دەستەی ئەرکی کاری دارایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقا (FATF) عێراقی بەیەکێک لەو وڵاتانە هەژمارکرد کە زۆر پابەندە بەڕاسپاردەکانی بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارەو دابینکردنی دارایی تیرۆر.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، “ڕێکخراوی گروپی کاری دارایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقا (MENAFATF) لەکۆبونەوەی گشتیی خۆیدا کە لەشانشین بەحرەین بۆ ماوەی 19-23ی ئایاری 2024، عێراقی بەیەکێک لەو وڵاتانە هەژمارکرد کە زۆر پابەندە بەڕاسپاردەکانی گروپی کاری دارایی (FATF) لەبواری بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارەو پارەدارکردنی تیرۆریستان".
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “ڕاپۆرتی تایبەت بەعێراقو گونجاوی ئەو ڕێکارانەی کە دەسەڵاتدارانی عێراق لەبواری بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارەو پارەدارکردنی تیرۆردا پەیڕەوی لێکردون قبوڵکراو ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕێکخراوەکە بەردەوامدەبێت لەوەی عێراق نەخرێتە لیستی خۆڵەمێشیەوە، کە لیستی وڵاتانی مەترسیدارە لەبواری سپیکردنەوەی پارەو پارەدارکردنی تیرۆریستان".