پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەكەی ئەم هەفتەیەی بڵاوكردەوە
  2024-05-20       264       

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق لە بارەی شەش پرۆژە یاسا كۆ ببێتەوە، كە گرنگترینیان بریتین لە، دەنگدان لە سەر هەموواری دووەمی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەدرێت، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەكرێت.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ڕۆژى چوار شەممەی ئەم هەفتەی پەرلەمان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و تێیدا خوێندنەوە و دەنگدان بۆ چەند پڕۆژە یاسایەك بكات، یەكێك لەوانەش دەنگ لە سەر هەموواری دووەمی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەدرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بكرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای دامەزراوەی شەهیدان بكرێت، هەر لە كۆبوونەوەكەدا دەنگ بە پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەكان دەدرێت.

لە كۆتایدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە كۆبوونەوەكە كاتژمێر ی ١ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×