رەوا هەژار
لە دەرەوەی دیمەنی ئەدەبی کوردیدا، خوێنەر بە هەر ئاقارێکدا هەڵڕوانێ، دەرکەوتووترین دیمەن کە خۆ لە بینایی دەسوێ، وێنەی شاعیرێکی بیرکەرەوەی هاوچەرخی عەرەبە، کە لەسەر بەرزایییەک وەستاوە، بەرزایییەک سەرنجی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورتریش بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت. بەرزایییەک تەنیا چەند کەسێکی هەڵبژێردراو لە هەر کولتوورێکدا توانای بەدەستهێنانیان هەیە، ئەو شاعیرە- کە نوێنەرایەتیی یەکێک لە بڵندییە هەرە دیارەکانی دیمەنی ئەدەبیاتی عەرەبی دەکات، ئەدۆنیسە.
ناسراوترین خەسڵەتی شیعریی ئەدۆنیس پچڕانە لەگەڵ فۆرمی شێوەنووسیی کلاسیکانەی بوێژانی عەرەبدا. بەیتی ئازاد و داهێنەرانە، کە کەمتر ڕچەی فکرییان لە یەکدی دەپچڕێنەوە و هێز لە لێهاتوویییە زمانەوانییەکانی شاعیر وەردەگرن، جۆرە ئازادییەکی دەربڕینیان بە زمانی شیعریی ئەدۆنیس داوە، کە زۆرینەی پانتایییە فەرمۆشکراوەکانی زمان و کولتووری عەرەبی تێدا بە دەنگ هێنراوە. ئەم شێوازی نوسینە، کە مۆدێلێکی مۆدێرنیستییە، لە کۆمەڵەشیعری " گۆرانییەکانی میهیاری دیمەشقی"دا لە بەرزترین ئاستی خۆیدا، کاری پێ کراوە. ئەدۆنیس لە ڕێگەی ئەم کۆمەڵەشیعرەوە توانیویەتی چەندین دەرەتانی نوێ لە ئاسۆی شیعری عەرەبیدا بدۆزێتەوە و خوێنەر بخاتە بەر ئەزموونێکی تەواو چڕ و نوێگەرانەوە. لەم کۆمەڵەیەدا زمان وەک ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسە هەوێنی و ئاڵۆزەکانی میتافیزیک و بوونگەرایی، لە ڕێگەی درووستکردنی وێنەی شیعریی نەمر و تێر و چڕ و فرەچینەوە، بەکار دەهێنێت.
"بیابان بە تەنیا لە بیاباندا نییە،/ لە زمانماندایە، لە خانەکانی مێشکماندایە،/ لە شینبوونی چاوەکانماندایە، لە بارانەکەماندایە."
ئەم جۆرە گوزارشتانە کە زۆرجار لە کۆمەڵێک ئاماژەی بەرفراوانی کولتووری، مێژوویی و ئەفسانەیییەوە وەرگیراون و لە چەندین جێگەدا بە شێوەی جیاواز دووبارە کراونەتەوە، وێنەسازییەکی زیندوو و هەندێک جاریش سوریالی و پڕ لە هێما و مێتافۆر دەکێشن، کە دنەی خوێنەر دەدەن قووڵتر بچێتە ناو دەقەکەوە و زۆرتر تێکەڵی توخمە سرووشتی و مرۆیییەکانی ئەو وێرانییە بەربڵاوە وجوودی و چەقبەستوویییە کولتوورییانە بێت، کە ئەدۆنیس بە لەسەروەستانێکی زۆرەوە، بەردەوام ئاماژەیان بۆ دەکات. لێرەوە ئەدۆنیس بە هەموو توانای ئەدەبیی خۆیەوە هانی خوێنەر دەدات بە پێی داخوازییە پەرەسەندووەکانی دنیای نوێ، سنوورە ئاسایییە دەقگرتووەکانی بیرکردنەوە و زمان و شیعر تێپەڕێنن و بە دوای سەرزەمینی نوێدا بگەڕێن. ئەو پێی وایە بیرۆکەی ڕادیکاڵ و داهێنەرانە و شیعر ئەو ئامرازانەن، کە مرۆڤی ڕۆژهەڵات دەتوانێت ئاسۆی نوێی پێ بدۆزێتەوە. ئەگەرنا دەبێت لەناو هەمان کوێرەوەرییە دووبارەکانی خۆیان و دەوروبەریاندا دڵنیایییە سەرابییەکانیان کاوێژ بکەنەوە و ئەو توانا فراوان و سیحراوییە لە دەست بدەن، کە ئەدەب دەتوانێت پەردەی لەسەر لا بدات.
