نوسینی: سەربەست کەرکوکی
لینین و بۆچوونە بناغەییەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت
لە پاش ئەوەی پرنسیپی ئازادی مافی چارەی خۆنووسین بوو بە چەمکێکی فیکری سیاسی نێونەتەوەیی و، هەروەها لە پێش ئەوەی بیرۆکەی سیستەمی فیدرالیزم بە تەواوی بکەوێتە ناو سەرەتاکانی ئەدەبیاتی سیاسیەوە. دوو راستی مێژوویی هەبوون، کە لە پێشترا چ وەک دۆکیومێنت و چ وەکو دیفاکتۆی ئیدارەو دەسەڵات لە ولاتانی رۆژئاوادا هەبوون؛ یەکێکیان هەبوونی دەوڵەتی فیدرالیەتی سویسرا بوو (دەوڵەتی فیدرالی سویسرا لە ١٨٤٨دروستکرا)؛ کە پێکهاتبوو/ یا پێکهاتووە لە سێ نیمچە دەوڵەتی ناوخۆیی و لەگەڵ بە فەرمی ناساندنی پێنج زمان لەبۆ خەڵک وزمانە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، کە ژمارەی خەڵکانی نەتەوەیەکیان تەنیا ١% ژمارەی گشتی سویسرایە !. دووەمیان؛ بڕیاری کۆنگرەی نێونەتەوەیی (ئەنتەرناسیۆنالی) لەندەنی سالی ١٨٩٦ ــە، کە سەبارەت بە مافی هەموو نەتەوەکان بوو بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین. کە سەرەڕای ئەوەی مافێکە لەسەرووی مافی فیدرالیەت و کۆنفدرالیەتە، جۆرێکیشە لە دوا قۆناخەکانی مافە رەواکانی نەتەوە ژێردەستەکان.
بێگومان لەم مەسەلەیەدا ڤلادیمیەر لێنیەن / لینینی مەزن (١٨٧٠- ١٩٢٤)؛ یەکێ بوو لەو پێشڕەوانەی بە سووربوونێکی پڕ بڕواوە پشتیوانی دەکرد لە بڕیاری ناوبراو، وە دژ بەو کەسە مارکسیانەی دەوەستا کە مافی جیابوونەوەی میللەتانیان بە کردەو بە هاندانی چینی بورژوازی دەزانی. لێنین دەیگووت: ( مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین لە دیدی مارکسیەتەوە، دەبێ بە هیچ شێوەیەک گران و سەخت نەبێت. وە لە راستیدا هیچ خاڵێکی جدی لە ئارادا نییە کە ببێتە هۆکارێ بۆ دژایەتیکردنی بڕیاری کۆنگرەی ئەنترناسیۆنالیی لەندەنی ١٨٩٦و دژایەتیکردنی مافی چارەی خۆنووسین؛ جودابوون بە واتایەکی تر. وە نابێت ببیتە هۆکارێ بۆ لە قەڵەمدانی ئەوەی گوایە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی، هاوسێبەری ئارەزوو و ویستی کودەتا بۆرژواز- دیموکراتەکانە – لاپەرە ١١٠ی: لنین: مسائل السیاسـة القومیـة و الاممیـة البرولیتاریــة). لێنین پێی وابوو کە کێشەی نەتەوە ژێردەستەکان، کە لە سەرجەمی دنیای وڵاتانی سەرمایەداردا تا ئەو وەختە نەتوانرابوو چارەسەرییەکی دروستیان بۆ دەستنیشان بکرێت، تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی پراکتیزەکردنی سیستەمێکی دیموکراتیکی راستەقینەی بەردەوام، شیاوی جێبەجێکردنە. بۆیە لەم مەسەلەیەدا، جەنگی فیکری و ئایدیۆلۆژی لێنین، زیاتر لەگەڵ خودی مارکسییە نێوە تێگەیشتووەکاندا بوو. ئەو بێ پێچوپەنا پێی وابوو (لکاندنی نەتەوەیەک و خەڵکەکەی، بە چوارچێوەی نەتەوەیەکی گەورەترەوە، پێشێلکردنی ئازادی ئەو نەتەوەیەیە لە بڕیاردان لەسەر مافی چارەی خۆی و لە دەستنیشانکردنی سنووری دەولەتێک کە بە پێچەوانەی ویستی ئەو نەتەوە لکێندراوەیە...). بۆیە راشکاوانە بە هاوڕێکانی خۆی دەگووت ( ئەگەر دژی لکاندن بن، واتای ئەوەیە کە ئێوە لەگەڵ مافی چارەسەی خۆنووسینن و دژ بەوەن کە نەتەوەتەکی تر بە زۆرو زۆردارەکی لە چوارچێوەی سنووری نەتەوەیەکدا بن کە بە پێی ویستی خۆیان نییە ...). لەوەش زیاتر لە شیکردنەوەی مەرجە مێژووی و ئابورییەکانی هەر بزوتنەوەیەکی نەتەوەییدا، دەیگووت دەبێ بگەینە ئەو ئاکامەی کە؛ (واتای ئازادی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان، مافی جیابوونەوەیە؛ جیابوونەوە لە سنووری نەتەوەی جیاواز، واتا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەتەوەییە.).هەرلەمەشەوە بە کەسانی وەکو رۆزا لۆکسمبۆرگ (١٨٧١- ١٩١٩) کە پێی وابوو هاوڕێیانی( لە تاییدکردنی مافی جیاخوازییدا، تاییدی بۆچوونی نەتەوەپەرستی و بورجوازییەکانی نەتەوە چەوساوەکان دەکەن) و بە کەسی وەکو نیکۆلا بۆخارین (١٨٨٨-١٩٣٨) کە بە ئاشکرا دەیگووت (من نامەوێت دانبنێم بە مافی سەربەخۆیی هیچ لایەنێک، بە مافی چینە زەحمەتکێشەکان نەبێت)، لێنین بەوانەی دەگووت:(هەر بۆچوونێکی نەتەوەیی بورجوازیەتی نەتەوە چەوساوەکان، ناوەڕۆک و واتای گشتیی دیموکراتیانەی تییدایە دژ بە چەوساندنەوە. هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە بە تەواوی تاییدی ئەو جۆرە ویست و بۆچوونە دەکەین-لاپەڕە ٣٢ ی کتێبی لینین: حق الامم في تقریر مصیرها ..). هەروەها بە هاوڕێیانی گومان لە هزری تری خۆی دەگووت: (ئەو کەسەی داننانێت بە یەکسانی نەتەوەکان و زمانەکان. ئەو کەسەی خەبات ناکات بۆ مسۆگەرکردنی ئەو یەکسانیانە. ئەو کەسەی تێناکۆشێت دژ بە هەر چەوساندنەوەیەکی نەتەوەیی و هەر نا یەکسانییەکی نێوان نەتەوەکان، ئەو کەسە مارکسیی نییەو ناتوانێت دیموکراتخوازیش بێت- لاپەرە ٢١- لینین: مسائل السیاسـة القومیـة و الاممیـة البرولتیاریة). لێنین و هەتتا کەسانی وەکو کارل کاوتیسکی(١٨٥٤-١٩٣٨) لەو بڕوایەدابوون ئەو دەوڵەتانەی ئیدعای ئەوە دەکەن کە دەوڵەتی نەتەوەکانن، هەمیشە پێکهاتەی ناوخۆییان دەبیتە هۆکارێ لەبۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە نەشازو نەزۆرک دەربچن وکەم نەشونما بن (لاپەرە ٨ ی کتێبی لینین: حق الامم في تقریر مصیرها) لێنین دلێرانە، بەبێ هیچ پێچو پەناییەک بانگهێشتی ئەو راستییەی دەکرد کە ( مارکسییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن ئەو هۆکارە ئابوورییە پشتگوێ بخەن کە دەبنە داینەمۆی دروستکردنی ویست و ئارەزووی بەرپاکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. وە رستەی ئازادی نەتەوەکان بۆ چارەی خۆنووسین، لە بیرو پرۆگرامی ئابووریانەی مارکسییەکان، ناتوانێت هەڵگری زیاتر لە یەک واتا بێت، ئەویش واتای بە ئازادی بڕیاردانی چارەی خۆنووسینە).
ئەمانە بە گشتی بەشیکی ورشەداری بۆچوونەکانی لێنینی مەزن بوون سەبارەت بە مافی نەتەوەکان و هەڵوێستی دروستی مرۆڤی مارکسی سەبارەت بە مەسەلە نەتەوایەتێکانی دنیا. بۆیە لە مێژووی کوردایەتی خۆشماندا، کەسانێکی سیاسەتوانی خۆ بە مارکسی زانی وەک مامجەلال تاڵەبانی (١٩٣٣-٢٠١٧) لە بەرەنگاریبوونەوەی عەقڵە وشک و خاوەکانی سیاسەتوانە عەرەبزەدەکاندا، لە لاپەڕە ١٩٧ی کتێبی (آغد و دیموقراطي و حرمان شعب حتی من حق الحلم ؟) بە مارکسیە عەرەبەکانی عیراق و جیهانی عەرەبی دەڵێت:( داواکردنی ئازادی جیابوونەوەی بێ سنوورو بەبێ مەرج، پابەندبوونێکی پێوویست و ئیجبارییە). وە بە چەند لاپەرەیەک لە پاش ئەوە، مامجەلال زیاتربۆچوونێکی دروستی لێنین دەکاتە نموونەودەلێت ( ئەگەر بێت و مافی جیابوونەوە نەکەینە دروشم و نەیکەینە بابەتێک لە بابەتە سەرەکییەکانی هاندانی جەماوەر، بەبێ گۆمان لەمەدا هەر خزمەتی ویستەکانی بورجوازییەکان ناکەین و بەس، بەڵکو لەوەش زیاتر خزمەتی چڵێسی فۆدالەکان وستەمکارییەکانی نەتەوە دەسەڵاتدارە زاڵمەکان دەکەین).
هەر لە سەرەتاکانی دامەزراندنی سیستەمی فیدرالیەتی سۆشیالیزمی، لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا، بناغەی بیرو بۆچوونەکانی لێنین سەبارەت بەم بابەتە، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەتەوەکان بوو. هەڵبەتە لە چوارچێوەیەک کە هاوکاری و هەماهەنگی ئابووری و سیاسی لە نێو ئەو نەتەوەکانەدا مسۆگەر بکرێن، چ لەبۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوانەو چ لە پێناوی سەقامگیریی ئاشتەوایی گشتی لە سەرتاپای کۆمارەکانی سەر بە سۆڤیەت بە تایبەتی و دەوڵاتانی تری جیهان بە گشتی. بۆیە لەو چەند ساڵەی دوا قۆناخەکانی ژیانیدا، بە رێگەی ئۆرگانەکانی حیزبی کۆمەنیستی سەراسەری، هاوڕێیانی نەتەوەکانی تری بۆ سەربەخۆیی فیعلی هاندەدا. ئەوەتا لە نامەیەکیدا کە بۆ هاوڕێیانی کۆمەنیستی ئازەربایجان و جورجیاو ئەرمینیا و داغستان و کۆمارە بچووکەکانی پشت قەوقازی رەوانەکردبوو، بەم شێوەیە هانیان دەدات و ئاراستەی فیکرییان پیشان دەدات و دەڵێت: (ئێوە نابێت دوپلیکەیتی پلانەکانی ئێمە بکەن. بەڵکو دەبێت بە بۆچوونی ئازادانەوە لەو بابەت و بارودۆخ و ئاکامانەی تایبەت بە خۆتانن بیر بکەنەوە. نابێت دەقەکان هەروەکو خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو دەبێت لە واتاو لە رووحیان تێبگەن و لە وانەکانی سالانی ١٩١٧- ١٩٢١ سوود وەربگرن). لێنین بۆیە پێشەنگی ئەو بۆچوونە بوو، چونکە چاک لەم راستیانە تێگەیشتبوو، وە نەیدەویست هەڵەکانی رووسیای قەیسەری وەکو دەوڵەتێکی داگیرکەری ئیمپریالیستی دووبارە بکاتەوە:
١ - ئەو دەیزانی لەسەرتاسەری کۆمارەکان و ناوچەکانی دەوڵەتی سۆڤیەتدا، نەتەوەکانی تری غەیرە رووسی بەلایەنی کەمەوە ٥٧% گشتی ژمارەی دانیشتوانن، بۆیە بە هیچ کلۆچێ رەوا نابێت ئەم غەدری کەمینەیە بەسەر نەتەوەکانی ترا، لەوە زیاتر بەردەوامی هەبێت.
