جۆ بایدن وادەى مانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە عێراق درێژ كردەوە
  2024-05-21       261       

سەرۆكی ئەمریكا واژۆی لەسەر بڕیاری درێژ كردنەوەی باری نائاسایی نیشتمانی لە عێراق كرد و ڕەوانەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی كرد، ئەمە لە كاتێكدایە، حكومەتی عێراق هەموو هەوڵەكانی بەگەڕ خستووە، بۆ دوورخستنەوە و دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە وڵاتەكەی.

میدیا عەرەبییەكان لە بارەی واژۆكردنی بڕیاری درێژ كردنەوەی باری نائاسایی نیشتمانی لە عێراق لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە و ڕەوانەكردنی بۆ كۆنگرێس زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا باری نائاسایی نیشتمانی بۆ ماوەی ساڵێك و تا ٢٢ــی ئایاری ٢٠٢٥ لە عێراق درێژ بكاتەوە، بە مەبەستی ئاوەدانكردنەوەی عێراق، پاراستنی ئارامی و ئاسایش  و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەكان، چونكە هێشتا زۆر شت هەیە، هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە و ئەمریكاش دەكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەبەر بەردەوامی ئاڵنگارییەكان بڕیارماندا بە درێژكردنەوەی باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێكی دیکە.

ئەمە لە كاتێكدایە، حكومەت و لایەنە شیعەكانی عێراق هەموو هەوڵەكانیان بەگەڕ خستووە، بۆ دوورخستنەوە و دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی باڵای سەربازیی لە نێوان عێراق و ئەمریكا پێكهێنراوە.

جێگەی ئاماژەیە، لەسەردەمی ئیدارەی جۆرج بوشی كوڕ و لە ساڵی ٢٠٠٣ بە ژمارە (١٣٣٠٣) بڕیاریدا باری نائاسایی نیشتمانیی لە عێراق ڕابگەیەنێت، بڕیارەكە گوزارشتە لەوەی كە ئەمریكا مافی دەركردنی بڕیاری هەیە لەسەر عێراق ئەگەر بزانێت دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشیی نەتەوەیی ئەو وڵاتە، هەروەها بە هەمان فەرمان بڕیار لەسەر پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣درا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×