەنجا ساڵ دەژی. ناسینی نانی پشکۆ.... ژیانی کوڕەکانی قەزافی و بە هەدەربردنی سامان. ژیانی شامێبازەکان... نەبوونی مەلها و شوێنی ڕابواردن.
پێگە و مەقامی بەرزی ژنی لیبی، مەسەلەی زۆر کەمی تەلاق.... ژنە پاسەوانەکانی قەزافی لە هۆزەکەی بوون . ڕۆشنبیریی و بە ئاگایی قەزافی، مەسەلەی ئەمازۆنەکان، دابونەریتی ژن و ژنخوازی لیبی... . بیرەوەرییەکانی سەرکردە عەرەبەکان و ئەوروپی و ئەمەریکی دەربارەی قەزافی. هۆکاریی کوشتنی، خستنە ڕووی بەرهەمەکانی قەزافی ئەمانە و زۆر شتی تریش.. .
خەلەوخەرمانی 11ساڵەی کاک فازیل شەوڕۆ ئەم بەرهەمە لە دایک بوو، جگەری سووتا و کوڕێکی خاکی لیبیای بوو بەنسیب و گۆرغەریب بوو. نەیتوانی شیعر بنووسێ، تەنانەت خوێندنی باڵاش تەواو کات ... ڕەنگە نهێنیەکە دوعای ئەو کیژە بێت تاک لایەنە خۆشیویست وعاشقی بوو، دوعای گیرا، بەڵام کورد و ئێمە قازاجمان کرد، ئەم بیرەوەرییە جوانەمان خوێندەوە و دەستخوشیی و تەمەندرێژی و ەردەوامی لە نووسیندا بۆ کاک فازیل دەخوازم ...
د. شەکراو، هەولێر، کات ..یەک و نیو ی شەو.