٢- ئەو بێ گومان بوو لەوەی، بە بەراورد لەگەڵ چەوساندنەوەی نەتەوە ژێردەستەکانی وڵاتانی تر، چەوساندنەوەی نەتەوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تزاری رووسی، زۆر دژوارو بێ رەحمانەتر بووە.
٣- ئەو لەو راستییە تێگەیشتبوو کە، نەتەوە دوورە دەستەکان، ئەو نەتەوانەی لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی سۆڤیەتیدا دەژیان، زۆر بە ئاشکراو بە روونی بەوە دەحەسیان کە نەتەوە هاوشێوەکانی خۆیان لە دەرەوەی سنووری سۆڤیەتدا، ئازادانەتر دەژین، بۆ نموونە نەتەوە فنلەندییەکان، ئۆکرانیەکان، رۆمانییەکان و ....هتد.
٤- ئەو هایداری ئەوە بوو، کە نەشونمای سەرمایەداری ئابووری و ئاستی گشتیی رۆشبیریی خەڵکانی ناو سنوورە دورە دەستەکانی خەڵکانی نا رووسی، زۆر پێشکەوتووترن لەوەی کە خەڵکانی رووسی ناوەڕاستی وڵات تییدا دەژین. بۆ نموونە ئاستی رووناکبیریی سویدی و نەرویجی و پۆلۆنییەکان.
٥- ئەو بێ ئاگا نەبوو لەوەی لە سەرجەمی وڵاتانی ئاسیادا، بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە هاوسنووری دەوڵەتی سۆڤیەتن، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی بۆرجوازی و بزوتنەوە ئازادیخوازییەکانی نەتەوەکان بەرەو هەڵکشان و پەرەسەندنن، هەڵبەتە زۆربەی ئەو نەتەوە راپەڕیوانەش هاوخوێنی و هاونەتەوەییان هەیە لەگەڵ خەڵکان و نەتەوەکانی ناوەوەی سنووری سۆڤیەت. (لاپەڕە ٢٥ کتێبی حرکە شعوب الشرق التحرریـة الوطنیـة).
پێکهاتەی سۆڤیەتی فیدرالی:
بناغەی ئیدارەو دەسەڵاتی کۆمەنیستی لە رووسیای پاش شۆڕشی ئوکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ و شەڕی ناوخۆی ولاتەکە لە ساڵانی ١٩١٨ ەوە تا ١٩٢٢، دامەزراندنی (کۆماری یەکێتی سۆشیالیستی سۆڤیەت) ی و دامودەزگا ئیدارەی و سیاسی و دەوڵەتییەکانی بوو. لەو سیستەمەدا، کە رۆژی ٣٠/١٢/١٩٢٢ ئیعلانکرا، لێنین بەبێ گوێدانە گەورەیی و بچووکی خاک, زۆری و کەمی نفوس و دەسەڵات و، خاوەندێتی پێگەی یەکسانی Equal Status چەندین خانەی سنورداری نەتەوەیی وەکو سیستەمی فیدرالیزمیی سۆسیالیستی و بە ناوی یەکێتی سۆڤیەتی سۆسیالیستی، یەکەم بڕیاری مێژینەی لەبیرنەچووی لەو وڵاتانە بڵاوکردەوە کە پێکهاتبوو لە ( رووسیای سۆسیالیستی، بیلەرووسیا، ئۆکرانیا و فیدرالیەتی ترانس قەوقازییا – ئەرمینیا، جۆرجیا و ئازەربایجان).
هەڵبەتە، پاشان لە کاتی فراوانبوونی گشتی وڵاتەکە، فیدرالیەتی سۆڤیەتی پێکهاتبوو لە :-
پانزدە کۆماری نەتەوەیی: دانیشتووانی هەر یەکێ لەو کۆمارانەش پێکهاتبوو لە خەڵتەی کۆمەڵێ نەتەوەی جیاواز.
گەورەترینی ئەو کۆمارانەش؛ کۆماری یەکێتی سۆسیالیستیی سۆڤیەتی رووسیا بوو کە فراوانی خاکەکەی زیاتر لە ١٧ ملیۆن کیلۆمەتری دووجا بوو، واتا بە رێژەی ٧٦% ی گشتیی خاکی یەکێتی سۆڤیەت بوو. وە بچووکترین کۆماریش؛ کۆماری یەکێتی سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئەستۆنیا بوو کە رووبەری خاکەکەی نزیکەی ٤٥ هەزار کیلۆمەتری دووجا بوو، خەڵکەکەشی کەمتر لە ١،٥ ملیۆن کەس بوو.
هەندێ کۆماری ئۆتۆنۆمی هەمە نەتەوەی تر لەناو چوارچێوەی هەر یەکێ لەو ١٥ کۆمارەی سەروو.
ئیدارەی دەسەڵاتی سیاسی هەمەجۆری تر لەناو چوارچێوەی هەرێمە سەربەخۆکان: وەک دەسەلاتی ئیدارەی هەرێمیی ( کە بە رووسی پێی دەگوترا کرای)، دەسەڵاتی ئیدارەی پارێزگایی ( ئۆبلاست)، دەسەڵاتی ئیدارەی شاریی ( گۆرۆد)، دەسەڵاتی ئیدارەی قەزایی (رایۆن).
واتا بە گشتیی کۆمارو دەسەڵاتەکان لەژێر ئەم ناوانەی خوارەوە بوون:
کۆمارە نەتەوەییەکان،
کۆمارە ئۆتۆنۆمییەکان،
پارێزگا ئۆتۆنۆمییەکان و
ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان ( کە بە گشتی پییان دەگوترا ئۆکروک).
وە هەموو ئەو کۆمارو ناوچە ئۆتۆنۆمیانە، دوو جۆری جیاوازبوون؛
کۆماری ئەو نەتەوە گەورانەی کە دەستووری خۆیان هەبوو، وە بەپێی بڕگەکانی دەستووری سۆڤیەتیش مافی ڤیتۆ و جیابوونەوەیان هەبوو.
ئەو کۆمارو ناوچە ئۆتۆنۆمیانەی نەتەوە بچووکەکان، کە سەر بە کۆماری نەتەوەی لە خۆیان گەورەتر بوون، ئەمانە مافی بڕیاردانی سەرەکیی بە دەست خۆیان نەبوو، بۆ نموونە کۆماری ناوچەی نەغچەوان کە لە نێوان خاکی ئەرمینیاو ئازربایجان بوو.
شایانی باسە، بۆ هەردوو جۆرەکە، بڕگەیەکی هەرە گرنگی دەستووری یەکێتی فیدرالی سۆڤیەت، بڕگەی ژمارە ٨١ بوو، کە دەلێت لە کاتی هەڕەشەی سەر هەر یەکێ لەو کۆمارانە، لەشکرو هێزە چەکدارەکانی یەكێتییە بە گشتی بەرپرسی بەرگریکردنە دژ بەو هەرەشەیە.
هەڵبەتە هەر یەکێ لەو کۆمارانەی سەرەوە پێکهاتبوون لە زیاتر لە یەک نەتەوە. دەسەڵاتەکانیش بە گوێرەی دەستوور، لە سەرەوە تا خوارەوە بە ناوی سیستەمی ئۆتۆنۆمییەوە شۆڕدەبووەوە . هەر بە پێی بڕگەی ژمارە ٨٥ی دەستووری سۆڤیەتی، کۆمارەکانی خاڵی یەکەم و دووەمی سەرەوە، راستەخۆ پەیوەست بوون بە دەسەڵات و بە بڕیارە ئیداری و سیاسییەکانی دەستووری باڵای یەکێتی سۆڤیەت کە پایتەختەکەی مۆسکۆ بوو. هەرچی یەکە ئیدارییەکانی ترە، واتا هەرێم، پارێزگا، شار و قەزاکان، بەپێی بڕگەی ٨٧ی دەستووری سۆڤیەت، کارەکانیان پەیوەست بوو بە خۆدی ئەو کۆمارانەی تێیدا بوون. بۆ نموونە (رایۆنی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور) پەیوەندی یەکڕاستی لەگەڵ باکۆی پایتەختی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئازەربایجانەوە هەبوو، نەک لە گەڵ مۆسکۆ. بۆ روونکردنەوەی زیاتر ئەو شێوازی فیدرالیەتی سۆسیالیستییە، ئەم کورتە شیکردنەوەی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی رووسیا دەکەینە نموونەو دەڵێن: بە پێی بڕگەی ژمارە ٧٠ و ٧١ ی دەستووری سۆڤیەتی، ئەو کۆمارە پێکهاتبوو لە ( ١٦ کۆماری ئۆتۆنۆمی + ٥ پارێزگای ئۆتۆنۆمی + ١٠ هەرێمی ئۆتۆنۆمی + ٣١ی یەکەی ئیداری سەربەخۆیی شار و قەزاکان). ئەم دابەشکردنەش بە پێی جیاوازی نەتەوەکان دەستنیشان کرابوون، وە بە یەکەم هەنگاوی چەسپاندنی سیستەمی فیدرالیزمی سۆسیالیستی سۆڤیەت دەژمێردراو تا رادەیەکی زۆریش دەسەڵاتی ئەم کۆماری فیدڕالە لە سەرووی هەموو ١٤ کۆمارەکانی ترەوە بوو. شایانی باسە کە کۆماری جۆرجیای سۆسیالیستی سۆڤیەتی، پێکهاتبوو لە دوو کۆماری ئۆتۆنۆمی و یەک پارێزگای ئۆتۆنۆمی. کۆماری سۆسیالیستی ئەرزبایجانی سۆڤیەتی، یەک کۆماری ئۆتۆنۆمی و یەک قەزای ئۆتۆنۆمی هەبوو. کۆماری ئۆزبەگی سۆسیالیستی سۆڤیەتی، یەک کۆماری ئۆتۆنۆمی هەبوو، کۆماری تاجیکی سۆسیالیستی سۆڤیەتی جگە لە خۆی، یەک پارێزگای ئۆتۆنۆمی هەبوو. وە هەموو ئەو کۆمارو یەکە ئیدارییانە، بە رێگەی حیزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە، نوێنەری خۆیان لە ئەنجومەن و لە پەرلەمانی دۆمای سۆڤیەتیدا هەبوو.
