لە فڕۆكەخانەی بەغدا پێشوازی لە یەكەم كاروانی بریندارانی غەززە كرا
  2024-05-22       439       

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە فڕۆكەخانەی بەغدا پێشوازی لە یەكەم كاروانی بریندارانی غەززە كرد كە بۆ وەرگرتنی چارەسەر هێنراون.

ئاوێنە: هانی عوقابی، بریكاری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق، وتی، لەسەر داوای سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی و بە سەرپەرشتی وەزیری تەندروستی، ئەمڕۆ پێشوازیمان لە یەكەم كاروانی بریندارانی غەززە كرد كە لە 27 برینداری خەڵكی غەززە پێكهاتون لەگەڵ ژمارەیەك لە یاوەرانیان كە بەكۆ پێكهاتون لە 42 كەس.

بەپێی قسەی عوقابی، بەشێك لە بریندارەكان برینەكانیان سەختەو لەنێویاندا منداڵ و ژن و كەسانی بەساڵاچو هەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بریندارانە لە "شاری پزیشكی" لە بەغدا چارەسەردەكرێن و وەزارەتی تەندروستی سەرجەم پێداویستییەكانی گواستنەوەو چارەسەركردنیانی لە ئەستۆ گرتوەو ئەو بریندارانە بە فڕۆكەیەك كە كارمەندی پزیشكی و پسپۆڕیی عێراقییان لەگەڵ بوە، گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمە كاروانی یەكەمە و كاروانی دیكەی بریندارانی غەززەش دەهێنرێنە عێراق.


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×