ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، خشتەكانی بودجەی 2024، دامەزراندنی نوێ و هەروەها دەستكاریكردنی سیستمی موچەی فەرمانبەران لەخۆناگرن.
ئاوێنە: مستەفا كەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو خشتانەی بودجەی 2024 كە لەلایەن حكومەتەوە نێردراون، دەستكاریكردنی سیستمی پلەبەندی موچە لەخۆناگرن و وتوشیەتی، دەستكاریكردنی سیستمی پلەبەندی موچە پێویستە لەلایەن حكومەتەوە وەك یاسایەكی جیا لە بودجە ئامادەبكرێت و پەرلەمان دەسەڵاتی زیادكردنی موچەی فەرمانبەرانی نییە.
كەرعاوی جەختیشی كردۆتەوە كە خشتەكانی بودجەی 2024، بەهیچ شێوەیەك دامەزراندنی نوێیان تێدا نییە. وتوشیەتی، لەسایەی بەرزبونەوەی خەرجییەكان لەپاڵ بەرزبونەوەی كورتهێنانی داراییدا، حكومەت پەنای بردۆتە بەر كاراكردنی كەرتی تایبەت بۆ خولقاندنی دەرفەتی كار.