هەر هەموو کۆمارەکانی فیدرالیەتەکە یەک شێوە ئاڵایان هەبوو؛ ئالای یەکێتی سۆڤیەت( ئالای سووری داس و چەکوش). وەکو مەسەلەی زمانی فەرمیش، لە هەر هەموو وڵاتەکەدا رووسی زمانی یەکەم بوو، لە کۆمارە نەتەوەییەکانیشا، زمانی دووەم زمانی ئەو نەتەوە سەردەستەیە بووەو هەروەها لە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکانیشا، زمانی ئەو نەتەوە بچووکانە سێیەم زمانی رەسمی بوون. وە بۆ پاراستنی توراسی ئەو نەتەوانە؛ مەبەست ئەو توراس و کەلتوورانەیە کە لەگەڵ بیری کۆمەنیستیدا دەگونجان، لە هەموو ئەو کۆمارانەدا ئەنستیتۆتی پاراستنی کەلتووریی هەبوون و چالاکییان بەرچاوبوو. وە بوارێکی ئازادانە هەبوو لەبۆ بەرەودان بەو ئەدەبیات و هونەرانەی کە بە ریالیزمی سۆسیالیستی Socialist Realism دەناسران. وە لە چوارچێوەی بیرو بۆچوونی سۆڤیەتی هەر هەموو زمانەکان لە میدیای رۆژنامەگەری و رادیۆییدا بواریان هەبوو. لەوەش زیاتر دراوی سۆڤیەتی، واتا رۆبل لە هەر یەکێ لەو کۆمارە سەرکیانە، بە زمانی گەورە نەتەوەی ئەو کۆمارە سکە دەکرا.
بۆچی سیستەمی یەکێتی سۆڤیەت هاتە ئاراوە؟
دامەزرێنەرانی بەڵشەویەکی سیستەمی سۆڤیەتی، هەرچەندە جۆرە لە یەکنەچوونێک هەبوو لە بیروباوڕو بۆچوونیان، هەروەها جیاوازێیەک هەبوو لەو مەبەست و ئامانجانەی کاریان بۆ دەکرد؛ بەڵام هەر هەموویان جۆرە پاڵپێوەنەرێکی فیکری و ئایدیۆلۆژی هاندەریان بوو بۆ خەباتی شێللگیرانەیان لەبۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکەیان و چەسپاندنی سیستەمی فیدرالیزمی سۆسیالیستی:
دەیانوویست لەبری مۆدێلی ئیدارەی کۆلۆنیالیستی کۆن، سیستەمێکی نوێ بە رەزامەندی هەموو نەتەوەکان بە تایبەتی نەتەوە ژێردەستەکان بکەن بە واقیع حاڵی دەسەڵاتی نوێ و سیاسەتی تازەباوی ئیدارەی دەوڵەتی. چونکە هەتتا ئەو حەلە هەر هەموو دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵەکان و فیدرالیەتە سەپێنراوەکان، بێجگە لە فیدالیەتی سویسرا نەبێت، سیستەمی زاڵی لەشکری نەتەوەی سەردەستەکان بوو بەسەر نەتەوە ژێر دەستەکانا.
سەرانی کۆمەنیستی سۆڤیەت، بە تایبەتی لێنینی مەزن، پێیان وابوو کە فیدرالیەتی راستەقینەی نەتەوەکان، بە هیچ شێوەیەک نابێ و ناشێت لەسەر بناغەی گۆمانکردنی نەتەوەیی و هەستی دژایەتی نەتەوەکان بنیات بنرێن.
وە لە راستییدا، ئەوان بێچگە لە هەوڵی سەرخستنی سیستەمێکی رێک و یەکسانیی نەتەوەکان، دوا مەبەستییان توانەوەی ئارەزوومەندانەی نەتەوەکان بوو لەناو یەکتردا.
بۆ ئەوەی لە دوا هەنگاودا، دەوڵەتی سۆڤیەتی (ئینترناسیۆنالیستی) یەکگرتوو لە ئاستی سەرووتری دەوڵەتی نەتەوەیی دروست بکەن و بگەن بە ئاستێک کە هەست و شعوری نەتەوەبوون خوارتر بێت لە هەست و لە بۆچوون و لە ویستی جیهانیبوون.
هەڵبەتە سەبارەت بە دوا ویست و بۆچوونی لێنین و هاوڕێیانی، زۆرێک لە فەیلەسۆفە لیبرالەکان و لە سیاسەتوانانی دنیای سەدەی رابردوو، ئەم جۆرە ویست و بیرکردنەوەیەیان، بە تێگەیشتنێکی ئایدیاڵی و خەیاڵی ناوزەدەکرد، ئەوان موكوڕبوون کە کاری کردەنی نییە کە زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەکان، هەتتا ئەوانەش کە سەرجەمی مێژووییان، مێژووی خەباتی دژ بە ئیمپراتۆڕە تەقلیدییەکانی ئیمپریالست بووبێت، ئەوە دوا مەبەست و ئامانجیان بێت.
بە پێی خوێندنەوەی خۆم و بە ئەندازەی تێگەیشتنم لە شۆڕشی ئوکتۆبەری ١٩١٧ و سەرەتاکانی دامەزراندنی سیستەمی فیدرالیەتی سۆسیالیستی و رۆڵی فیکری و خەباتی رۆژانەی لێنین لە پرۆسەکانی سالانی پێشووی ئەو دەوڵەتە نوێیە، پێم وایە زۆر رۆچوون لە رەخنەگرتن لە نیازپاکی ئەو بەرپرسانەی سەرەتاکانی دەوڵەتی بۆڵشەڤی، لێدوانێکی رەخنەگرانەی دوور لە واقیعی بارودۆخی ئەو ساڵانەی سەرەتاکانی سەدەی پێشووترە. بەڵام هەقیقەتێکی بەرەواژەیەش ئەوەیە کە لە پاش کۆچی دوایی لێنین، زۆربەی سەرانی دەوڵەتی سۆڤیەت، هەوڵی ئەوەیان دەدا کە بە ناوێکی ترەوە، هەمان دەسەڵاتەکانی دەوڵەتانی داگیرکار بە زۆر بسەپێننە سەر وڵاتی رووسیای فرەنەتەوەیی. هەروەها مەبەستیان بوو کۆمەڵێ کەڵچەری جۆراوجۆری لەیەکنەچووی نەتەوەیی و ئایینی دەیان و بگرە سەدان نەتەوەی جیاواز، بتوێننەوەو بیگوازنەوە لەبۆ یەک بۆچوون و یەک ئایدیا یاخود یەک ناسنامەی بە ناو مارکسی- لێنیزم. هەر لەبەر ئەمەش بوو، ئەوان، سەرانی حیزبی کۆمەنیستی رووسی – سۆڤیەتی، سووربوون لەسەر پێدانی مافی ئازادی بەکارهێنانی زمانەکانی نەتەوەکانی تریش، تەنیا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو ئامرازی زمانەوە، ئایدیای (ئۆمەمیەتی) خۆیان بگوازنەوە بۆ هەر تاکێکی سەرتاسەری نەتەوەکانی تری وڵاتی گەورەی یەکێتی سۆڤیەت. وە باشترین بەڵگەی سەلمێنەری ئەم راستییە، ئەوەیە کە لە سەرتاسەری تەمەنی یەکێتی سۆڤیەتدا، هەرلادەرێکی فیکرییەکی ئەو رەوتە یا ئەو بۆچوون و ئایدیایە، لە خانەی خیانەت تۆمارکراوەو ئیتر کەسەکەی یا سوڕگووم کراوە یا زیندانی و یاخود بە نایاسایی ولاتەکەی جێهێشتووەو بووەتە پەنابەری وڵاتانی تر. بۆیە لەلای هەندێ لە لێکۆڵەرەوەی رۆژئاوایی، هەتتا ئەو نیاز پاکییەی سالانی سەرەتای دامەزراندن و هەڵکشانی کۆمارە یەکگرتووەکەش، بە هەوڵێکی سیستماتیکی زانراوە، بە مەبەستی سفرکردنی هزرو بیرکردنەوەی نەتەوەیی و ئاینی و مێژوویی خەڵکە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە. وە دەبینین هەر لەو سەرەتایانەشەوە، خەڵکەکە بە جۆرێک لە جۆرەکانی بەرەنگاربوونەوە، دژی ئەو هەوڵانە بوون ولە هەندێ کاتیشا ئەو دژە کردارەیان گەیشتووەتە مقاوەمەی چەکدارانەی پلان و کردەکانی بۆڵشەڤیەکان، بۆ نموونە:
شەڕی ناوخۆیی رووسیا لە سالانی ١٩١٨ ەوە تا ١٩٢٠،
شەڕی پارتیزانی ئۆکرانییەکان لە ساڵی ١٩١٨ ەوە تا ١٩٢٠،
شەڕی پارتیزانی رۆژئاوای ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٤٤ و ١٩٥٢،
بەرەنگارییەکانی کۆمارەکانی ناوەڕاستی ئاسیا لە ساڵانی ١٩١٨ەوە تا ١٩٣٣،
شەڕی کۆمارەکانی بەڵتیق لە ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٥٢.
هەروەها سەرهەڵدان یا سەرەبزێوی کەمخایەنی هەندێ شوێنی تری دوورەدەستەکانی ولاتی سۆڤیەتدا.
بێگومان لە هەر هەموو ئەو بزوتنەوانە، ئەو سەرهەڵدانانە و ئەو یاخیبوونانەدا، دەسەڵاتی لەشکری یەکێتی سۆڤیەت، بێ بەزەییانە توانای سەرکوتکردن و لەناوبردنیانی هەبووە. وە تا پێیان کرابێت هەوڵیان داوە، کەڵێنەکانی ناو دەوڵەتی سۆڤییەت نەهێڵن و کۆنتڕۆڵی سیستەمەکە بەهێزتر بکەن. بۆ ئەمەش دەستیانداوەتە فراوانترکردنی پڕوپاگەندەی (خەباتی چینایەتی) کە ئەمەش چ بە مەبەست بووبیت یاخود بێ مەبەست، لەلایەکەوە کاریگەریی دانابوو لەسەر دروستکردنی هەوارگەی هەستی دەستەجەمعی خەڵکە جیاوازەکان و لەلایەکی تریشەوە ببوو بە هۆکاری داکشانی کەفوکۆڵی هۆگریی نەتەوەیی لەناو نەتەوەکانی غەیرە رووس لە سەجەمی کۆمارەکانی دەوڵەتی سۆڤییەتی. وە هەر لە پەراوێزی ئەوەشدا، هەوڵ دەدرا لەبۆ پەرتەوازەکردنی نەتەوە بچووکەکان و لەناوبردنیان، وەکو ئەوەی لە کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئازربایجاندا بەرامبەر بە نەتەوەی کوردو خاکەکەی کرا.
بناغە فیکرییەکانی یەکێتی سۆڤیەت و فیدرالیزمی سۆسیالیستی
هەرچەندە لە دێڕەکانی سەرووتریشا، ئاماژەیەکمان بەو بناغە هزرییە داوە، بەڵام با هەندی راشکاوانەتر قسە بکەین و بڵێن: بە پێی بوچوونەکانی فەلسەفەی سیاسی مارکسیەت، کە پاشان راڤەکارو فراوانکاری ئایدیۆلۆژییەکە ڤلادیمێیر لێنین بوو. وە هەر بۆچوونە سیاسییەکانی ئەویش بوو، بوونە بناغە و بنەچە ئینسانییەکانی دامەزراندنی ئەو سیستەمە. هەڵبەتە لای کەس شاراوە نییە کە مەبەستی دوور مەودای مارکس- لێنینزم، دەنەدانی ناسنامە و هەست و شعوری ئینترناسیۆنالیستی بوو، لە بری هەوڵدان لەبۆ هەڵکشانی هەستی نەتەوەیی. وە بە پێی ئایدیۆلۆژیەتی مارکسی ئەوەی دەیتوانی خەبات لەبۆ ئەو هەست و هزرو مەبەستە بکات، هەموو چینەکانیی نەتەوەکان نەبوون، بەڵکو تەنیا چینێکی تازەباو بوو بە ناوی چینی کرێکاری پرۆلیتار. وە ئەسڵی مەبەستەکە ئەوەبوو کە بۆ پرۆلیتارەکان جیهانێکی یەکگرتوو دەشێ ببێتە وڵات و نیشتیمانیان، نەک وڵاتێک یا نەتەوەییەکی تایبەتی دەستنیشانکراو. ئەم بیرۆکەیەش هەر وەکو ئەمەی ئێستای ئیسلامی سیاسی وابوو، کە دەیانەوێت تاکەکانی ئیسلام دابماڵن لە چەمک و هەست و شعوری نەتەوەیی و بیانبەستنەوە بە چەمک و جیهادی گروپێک کە (ئۆمەی ئیسلامی)یان بۆ داناوە.
