ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبونەوەی خۆی لەبارەی هەمواری یاسای بودجە ئەنجامدا. پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەكە دەڵێت، چاوەڕواندەکرێت بە پەسەندکردنی هەموارەكە، کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەتەواوی چارەسەر ببێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمان، یەكەم كۆبونەوەی خۆی تایبەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 .
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی جەختی لە پەلەكردن لە پەسەندكردنی هەموارەكە كردۆتەوە بەر لە كۆتایی ئەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەمان.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیار دراوە هەردو وەزیری دارایی و پلاندانانی عێراق میوانداری بكرێن بۆ ئامادەبون لە لیژنەكەیان بەمەبەستی تاوتوێكردنی وردەكارییەكانی خشتەكانی بودجە.
لای خۆیەوە د. نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری كوردو ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقی لەبارەی هەمواری یاسای بودجەو كۆبونەوەكەیان وتویەتی، پشکی هەرێمی کوردستان لەم بودجەیە زیاتر لە 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارەو لەو بڕەش زیاتر لە 14 تریلیۆن و 840 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ بواری خەرجی بەگەڕخستن کە زیاتر لە 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە 965 ملیار دینار.
د. نەرمین مەعروف ئەوەشی خستۆتەڕو، پشتبەست بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و جێبەجێکردنی رێکارەکانی بە بانکیکردنی موچە چاوەڕواندەکرێت بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، کێشەی موچە لە هەرێمی کوردستان بەتەواوی چارەسەرببێت.