لێنین و هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لەگەڵ هێڵی سیاسی و فیکری ئەوا هاوڕاو تەبابوون، لە ناو حیزبی کۆمەنیستی رووسیدا بە (بۆڵشەفیک) واتا زۆرینە ناسرابوون. وەک فۆرمێکی نوێی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی فرە نەتەوەیی، هەر لە سەرەتای شۆڕشەکەیانەوە بەرەو رووی کۆمەڵێ کێشەی چۆنیەتی بەڕێوەبردن، فۆرمالیتەی بەیەکەوە گرێدان، چۆنیەتی پرۆسەکردنی فیدرالیزمە سۆسیالیستییەکەیان بوونەوە. بۆ نموونە کێشەی چارەنووسی کۆمەڵێ نەتەوەی جیاواز، لەناو خۆدی سنووری رووسیاشدا. ئەمانە دەبوو راستەوخۆ سەربەخۆیی خۆیان وەدەست بخستایە. بەڵام جۆری تێگەیشتنی چەمکی ئینترناسیۆنالیستی رێگەی بە زۆرێک لە ئەندامانی پارتی کۆمەنیستی رووسی، بە تایبەتی (مەنشەفیک)ـەکان نەدەدا، وا بە ئاسانی دەست بەرداری ئەو ویستە بن و نەتەوەکانی تر رەها بکەن.
هەڵبەتە بە پێی بڕگەکانی دەستووری کۆماری یەکگرتووی سۆڤیەتی، هەر هەموو یەکە ئۆتۆنۆمیەکان، بە تایبەتی کۆمارەکان، مافی نوێنەرایەتی و بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەبوو چ لە پەرلەمانی دۆمای کۆماری رووسیای سۆڤیەتیدا و چ لە دەسەڵاتی حوکمڕانی و جێبەجێکردنی کارەکانی دەوڵەتا. راستیی مێژووییش هەر ئەوەیە کە لە سەرتاکانی دامەزراندنی ئەو سیستەمە نوێییە، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیی تا دوا تنۆک دابەزێنرابووە ئاستی کرێکاران و جووتیاران، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی دەقاودەق بە گوێرەی ویست و بڕیارەکانی حیزبەکەی خۆیان دەچووڵانەوە. ئەمەش بە تایبەتی لە کۆماری رووسیای سۆسیالیستی سۆڤیەتیدا، واتای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی یەکگرتووی دەگەیاندە هەر هەموو کۆمارو سنوورو یەکە ئۆتۆنۆمییەکانی فیدرالیەتە سۆڤیەتێکە. وە بە دروستی لەپاش کۆتایی جەنگی ناوخۆیی ١٩١٨- ١٩٢٠، دەوڵەتانی پێشووی داگیرکراو لەلایەن حکومەتی قەیسەریی رووسیەوە، وەک ئۆکرانیا، بیلەرووسیا، ئازەربایجان، جۆرجیاو ئەرمینیا، لە چوارچێوەی کۆنتڕۆڵی حیزبی کۆمەنیستیی مۆسکۆ، سەربەخۆییان پێدراو بوو، وەک بەشێک لە کۆمەڵە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەت. بەڵگە مێژوویەکانیش هیچ ئینکاری ئەوە ناکەن کە هەموو ئەو کۆمارانە، لەلایەن لق و چڵەکانی هەمان حیزبی ناوەندی مۆسکۆوە بەڕێوەدەبردران ( یا راستییەکەی کۆنترۆڵ دەکران). وە سەرجەمی ئەو جۆرە کێشانەی حوکـمڕانی ئەو کۆمارانە، لە ئەجێندای گشتی حیزبی کۆمەنیستی ساڵی ١٩٢١ ئاشکراو بەرچاوکران.
کێشەی دوو بۆچوونی جیاوازی ناو (بۆڵشەفیک)ـەکانیش، هەر بەرەو خراپتر سەریان دەکێشا؛ مەبەستی بۆچوونی لێنین و هاوڕێکانی لە ئۆکرانیاو جۆرجیا و بۆچوونی ستالین و رووس و بێلەرووسەکان. بەرەی جۆزیێف ستالین، پێیان وابوو کە باشترین چارەسەر ئەوەیە هەموو نەتەوەکان لە چوارچێوەی یەک کۆماری یەکگرتوودا بن و تێکەڵاوی کۆماری رووسیای سۆڤیەتی فیدراڵی سۆسیالیستی ببن. هەرچی بۆچوونی لێنین و هاوڕێکانی بوو، ئەوەیان بە شیاوتر دەزانی کە دەبێت دەوڵەتە ئیتحادییە نوێیەکان دابمەزرێنرێن و هەموو بە کۆماری رووسیاشەوە، لەناو بۆتەی یەک دەوڵەتی یەکگرتووی سۆڤیەتیدا ببنە تەواو ئەندامی هاوتای یەکتر. وە لە بۆچوونەکەی ڵێنیندا هەتتا ئازادی مافی جیابوونەوەش بۆ کۆمارە تازەکان رەوا بینرابوو.
گۆڕانکارییەکانی سیستەمی فیدرالیەتی سۆڤیەتی:
شایانی وتنە کە ساڵی ١٩١٨ەوە چەندین ئاڵوگۆڕ لە سنووری ئەو کۆمارو ناوچە ئۆتۆنۆمیانە کران؛ بۆ نموونە کۆماری فیدراڵی سۆڤیەتی تورکستان لە ١٩١٨دا مەزرێنرا، بەڵام زوو هەڵوەشێنرایەوەو کرایەوە بە بەشێک لە کۆماری سۆڤیەتی فیدراڵی سۆسیالیستی رووسیا. کۆماری (تاریدا / کۆماری کرمیای سۆسیالیستی سۆڤیەتی) لە ساڵی ١٩١٨ دەمەزرێنراو پاش ماوەیەک کرا بە کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی سەر بە رووسیا.
لە ساڵی ١٩٢٢دا بە بڕیاری لێنین، وشەی فیدرالی لەسەر ناوی کۆمارەکاندا لابردران و ناوی کۆمارەکان ئەم فۆرمەیان وەرگرت: ( هەر بۆ نموونە: کۆماری سۆڤیەتی سۆسیالیستی ئۆکرانیا – کۆماری سۆڤیەتی سۆسیالیستی رووسیا و .....هتد). بەڵام سالێ ١٩٢٤بە پێی دەستووری کۆماری سۆڤیەتی سۆسیالیستی رووسیا، بناغە نوێیەکانی فیدرالیەتی سۆڤیەتی سۆسیالیستی دەست نیشانکران و ئیتر تا هاتنی جۆزیێڤ ستالین لە ١٩٣٦ ( ١٨٧٨-١٩٥٣) وە تا ساڵی ١٩٧٧ هیچ گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەرچاو لە دەستووری سیستەمە فیدرالیەتەکە نەکرا. شایانی گووتنە لە دوا ساڵانی جەنگی داگیرکاری سۆڤیەت لە ئەفغانستاندا، حکومەتی سۆڤیەتی بە نیازبوو تاجیکستان بکاتە کۆماری ژمارە ١٦ی یەکێتی سۆڤیەتیی، بەڵام لەبەر خۆکێشانەوەی لەشكری سۆڤیەتی لە ئەفغانستان، نیازەکە جێبەجێ نەکرا. لەوانەش زیاتر:
کۆمارەکانی سۆڤیەت دەسەڵاتی سەربەخۆی کۆکردنەوەی داهاتیان نەبوو!
دانانی بودجەی هەر کۆمارێ لە دەسەلاتی ناوەندییەوە دەستنیشان دەکران، ئەو دەستنیشانکردنانەش، لە چوارچێوەی بودجەی گشتی یەکێتی سۆڤیەتەوە بوون.
پلانە ئابورییەکانی هەموو کۆمارەکان لە دەسەڵاتی ناوەندی مۆسکۆ بوو.
دانان و رێکخستنی هەموو دەسەڵاتە جێبەجێکارەکانی کۆمارەکان و ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان، تەنیا لە دەسەڵاتی بڕیاردەرانی باڵای یەکێتی سۆڤیەت بوون.
واتا، هەموو دەزگاکانی خوارەوەی مۆسکۆ، وەکو وەکیلی دەسەڵاتی ناوەند کاریان جێبەجێ دەکرد. هەروەها ئەندامانی دەسەڵاتی پەرلەمانی کۆمارەکانیش، هەمیشە لەو کەسانە بوون کە کۆمەنیست بوون و هزرو بۆچوونەکانیان کۆپی بڕیارەکانی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەت بوون. بڕیارەکانی سەرانی حیزب لە مۆسکۆدا، بۆ قبوڵکردن و چەسپاندنی هەر یاسایەک بڕیاری موتڵەق بوون و دادگای فیدراڵیش لەبۆ پێداچوونەوەی یاساو بڕیارەکان هەبوونی نەبوو.
لە دەستووری ساڵی ١٩٧٧ی واتا کاتی سەرۆکایەتی لێونێد برجینێڤ (١٩٠٦- ١٩٨٢)، هەتتا بچووکترین جیاوازی یا لەیەکنەچوون لە نێوان دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت و دەسەڵاتی کۆمارەکان لەناوبردران. خاڵی ١٢ی بڕگەی ٧٣ ی دەستوور تەرخانکرا لەبۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو کێشەو گرفتێکی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و هی کۆمارەکان، هەڵبەتە بڕیاردان لەسەر ئەو کێشانەش بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای یەکێتی سۆڤیەت دەردەکران. بە داخەوە لە دوا ساڵاندا، کارەکان وایان لێهات هەموو دەسەڵات و بڕیارەکانی کۆمارەکان، لە ژێر باڵی دەستەی باڵای سۆڤیەت کۆکرانەوە. وە هەموو ئەو پێشێلکاریانەش هەر لە ژێر تایتڵی بڕگە ٧٠ دەستووری یەکێتی سۆڤیەتی فیدراڵی سۆسیالیستی جێبەجێ دەکران!
باشی و ناباشیەکانی سیستەمی فیدرالیزمی سۆسیالیستی:
ئەم سیستەمە باشترین ئامرازی ئیدارەدان بوو، لەگەڵ ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتی سۆڤیەت دەسەڵاتی ناوەندی خۆی سەپاندبووە سەر هەموو نەتەوەکان (بە رووسەکانیشەوە) بەڵام سیستەمەکە جامخانەیەکی رازاوە بوو لەبۆ پیشاندانی رۆڵی (دیموکراتیەتی ناوەندی) کۆمەنیستی لە بەڕێوەبردنی نەتەوە جیاوازەکاندا. وە میکانیزمێکی نوێ بوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی، بە دروشـم و پرۆپاگەندەی واڵاوە بکرێتە ئەرکی کادیرەکانی حیزبی کۆمەنیستی و بەرەو کۆمارەکانی ترا شۆڕ بکرێتەوە. ئەمەش تۆڕێکی باڵا دەستی سەرسوڕهێنەری تاکە حیزبی لە مۆسکۆوە شۆڕکردبۆوە، کە ئەو حیزبە دەیتوانی لە سەرتاسەری کۆمارەکاندا، لە وردو درشتی کاروباری ئیداری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و رووناکبیری ئاگادار بێت و ئاراستەو چاودێرییان بکات. جگە لەوەی ببوو بە تونێلێکی یاسایی لەبۆ سەپاندنی زمانی رووسی بەسەر دەیان بگرە سەدانی میللەتی تری جیاواز .
شایانی باسکردنە، کە لە یەکەم دەستووری وڵاتەکەوە تا ساڵی ١٩٧٧ ی سەرۆکایەتی (برجنیێڤ)، ئاماژەکرابوو بە ئازادی مافی جیابوونەوەی هەر کۆمارو نەتەوەیەک لە یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام لە هیچ حاڵەت و بەرامبەر بە هیچ داوایەکی فەرمی سەرانی یەکێتییەکە ئەو داواو مافانەیان پێ قبوڵ نەکرابوو.وە لە پاش پێداچوونەوەی دەستووریش لە ٤/١٠/١٩٧٧ دا، لەسەر داوای (برجنیێڤ) و پشتیوانیی چاپڵەلێدەرانی حیزب، کێرڤی ناوەندێتی قووڵتر بوو، وە ئەم خالانەی خوارەوە کران بە بەشێک لە دەستووری ئایندەی ولاتەکە:
لە دەستوورو لە هەموو ئەدەبیاتی حیزبی و حکومیی، لە بری هەر چەمکێکی تر، دەبوو چەمکی (نەتەوەی سۆڤیەتی) بەکاربهێنرێت.
هەر خاڵ و بڕگەیەک کە دوورو نزیک بواری دەدا بە کۆمارەکان کە بتوانن داوای جیابوونەوە بکەن لە یەکێتی سۆڤیەتیی، قەدەغەکران .
(لێونید برجنیێڤ) بە راشکاوی پیی وابوو کە ( ئێمە بە دەستی خۆمان، دەچینە ناو رێگایەکی پڕ مەترسی) یەوە، ئەگەر بێت بواری جیابوونەوە فەراهەم بکەین بۆ ئەو کۆمارانەی دەشێ بیانەوێت لە یەکێتی سۆڤیەت خۆ بکێشنەوە. کورت و موختەسەر، مرۆڤی بێ لایەنگریی ئایدیۆلۆژی و سیاسی، بەبێ سەڵمینەوە دەتوانێت بلێت سیستەمی سۆڤیەتی هەر لە پاش کۆچی دوایی لێنینەوە، دروست بە پێچەوانەی دەستوور، سیستەمێکی ئەمنی حیزبی بوو کە، هەموو ئەندام و بارەگاو ئۆرگانەکانی حیزبی کۆمەنیستی لە هەموو کۆماروناوچەکاندا، لق و چڵی حیزبی کۆمەنێستی کرملینی مۆسکۆ بوون، وە مەرکەزییەتی حیزبی قووڵ و وشک و بێ سنوور بوو، کە بەبێ رەزامەندی سەرانی مۆسکۆ نە دەکرا بەردێک لە بەردێک بکرێتەوە ! .
هەستی گشتی نەتەوەکانی تری دەوڵەتی سۆڤییەت
راستیی مێژوویی وابوو، کە لە سەرەتاکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سۆڤیەت و لە چەند قۆناخێکی تری دژواری مێژووییدا. بۆ نموونە لە کات و ساتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، زۆر گران بوو بۆ خەڵکانی نا رووسی، تا بە خورسکی هەست بکەن یا دانبنێن بەوەی کە دەوڵەتی سۆڤیەت موڵکی ئەوانەو یاخود ئەوانیش لە مافی هاووڵاتێیدا یەکسانن لە گەڵ هاووڵاتیانی رووسی دەوڵەتەکە. بە پێچەوانەشەوە، لەبەر هەبوونی بەرتەسکی مەساحەی ئازادی فیکری، ئایینی، نەتەوەیی، ئازادی ڕادەربڕین بە گشتیی، خەڵکەکە هەستیان بە داماڵینێکی قورس دەکرد بەرامبەر شعوری نەتەوەیی خۆیان. لەوانەش زیاتر:
لەلای زۆربەی خەڵکەکە، هەتتا خەڵکە رووسییەکانیش، جیاوازییەکی ئەوتۆیان نە دەبینی لە نێوان دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەت و دەسەڵاتی کۆمارەکانی خۆیان، بۆ نموونە با بڵێن کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئەرمینیا.
بە گشتیی زیهنیەتێکی سیاسی وا لەلای خەڵکە نا رووسییەکانیش دروستببوو، کە شۆڕشی رووناکبیریی سەرتاسەری وڵاتەکە، تەنیا لەبۆ ئەسمیلەکردن و (توانەوەو رووساندن) و سەرکوتکردنی نەتەوەکانی ترەو دەنا هیچ مەبەستێکی تری نییە. لەمەشەوە:
(سەردەستەیی و باڵا دەستیی زمانی رووسی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.
بە ژمارەیەکی زۆرەوە دابەشکردن یا ناردنی رووسەکان بۆ کۆمارە دوورەدەستەکان. بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئیدارەی حیزبی و دەولەتی و ئیداری و لەشکری پایتەختەکانی ئەو کۆمارانە +
کارکردنی رێژەیەکی زۆری ئەو رووسانە لە پۆستە باڵاکانی حیزبی و حکومەتی لەو شارو شارۆچکانەی ئەو کۆمارو ناوچانە، بەبێ رەچاوکردنی مەرجی زانینی زمانی ئەو نەتەوانە....).
بە پێچەوانەشەوە، ئەو کەسە دەستەباڵایانەی کە رۆڵەی کۆمارەکانی تر بوون بە تایبەتی کۆمارەکانی قەوقازو ئاسیای ناوەڕاست، لە مۆسکۆ پلەی بەرزی حیزبی و حکومیی سۆڤیەتییان هەبوو، مەرج بوو کە دەبوو زمانی رووسییان بە هیچ شێوەیەک لە خەڵکی رووسی کەمتر نەبێت و دەشبوو هەڵگری ناسنامەی رووسی و بڕوانامەی حیزبی یا ئەکادیمیەکانی رووسیا بن!
بە کورتی دەسەڵاتی ناوەندیی مۆسکۆ، بە تەواوەتی کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی سۆڤیەتی لە دەستدابوو، بۆیە لە بۆچوونی شارراوەی هەر هاووڵاتیەکی نا رووسی کۆماری رووسیای سۆڤیەتی، دەوڵەتەکە بە دەزگایەکی تەواو عەیاری رووسی دەزانرا. ئەم حاڵەتە هەرچەندە لەگەڵ پرنسیپەکانی سەرەتای دازمەزراندنی دەوڵەتی سۆڤییەت وێک نەداهات، بەڵام بە داخەوە ئەوە واقیعی بارودۆخە سیاسی و حوکمڕانیەکە بوو. هەڵبەتە لە خوارەوەش ڕا، واتا لە کۆمارە دوورە دەستە فرە نەتەوەییەکانیشا، سەرباری ئەو واقیعە، نەتەوە زۆر بچووکەکان، لە ژێرباری چەوساندنەوەی نەتەوەی سەرووتریانەوە هەر دەچەوسێنرانەوە. هەر بۆ نموونە لە کۆماری جۆرجیای سۆڤیەتیدا، دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستی گورچی (جۆرجی) پەیتا پەیتا لە هەوڵی چەوساندنەوەو داماڵینی مافەکانی نەتەوەی ئەبازی (ئەبخازی) بووە. ئەبخازییەکانیش هەمیشە لە خەباتێکی دژواربوون لە پێناوی وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی راستەقینە لەبۆ نەتەوەو ناوچەکەی خۆیان. هەمان شت چ لە مۆسکۆی ستالین و چ لە باکۆی ( باقرۆف)ی ئەزربایجان راست بوو.وە بوو بە هۆکاری نەفیکردنی دەیان هەزار کوردی نەغچەوان و سەرتاسەری ئارزبایجان، بەرەو سێبریا و کۆمارەکانی تری ناوەڕاستی ئاسیاو. هەروەها بوون بە بڕیاردەری لەناوبردنی کۆماری کوردستانی سووری قەزای نەغچەوان لە پاش ساڵی ١٩٢٩دا .
هەڵبەتە لەگەڵ هەموو ئەو نائیروویی و کەمو کەسرە بێ ژمارانەی جەستەی یەکێتییە، لەبۆ نزیکەی شەست بۆ هەفتا ساڵ، فیدرالیزمی سۆڤییەتی سەلماندبووی کە شیاوترین سیستەمی حوکمڕانییە لەبۆ راگرتنی باڵانس و هارمۆنیەتی باوردۆخی دژوارو پڕ چەلەمەی نەتەوە زۆرو بەربڵاوەکانی ئەو وڵاتە. واتا لە بۆ تاقیکردنەوەی کورت مەودا، بەبێ هیچ گۆمانێک مرۆڤ دەتوانێت هەتتا بلێت کە (مۆدێلی کۆلۆنیاڵی ئیمپریالیستی سۆڤیەت) سەرکەوتووترین فۆرمالیتەی سیاسی بەڕێوەبردنی کاریگەر بووە بۆ وەدەستخستنی جۆرە ئارامییەک یا شێوە تەباییەک لە وڵاتە فرە نەتەوەکاندا.
ئایا بە راستی نەتەوەی رووسی چەوسێنەربوو؟
بۆ چوونە ناو وەڵامی ئەسەحی ئەم پرسیارە، باشترە پرسیارەکە بەرەواژ بکەین و بپرسین؛ ئایا هەر بە راستی دەستڕۆیشتنی گەلی رووسی لەناو یەکێتی سۆڤییەتدا، جیاوازترو بە دەسەلاتدارتربوون؟ ئایا ئاستی بەرژەوەندییەکانیان لە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوەکانی تری یەکێتییەکەبوو؟ ئایا جۆری مافەکانیان لە سەرووی هی نەتەوەکانی تردابوون؟ بەپێی بۆچوون و نامەکانی نووسەری ناوداری رووسی (سۆڵجنیدین) بێت کە لە ساڵی ١٩٧٤ دا ڕەوانەی (لیونید برجنێیف)ی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتی کردبوو، رووسە دەسەڵاتدارەکانی ناو دەسەلاتدارانی سۆڤییەت، مافی تەواوی خۆیان پاراستبوو، بەڵام بە گوێرەی بەڵگەکانی ئەو نووسەرەو رووناکبیرانی تری رووسیا ، کە قۆناغ بە قۆناغ بۆ دەرەوەی وڵاتەکە هەڕایان دەکردو خۆیان لە کۆنترۆڵی بێ سنووری دەسەڵاتی ئەمنی سۆڤییەتی قورتار دەکرد ، دەبینین هەر بە راستیی رووناکبیرانی لێبرالی رووسی و کەلتوری مێژینەی رووسیا هەمیشە لە ژێر چاودێری حیزب و دەزگا جۆراوجۆرەکانی ئاسایشی سۆڤیەتدا بوون. چونکە ئەو نەرێت و کەلتورە دێرینەی رووسەکان بەردەوام بە هەڕەشەی راستەوخۆی سەر رژێمی نوێی وڵاتەکە دەژمێردرا. بە بەراورد لەگەڵ چەوساندنەوەی دوایی نەتەوەکانی تری یەکێتی سۆڤییەت، داپلۆسینی رووسەکان لەسەرەتاکانی دامەزراندنی دەوڵەتە تازەکە، زۆر قورس و دژوارو بەربڵاوتربوو. هەروەها لە چوارچێوەی ئینقلاب و گۆڕینی سەرجەمی شێوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆناکبیریی و ئابووریش، بێگومان ناسنامەو کەڵچەرە دیرینەکانی هەموو نەتەوەکان، بە تایبەتی کەڵچەری رووحی رووسەکان، وەکو چەق و مایەی هەموو گۆڕانکارییەکانی تر، زیاترو بەربڵاوتر کەوتە بەر هەڕەشەی ئایدیاو پرۆسەی گۆڕانکارییەکان.
هەر ئەو هێرش و مەترسیانەش ببوون بە هۆکاری ئەوەی تا چەندین دەیە، ئاستی باری رەفاهیەتی کۆمەڵایەتی گەلی رووسی، کەمترو سنووردارتر بێت. ئەم حاڵەتەش لەبۆ زۆربەی رووسەکان، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی ئامادەنەبوون بکەونە ناو رەوتی کۆمەنیستیەوە، ببوو بە هۆکاری نائومێدبوونیان لە هەبوونی سۆڤیەت و لە بەردەوامیی ئەو سیستەمە. بۆ نموونە نوسەرێکی وەکو ئەلکسەندەر زینۆفیێڤ (١٩٢٢-٢٠٠٦) ) بێ پەردە ئاماژەی بەو راستییە کردووە کە :( بۆ ئەوەی گەڵی رووسی سەربەخۆیی خۆی بەدەست بهێنێت، دەبێت ژیرانە هیوای بە رووخانی دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەت هەبێت). هەڵبەتە لە سەرتاپای مێژووی ئەو یەکێتییەدا، زۆربەی رووناکبیران وبیرمەندانی رووسی نەتەوە ویست، وەکو (شەفا فێرێیچ، ڤاڵانتین راسپۆتین، ڤیکتۆر ئەستافێیڤ، بۆریس یێڤ وهتد و هتد، هەر هەموو هەنگاو هەڵگری بۆچوونەکەی (زینۆفیێڤ) بوون.
سەرهەڵدانی مەترسییەکانی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی
یەکەم دانپیانان و ئاشکرابوونی ئەو مەترسییە لە راپۆڕت شەست ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەتدا بەدەرکەوت؛ ئەو راپۆڕتەی کە لە ٢١/١٢/١٩٨٢ دا یوری ئەندرۆپۆفی(١٩١٤- ١٩٨٤) سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵیادەکەدا خوێندیەوە. لەوێدا بەبێ رتووش گوتبووی : ( سەرکەوتن لە چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشە نەتەوەییەکان، بە هیچ شێوەیەک ئەو واتایە ناگەێنێت کە هەموو ئەو کێشە زۆرانەی لەلایەن نەتەوەکانەوە سەریان هەڵداوە، چارەسەرکراون). هەروەها لە رۆژنامەی (پراڤدا / راستی) رۆژی ٢٢/١٢/١٩٨٢ دانی نابوو بە هەلە کەڵکەبەستووەکانی سەرجەمی سیستەمەکەو گوتبووی: ( هۆکاری دیاردەی هەموو ئەو کێشانەی لە ناو نەتەوەکاندا دروست بوون و سەریان هەڵداوەو گەورەو گەورەتربوون، هەر ناگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە رەگ و ریشەی دێرینیان هەبووە، بەڵکو زیاتر و زۆرتر بەرئەنجامی ئەو هەڵەو پەڵانەن کە ئێمە لە کارو کردەی حیزبیماندا ئەنجامان داوەو لە مێژەوە کەڵەکیان بەستووە ...).
ئەم بۆچوونە نوێیەی (ئەندرۆپۆف) دەرگایەکی کردەوە بۆ ئەوەی هەر لەناو خۆدی چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا، بازنە نەتەوەییەکان زێدەتر لە جاران هەست بە خۆیان بکەن و هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان زیاتر لە جاران ئاشکرابکەن و لە هەندێ حاڵەتیشا لەناو نەتەوە سەردەستەکانیشدا ببنە هۆکاری گرژی نەتەوەیی و بگەنە ئاستی نژادپەرستیی. بێگومان زۆربەی هەوڵەکانی (ئەندرۆپۆڤ) نەگەیشتنە ئاستی سەرکەوتن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵێک بوو لەبۆ بچووکردنەوەی (مەنشەفی)یەکان و کۆنترۆڵکردنی نەتەوەچییەکانی رووس. هەر ئەو هەوڵەشی بوو کە بتوانێت مخائیل سوسۆلۆڤ (١٩٠٢-١٩٨٢)لاببات و خۆی ببێتە ئەمینداری گشتی لیژنەی ناوەندی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەتی. لێ هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانەی زۆر بڕی نەکردو تا گەیشتە ئەوەی کە لە مانگی حوزەیرانی ١٩٨٣کۆنستێنتن چیرنینکۆ(١٩١١-١٩٨٥) ببێتە جێگرەوەی پلەو پۆستەکانی ( ئەندرۆپۆف). ئیدی لەوە بەدواوە هەندێ لە سەرانی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەتی بە شەرمەوە کەوتنە داوی خۆ گەنجاندن لەگەڵ هەستیی نەتەوەیی رووسەکان. کەسان و نوسەرانی وەکو ( کازاینۆڤ و لانسچیاکۆڤ) کە پێشووتر نووسین و کتیب و بۆچوونەکانیان یاساغ بوو، لە رۆژنامەی لیترەچورناییە Literaturnaya رووسی رەهەند، ئازادانە کەوتنە بلاوکردنەوەی هەست و شعوری رووسیایەتی. وە لە ساڵ ١٩٨٤ەوە بارودۆخەکە گەیشتە ئەوەی نوسەرانی کۆمەنیستیش لە رۆژنامەکانی وەک Rossiya Sovetskaya لە چوارچێوەی بەرەنگاریکردن لە رژێمی تزاری و مێژووی کۆنی رووسیا، رەخنە توند لەو کتێبانە بگرن کە لە ولاتانی رۆژئاوادا سەبارەت بە مێژووی کۆن و نوێی رووسیا بڵاوکراببوونەوەو نووسەرانی ئەو کتێبانەش بەوە وەسف بکەن کەو فۆبیای رووسیان لە هزرو مێشکدایە. شایانی باسە لەوەوپێش هەر بەرەنگارکردنێک لە رژێم و لە سیستەمی تزاری بە خیانەت لە قەلەم دەدرا.
لەلای زۆربەی شارەزایانی سیاسەتی دوەلی شارراوە نییە کە سەرەتای هەڕەشەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستە جیهانیە زەبەلاحە، لەپاش روداوەکەی تەقینەوەی ئێسگای وزەی ئۆتۆمی (چرنۆبڵ) و لە سای دوو چەمکی سیاسەتی ئازادانەی میخائیل گۆرباچۆفەوە(١٩٣١-٢٠٢٢) سەری هەڵدا؛ مەبەست سیاسەتی پیریسترۆیکا ( بینا کردنەوە) و سیاسەتی گلاسنۆست ( رووونی و شەفافیەت)ـــە. ئەو دوو سیاسەتەی کە لە پاش کۆمەڵێ دیاردەو رووداوی نەرێنی وەک ئەمانەی خوارەوە، بوون بە شۆڤەڵی لابردن و داماڵینی هەموو شارراوەکانی سەرانی حیزبی کۆمەنیست و گەندەڵەیەکانیان:
دیارەدەی گەندەڵی سەرانی حیزبی کۆمەنیستی و بە تەواوەتی خەستبوونی رۆڵ و کۆنترۆڵی بیروکراتیەتی دەوڵەتی؛ بە تایبەتی لە کاری خزمەتگوزاری و لە بەڕەبردنی ئابووری دەڵەتەکە.
دروستبوونی بێ بڕوایی خەڵکانی کۆمارو ناوچەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بە زەرورەتی مانەوەو هەبوونی حیزبی کۆمەنیستی .
تێکچڕژانی زۆر ناقۆڵای پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و پیشەسازی لە زۆربەی ناوچەکاندا، بە تایبەتی لە کۆماری سۆڤیەتی رووسیادا.
پووچبوونی بناغە ئابورییەکان، چەڵەمەی نەبوون یاخود کزبوونی تەکنەلۆژیای لە مەیدانە سەرەکیەکانی ( پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵی، پرۆپاگەندەی میدیاییدا).
کەمی خواردن و شتەمەکە زەرورییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکە لە بازاڕەکانا.
پەرەسەندنی هەستی ئاینی و مەزهەبی سەرتاسەی کۆمارەکاندا.
پەرەسەندنی دەنگ و داوای دامەزراندنی سەندیکاو کۆمەڵەی ئازادی دوور لە کۆنترۆڵی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەت، لە چەشنی سەندیکاکەی (لێخ فالسیا)ی پۆڵەندی.
پەرەسەندنی هەستی ترس و تۆقان لە چەڵەمە سروشتیەکان و ژنیگە. هەروەها وەکو ئاکامی پەرەسەندنی ئەو جۆرە هەستانە؛ دامەزراندنی سەدان کۆمەڵەو گروپی دژ بە پرۆگرامە تێکدەرەکانی مۆسکۆ بۆ گۆڕنی سروشت و ژینگەکان، وەکو ( کۆمەڵەی لە پێناوی ژیانی جۆرجیا گروپی باوەڕی (ئەندرێ زەخارۆف) - کۆمەڵە ئیکۆلۆژییەکانی ئۆکرانیا و ئۆزبەکستان و ئەرمینیاو ئازەربایجان - پارتە سەوزەکان لە کۆمارەکاندا).
لە هەموو ئەو دیاردانە کاریگەرتر، هاوارو کردەی دەربازبوونی سیاسی و حیزبی بوو لە چوارچێوەی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەت،وەک ( دامەزراندنی بەرەی ساویوسی کۆماری لیتوانیای سۆڤیەتی لە ٣/٦/١٩٨٨ – دامەزراندنی بەرەی گەلیی لە کۆماری لاتیڤیای سۆڤیەتی لە ٨/١٠/١٩٨٨ – دامەزراندنی بەرەی گەلیی بلارووسیا لە ١٩/٧/١٩٨٨ – دامەزراندنی بەرەی بیرلکی ئۆزبەکستان لە حوزەیرانی ١٩٨٩ ...)
لە پاش ئەوەشدا، ئیتر لێشاوی جیابوونەوەی حیزبە کۆمەنیستییەکانی کۆمارەکان لە حیزبەکەی کرملین دەستی پێکرد، کە سەرەتاکەی جیابوونەوەی پارتی کۆمەنیستی لیتوانیا بوو لە ١٨/٥/١٩٨٩ ،.وازهێنانی دەستەجەمعی هەموو سەرکردە حیزبیەکانی حیزبی کۆمەنیست لە تاجیکستان ١٦/٢/١٩٩٠، ....)
دیاردەی پەرەسەندنی هەستی سۆڤیەنیانەی رووس و سڵاڤیەکان، کە سەرەتاکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی (پامیات) بوو، کە ئامانجە سەرەکییەکانی دژایەتیکردنی مارکسیەت وجووەکان و نەتەوەکانی تر، بە تایبەتی نەتەوە ئیسلامەکانی یەکیتی سۆڤیەت بوو.
لە پاش ئەوە، سیستەمی یەکێتی سۆڤیەتی، لە دیدو بۆچوونی سەرتاپای خەڵک و نەتەوەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بێ بەها بوون و ئیتر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمە وەکو گەڵاڕێزانێکی لەپڕی لێهات. وە یەکەمین دەرچوون و جیابوونەوە، بە پێی یاسای ژمارە ١٤٢ دەرچوونی کۆماری جۆرجیا بوو لە ٩/٣/ ١٩٩٠، دەرچوونی کۆماری ئەستۆنیا بوو لە ٢٥/٣/١٩٩٠، لاتیڤیا لە ٤/٥/١٩٩٠، رووسیا لە ١٢/٦/١٩٩٠، ئۆکرانیا لە ١٦/٦/١٩٩٠، ئۆزبەکستان لە ٢٠/٦/١٩٩٠ ....هتد)هەروەها بانگەوازی کۆمارەکانی سەر دەریای بەڵتیق( لیتوانیا+ لاتیڤیا+ ئەستۆنیا)بوو کە لە ٢٦/١٢/ ١٩٩١ بەناوی رۆژی سەربەخۆیی دەوڵەتانی بەلتیق ناونرا Baltic states Independence ناونرا. لە پاش گۆرباچۆڤیش، سەرانی تری حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەتی لە دیدی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای رووسەکان، هەوڵی سیا سی و هەڕەشەی لەشکرییان بەکارهێنا، لەبۆ ئەوەی بەناوێکی ترەوە بەردەوامی بدەن بە حاڵەتی قۆرخکردنی ئابوریی و ستراتیجی سیاسی و لەشکریی ئەو کۆمارانەی سەربەخۆبوون، واتا هەوڵی دامەزراندنی (کۆمەنوێلسی دەوڵەتە سەربەخۆکان)یان دا. وە لەم کارەشدا بێجگە لە کۆمارە سەربەخۆکانی بەڵتیق و جۆرجیاو ئۆکرانیا، توانیان ئەو یەكبوونە کۆمەنوێلسییە سەربکەوێنن. شارراوە نییە گەر بڵێن ئەو دەڵەتانەی نەچوونە ژێر باری کۆمەنوێلسەکە، لەلایەن کۆمەڵێ دەوڵەت و دەزگای رۆژئاواییەوە هاندەدران و پشتیوانیان لێ دەکرا؛ وەکو دەزگای پەیمانی ئەتڵەسی ناتۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لێرەدا پێم باشە پێش ئەوەی بێمە سەر دوا هەنگاوی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە بەراوردکردنی دوو فیدراڵیەتەکەیە، فیدرالیەتی سۆڤیەتی و هی عیراقە، تەنیا بەچەند دێڕێ هەڵەی سەرکردایەتی کورد لە کۆنەوە تاکو ئێستا بخەمە بەرچاوان و بڵێم سەرانی کورد لە هەوڵەکانیاندا بۆ پەیداکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە مافی رەوای نەتەوەیی کورد، هەمیشە روویان کردۆتە ئەو وڵاتانەی هەرگیز ئامادە نەبوون هەتتا دان بنێن بە مافی چارەنووسیی نەتەوە بچووکەکانی ناوخۆیان، بۆ نموونە ئەم سۆڤیەتەی باسی دەکەین، کە سەدان ساڵە چەوسێنەری نەتەوەکانی ئاسیاو ئەوروپایە، بریتانیا ومێژووی قێزەوەنی لەگەڵ ئێمەی کوردو هیندستان و ئێستایان لەگەڵ سکوتڵەنداو ئیرلەنداو وێڵز، فرەنساوداگیرکردنی خاک و خێروخێراتی دەیان نەتەوەی ئەفریقی و هەروەها ئەمریکای داگیرکەری دەیان شوێنی ئەم جیهانە بەرینە.
کورتە بەراوردێکی فیدرالیەتی سۆڤیەت و عیراق:
لە کۆتاییدا، ئەگەر راستییە مێژووییەکانی هەردوو فیدرالیەتەکە بخەینە بەر چاوانمان و زۆر بە کورتی بەراوردێکیان لە نیواندا بکەین، دەشێ بڵێن ئەم راستیانەی خوارەوە هەندێ لەو خاڵە سەرەکییانەن کە ئێمە بە گرنگیان دەزانین:
پاشخانی دیکتاتۆریەتی هەر دوو وڵاتەکە:
وەکو راستی مێژوویی، هەردوو فیدرالیەتەکە لە پاش رووخانی دوو رژێمی دیکتاتۆری هاتنە ئاراوە؛ دیکتاتۆریەتی تزاری رووسی و دیکتاتۆریەتی صدامی عەرەبزەدە.
خەباتی گەڵانی هەردوو وڵاتەکە:
هەردوو دەسەڵاتە نوێیەکە زادەی خەبات و قوربانیدانێکی بێ شوماری چەند ساڵەی نەتەوەو چینە جۆراوجۆرەکانی هەردوو وڵاتەکە بوون.
ئایدیۆلۆژیەتی شۆڕشەکان:
شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە بناغەی هەڵکشان بوو بەرەو سیستەمە تازەکە، جگە لەوەی زادەی قوربانیدانێکی زۆری گەلی رووس و نەتەوەکانی تریش بوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بیرو ئایدیۆلۆژیەتێک هەبوو کە ڕێنیشاندەرو ئاراستەکاری بێت؛ ئەویش بیرۆبۆچوونی مارکسی – ڵینینی بوو. بەڵام ئەوەی لە عیراق رووی دا، هەرچەندە راپەڕینی هەموو گەلان و چینەکانی عیراق بوون، بەڵام دوو خاڵی جیاوازیان هەبوو لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر؛ یەکەم؛ خاوەندی ئایدیۆلۆژیەتێکی یەکگرتووی سیاسی نەبوو، دووەمیش سەرکەوتنەکەی زیاتر بە پشتیوانی لەشکری هیزی ئەمریکی و هاولفەکانی بوو.
سەرکردایەتی هەردوو گۆڕانکارییەکە:
شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە چەند ساڵێ پێش بەرپابوونی تا مەرگ و مردنی لێنینش، سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی هەبوو،هەرچی ئەوەی عیراق و باشووری کوردستانە، سەرکردەی هەر تایفەو هەر حیزبێکی لە ئاوازێک دەخوێنن .
سەرکردایەتی و بۆچوونیان سەبارەت بە مافی گەڵان:
سەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە تایبەتی لێنینی مەزن، هەر لەیەکەم هەنگاوەوە بڕوای تەواویان بە سەربەخۆیی هەموو گەڵانی رووسیاو پاشانیش هی یەکێتی سۆڤیەت هەبوو. وە هەر لە سەرەتاکانەوە دەیوویست بە پێی بۆچوونی مارکسیانە مامەڵە لەگەڵ چارەی خۆنووسینی گەلان بکات. بۆیە لای ئەو دانانی سیستەمی فیدرالی بە هەموو کەم و کەسرییەکانیەوە پرۆسەیەکی گران یا رووداوێکی نا مەقبول نەبوو لەلای هەموو سەران و گەلانی یەکێتی سۆڤیەت. بەڵام لە عیراقدا سەرانی شیعە و سوننەی عیراق بە زۆربەی حیزبەکانیانەوە، چ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو( ئێستاش هەرنییە) لەگەڵ بیرۆبۆچوونی بەعسییەکان، هەڵبەتە لە مەسەلەی داننان بە مافی رەوای گەلی کورد لە دەستنیشانکردنی چارەی خۆنووسین. یا لە مەسەلەی قبوڵکردنی فیدرالیەتی راستەقینەی نەتەوەیی لە عیراقدا. هەندێکیان لە پێش هیج گۆرانکارییەک لە عیراقدا روو بدات، دیفاکتۆی دامەزراندنی حکومەتی باشووری کوردستانیان یا پیلانی ئەمریکی دژ بە یەکگرتووی خاکی عیراق دەزانی، هەندێکیان بە بیانووی پرۆژەی نیشتیمانی مافی کوردیان بە خیانەتی جوداخوزی و پەرتکردنی عیراق دەخوێندەوە، هەندیکی تریان بە خەیاڵ و وەهمی دژە عیراق وەسفدەکردو بەڵام لە هەموو سەیرتر ئەوەبوو کە خۆدی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، هەر لە بەیانی کۆنفرانسی دیمەشقەوە لە رۆژانی ٢٨-٢٨/١٢/١٩٩٥ تا دوا کۆبوونەوەی پێش رووخانی رژێمی صدام، هەموو کردەو بۆچوونێکیان لەبۆ ئەوەبوو، کە بەربەست دابنێن لە رێگەی ئازادی نەتەوەیی کوردو وەسفی کردنی بە هەوڵی دابەشکردنی عیراق، هەتتا ئەگەر هەوڵی کورد بۆ فیدرالیەتیش بووبێت.
هەڵوەشاندنەوەو هەڵنەوەشاندنەوەەی بڕیارەکانی پیشووتر:
لە یەکێتی سۆڤیەتدا، هەر لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئوکتۆبەرو پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی سیستەمی یەکێتیەکە، بە بڕیاری راستەوخۆی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤییەتی، هەر هەموو بڕیارە نا ئینسانی و یاسا زەرەرمەندەکانی حکومەتی پێشووی تزاری، هەڵوەشێنرانەوەو لابردران. کەچی لە عێراقی فیدراڵ ناودا، دەسەڵاتدارانی عەرەبزەدەی شیعە و سوننە ئێستاش هەر موکوڕن لە دەست لێنەدانی هەموو ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی (مجلس قیادة الثورة)ی رژێمی بەعسی سەدامی، بە تایبەتی ئەو یاساو بڕیارە نژادپەرستیانەی دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکانی نەتەوەی کورد دەرچووبوون و جێبەجێکرابوون!
خانە پەرلەمانیەکانی هەردوو فیدرالیەتەکە:
پەرلەمانی یەکێتی سۆڤیەت ئەگەرچی لە ژێر کۆنترۆڵی تاکە حیزبیدا بوو، بەڵام وەکو شێوازی یاسایی سیستەمی فیدراڵیەت، پێکهاتبوو لە دوو خانەی پەرلەمانی. هەرچی لە عیراقی بەناو فیدراڵە، لایەنی زۆرینە (کە عەرەبی شیعەو سوننەن)، ئێستاش لە سەرعادەتی مەرکەزی کۆنیان بەردەوامن و بە هیچ شێوەیەک هەبوونی خانەی پەرلەمانیی هەرێمەکان بە زەرور نازانن و، لایەنە کوردییەکانیش بەوە نە حەسیاون کە نەبوونی ئەو خانەی پەرلەمانییە چ واتایەکی پڕ مەترسیدارە بۆ بەردەوامی و مانەوەی سیستەمی فیدراڵی لە عیراقدا.
ناوی فەرمیی فیدرالیەتی هەردوو وڵاتەکە:
لە سەرتاپای سیستەمی یەكێتی سۆڤیەتەوە تا ساڵانی رووخان و نەمانی، هەر هەموو بە شانازییەوە، لەسەر دۆکیومێنت و بڵاوکراوە فەرمییەکانیاندا ناوی سیستەم و حکومەتەکەیان بە (یەکێتی فیدرالی) دەنووسی. کەچی تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی حکومەتی بەغدا لەبەر تێنەگەیشتنیان لە مافی گەلان، ناتوانن و چاویان بەرایی نادات کە لە نامەو لە نووسراوە حکومییەکانیاندا عیراق بە (دەوڵەتی فیدراڵی) ناو بهێنێت. وسەرانی هەرێم و حیزبە کوردتتوکانیش لۆژ لۆژگوێنەدەری ئەو خاڵە هەرە گرنگەن.
روونی و ناڕوونی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان:
لە سیستەمی فیدراڵیەتی یەکێتی سۆڤیەتا، ئیدارەدانی دەوڵەتی، سیاسەتی پەیوەندیەکانی دەرەوە، کاروباری ئابووری، کۆمەڵایەتی و رووناکبیری و میدیا، هەر هەموو لەژێر کۆنترۆڵ و رێنمایی و چاودێری یەک تاکە حیزب بوو، واتە حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەتی. ئەم حاڵەتە لە عیراقی بەناو فیدرالیدا، دەقاو دەق بە پێچەوانەیە. تاوەکو ساڵێ یا دوو ساڵێ لەمەوپێش، هەرێمە فیدرالەتییەکەی کوردستان، لە راستیدا لە چوارچێوەی سەربەخۆییش لای دابوو، هەڵبەتە لادانێک کە لەگەڵ ئەوەی بە هیچ شێوەیەکی بەری بۆ جەماوەر نەبوو، لە هیچ دەق و بڕگەیەکی دەستووری عیراقی فیدراڵدا ئاماژەیان بۆ نەکرابوو. بۆ نموونە:
لە مەسەلەی هەڵکردنی ئالای ئیتحادی؛ لە کوردستاندا نازانرێت پشت بە چ ماددەیەکی دەستووری ئیتحادی بەستراوە کە حکومەتی هەرێم ئاڵای عیراقی ئیتحادی لەسەر بینایە حکومییەکاندا هەڵنەدەکردو وەکو بڵێی قەدەغە کرابێت؟
وەکو ئەوەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە عیراقی فیدرالیدا، لە کردەو ئەرکە ناوەندییەکان بووە، بەڵام نوێنەرایەتییە حکومەتی هەرێم، لە دەرەوەی وڵات ( بو نموونە لە ئەمریکا، لە بەیتانیا، لە فرەنسا، لە سوێد ، لە ئەڵمانیاو لە ئیتاڵیا) بە پێی دەستوور و یاساکانی ئیتحادی نە چوون نە دەچن بەڕێوە، بەڵکو چ لە دەستنیشانکردن و چ لە بەڕێوەبردندا، هەر دابەشکردنی حیزبی و زیاتر هەر بەردەوامی فۆرمی مەکتەبی حیزبە کوردییەکانی پێش رووخانی رژێمی بەعس پەیڕەودەکەن.
نا تێنەگەیشتنێکی تەواو هەیە لە مەسەلەی سەربەخۆیی ئابووری و مەسەلەی هێنانی کۆمپانیا جیهانییەکانی وزە، پەیمان بەستن لە گەڵ ولاتان (بۆ نموونە لەگەڵ تورکیا) و هەروەها لە جۆری فرۆشتن و نرخ و بەهای فرۆشتن و چۆنیەتی ناردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
هیچ لە یەکچوون و یەکسانییەکی بەرچاو لە ئارادانەبوون و نین لە مەسەلەی مافەکانی هاووڵاتییان، خزمەتگوزاریەکان، مووچەکانیان، قەرەبۆکردن و پاداشتیان، دامەزراندن و ئیش و کار پێدانیان. مەسەلەکە لە نێوان بەغداو هەولێردا، دروست وەکو هی دوو دەڵەتی جیاوازی لێهاتووە.
دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدرالی:
نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرتاپای عیراقدا، رۆڵی حکومەتی فیدراڵی لەم خاڵانەدا زۆر هەژار و کەم دەسەڵاتن: ( لە چادێری دارایی، لە کاروباری دارایی، لە دانانی پرۆژەو پیلانەکان، لە ئاراستەکردنی ئابووری وڵات و لە رۆڵی دەزگا حکومییەکان لە چاودێریکردنی سەکتەرەکانی ئابوری وڵاتەکەو لە سیستەمی هاوردەو ناردنی نەوت و شتەمەکی بازرگانی....). هۆکاری بناغەیی ئەم حاڵەتەش دەگەڕێتەوە بۆ نەزانینی ئەوەی گوایە حکومەتەکە، دەبێت چەندێ دەستی هەبێت لە موڵکیەت و لە بەڕێوەبردن و لە چاودێریکردنی دوو کەرتی گەورەی ئابووی ولاتەکە (کەرتی گشتی و کەرتی بنەڕەتی)؛ ئەمەش چ راستەوخۆ یا نا راستەوخۆ، لە سەرتاسەری عیراق ولە هەرێمی کوردستاندا، تا بنەقاقا لەلایەن هەر هەموو حیزبەکانەوە قۆرغکراوە. لە حاڵێکدا ئەم خاڵانە هەموو خاڵی هەرە گرنگ و ستراتیجی و مەرکەزی سەرتاپای تەمەنی یەکێتی سۆڤیەت بوون.
ئەرکی پاراستنی خاکی هەردوو فیدرالیەتەکە:
لە یەكێتی سۆڤیەتدا، بە پێی دەستووری وڵاتەکە، ئەو بابەتەی زۆر گرنگی پێدەدرا، پاراستنی خاکی هەموو کۆمارەکان و ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان بوو، لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی. بەداخەوە لە عیراقی بەناو فیدرالیدا، ئەوەی هەرگیز گوێی پێ نەدراوەو پێی نادرێت، بابەتی پاراستنی کەرامەتی خاك و گەلانی عیراقە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیاو ئێران و داعش و لایەنەکانی تر.
شێوازو جۆری لەشکر (میلیشیا)کان:
بۆیە لە یەکێتی سۆڤیەتدا گرنگی بودجەیەکی زۆرو فراوان تەرخان دەکرا بۆ پێکهێنانی لەشکری یەکگرتووی بەهێزو مۆدرێن، هەرچی لە عیراقی فیدراڵ ناوە، هەر تەنیا بۆ ئەوەی هاوشێوەی لەشکری (پاسدارانی ئێرانی) دروست بکرێت، لایەنەکانی شێعە (کە زۆرینەی وڵاتەکەن) هەوڵی جدییان بۆ بچووککردنەوەی لەشکری فەرمی عیراق و سووککردنی تواناو دەسەلاتەکانیەتی. وە لەبری ئەوە هەوڵەکان لە دەیان کەنالی پلان و پیلانەوە بۆ دامەزراندنی میلیشیاکانی (حشدی شعبي)یە وەکو شێوازێکی تری پاسداران و حیزب اللــەی لوبنانی.
رۆڵی ناوەند لە پڵاندانانی دەوڵەتی:
لە سەرتاپای تەمەنی یەکێتی سۆڤیەتدا، سەرجەمی کارە (حکومیی، لەشکری، ئابوری، تەندروستی، پەروەردەیی، خزمەتگوازری، رووناکبیری و میدیایی)یەکان لە چوارچێوەی پیلانە کورت و ناوەندی و درێژ خایەنەکاندا، لە کۆنفرانسی ساڵانە یا لە کۆنفرانسی چوارساڵی حیزبی کۆمەنیستی سۆڤیەتی بڕیاریان لەسەر دەدراو پلانیان بۆ دادەنرا. لە عیراقی فیدراڵدا (هەتاکو بە دەستە جەمعی حیزبەکانی هەموو پێکهاتەکانیش) تاوەکو ئێستاش جۆرو شێوازی دەستێوەردانی حکومەت لەو کارو بەرپرسیارێتییە گشتییە ستراتیجییانەدا، نە زانراوەو نە ناوێکی دەستنیشان کراویان بۆ دانراوە. واتا گێژاوێکی بەردەوامییی فیکری و جێبەجێکاریی لە تێگەیشتنی حکومەتی گشتی (فراون) و حکومەتی بچووکدا هەیە.
دراو لە هەردوو وڵاتەکە:
لە سیستەمی سۆڤیەتیدا چاودێری و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دارایی و راگرتنی ئاستی نرخ و بەهای دراو (رۆبڵ)، ئەرکێکی هەرە ستراتیجی حیزبی کۆمەنیست و حکومەتی سۆڤیەتی بوو. لە عیراقی مەزندا، ئەو مەسەلە هەرە گرنگەی نرخ و بەهای دینار دراوەتە دەستی هەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت و بڕیارەکانی بانگی ناوەندی ئەمریکا!
مەسەلەی دەستنیشانکردنی سنوورەکان:
لە یەكێتی سۆڤیەتدا، چ بە ئەرێنی و چ بە نەرێنی، سنوورەکانی کۆمارەکان، ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان، و گۆڕانکارییەکانی ئەو سنوورانە، هەمیشە بە پێی بڕیاری حیزبی کۆمەنیستی مۆسکۆو دوو ئەنجومەنی دۆما (پەرلەمان) بڕیاریان لەسەر دەدرا. لە عیراقی بە ناو فیدراڵدا، لەوەتەی دەستووری وڵاتەکە داندراوەو ٨٠% ی خەڵکانی عیراق دەنگیان پێداوە، کەچی ئێستاو ئێستاش نە پەلەمانی عیراق و نە حکومەتەکەی ئامادە نین، خاڵەکانی بڕگەی ١٤٠ ی دەستوور جێبەجێ بکەن؛ کە گرنگترین و پڕ چارەسەرترین خاڵی دەستنیشانکردنی سنوورە ناوخۆییەکان و نەهێشتنی کێشە کەڵەکەبەستووەکانی عیراقە.
سەرچاوەکان:
١ – لینین: حق الامم في تقریر مصیرها / دار التقدم / موسکو/ ساڵ ؟
٢ – لینین: مسائل السیاسـة القومیـة و الاممیـة البرولیتاریـة / دار التقدم / موسکو/ ساڵ ؟
٣- جلال الطالباني: آ غد و دیموقراطي و حرمان شعب حتی من حق الحلم / ١٩٨٩ / منشورات الاتحاد الوطني الکردستاني.
٤- لینین: حرکـة شعوب الشرق التحرریــة الوطنیـة / دار التقدم / موسکو / ساڵ ؟
٥ – د. عبداللطیف جمال رشید: العلاقـة بین الحکومــة الاتحادیـة و حکومة اقیلم کردستان: ازمة لقاءات ام ازمة تفاهمات؟ شباط ٢٠١٦.
٦ – غسان الامام: هل تحفظ امیرکا الکردیـة وحدەة العراق؟ / جریدة الشرق الاوسط / ٥/١١/١٩٩٦.
٧- احمد الحبوبي: المطلوب مشروع وطني للعراق و لیس مشروع التقسیم/ جریدة الحیاة / ١٢/١٢/١٩٩٥
٨- عدنان الحلفي: طموح قومي لاترید المعارضـة العراقیة تصدیقە / جریدة الحیاة / ٩/١٠/١٩٩٦ .
٩- محمد الالوسي: لماذا نرفض الفیدرالیـة لاکراد العراق؟ جریدة الحیاة / ٢٨/٢/١٩٩٣
١٠- نظام الماردیني: اوهام اعادة رسم خریطـة شمال العراق/ جریدة الحیاة / ٢٩/١٠/ ٢٠٠٠
١١- معارضة سیاسات تقسیم العراق و ادانـة الارهاب: البیان الختامي لاجتماع دول اعلان دمشق / جریدة الحیاة/ ٢٩/١٢/١٩٩٥ .
١٢ – سەربەست کەرکووکی : چەڵەمەو سیاسەتە نێونەتەوەییەکانی ئەمڕۆو کێشەی کورد- ١٩٩٠ – کوردستانی نوێ.
١٣ – د. ولادیمیر پترۆسیان: سیاست جمهوری آذربایجان در قبال اقلیتهای ملی/ روژنامەای آوریل/ شمارە ٣٣ / اکتبر ١٩٩٨ ( مهر ١٣٧٧) .
13- Arif Younusov : Azerbaijan in the Early of XXI century: Conflicts and Potential Threats/Baku. Adiloglu. 2007. Chapter 2: Azerbaijan – Russian relations: Friendship and Corporation based on suspicion and mistrust.
14- Svante. Cornell: Small nations and great powers, A study of Ethno- political conflict in the Caucasus – London and New York. 2001.
15- Mikhail Stolyarov: Federalism and Dictatorship of power in Russia / Taylor & Francis / 2004.
16- Dmitri A Volkogonov: The Seven leaders who built the Soviet regime / Free press / 1999.
17- T.C. Tewatia: Soviet Theory of Federalism / The Indian Journal of Political Science. V 36 – No 2 / April 1975. Online.
18- Murray. Fishback: The Soviet Union Population Trends and Dilemmas / Washington DC - 1982
19- R. Sharlet: The New Soviet Constitution / Times dated: 6 June 1977.