پەیڤەکانی ئەدۆنیس بە نەفەسی پێغەمبەرێکی متەسەوفی پڕگومانەوە، گۆ دەکرێن. دەیەوێت لە ڕێگەی نووسینەکانییەوە بانگەواز بۆ گۆڕانکارییەکی ورد و لە هەمان کاتدا ڕیشەیی لەناو جیهانی عەرەبیدا بکات- دەیەوێت جووڵەیەک درووست بکات کە ببێتە پاڵنەرێک بۆ گۆڕانکاری بەبێ ئەوەی هیچ بزووتنەوەیەک درووست بکات. هەوڵ دەدات ناوچەیەک بەهێز بکات، کە ئەو وەک هەرێمێکی وێرانە و داخوراو لە مێژە بە سەیرکردنییەوە، ماندووە.
تێڕوانینی ئەدۆنیس بۆ چەمکی کات بە گشتی و مێژوو بە تایبەتی تێڕوانینێکی تەواو گومانکارانە و لە هەمان کاتیشدا ڕۆشنگەرانەیە. ئەو بە هیچ جۆرێک نایەوێت مێژوو وەک کۆگایەکی بەرهەمهێنانی نەریت قبووڵ بکات، بەڵکوو مێژوو وەک زنجیرەیەک ڕووداوی خولگەیی و ساتەوەختی و پارچەپارچە دەبینێت، کە هەریەکەیان دەبێت بەردەوام کراوە بن بۆ دووبارەلێکدانەوە و ڕاڤەی نوێ.
"کات لە پێستە کۆنەکەیەوە دەفڕێت،/ مێژوو ئەفسانەیە/ ئێمە داهێنان دەکەین و دواتر باوەڕیان پێدەکەین"
ئەم دێڕە و زۆری تری هاوشێوە، بە جەختکردنەوەیەکی بەردەوامەوە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی ئەو بەرامبەر بە چەمکی مێژوو لە خۆ دەگرن. دەیەوێت بڵێت ئەو مێژووەی دنیای عەرەب وەک ڕاستییەکی مێژوویی و بابەتی قبووڵی کردووە و شووناسی کولتووری خۆیی لەسەر میقات کردووە، لە ڕاستیدا کۆمەڵەچیرۆکێکە، کە لە لایەن هێزە کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە تاکڕەهەندەکانەوە لە قاڵب دراون. ئەم گێڕانەوانە خزمەت بە ئەجێندا تایبەتەکان دەکەن و هەندێک پێکهاتەی دەسەڵات بەهێز دەکەن، نەک باسێکی بێلایەنانەی ڕابردوو، کە خزمەت بە ئێستای مرۆڤی جوگرافیاکەی خۆی بکات.
ڕەخنە دەربارەی ئەدۆنیس زۆرن. یەکێک لەو ڕەخنانەی کە بۆ خۆم دەکرێت ئاڕاستەی ئەدۆنیسی بکەم ئەوەیە، کە هەرچەندە شیعرەکانی پڕن لە وێنەی چڕ و سوریال و مێتافۆری ئاڵۆز، کە هانی خوێنەر دەدەن بۆ ئەوەی لە ئاستێکی فکریی قووڵدا لەگەڵ دەقەکاندا خەریک بن، لێ ئەم ئاڵۆزییە وای کردووە شیعرەکانی بۆ خوێنەری ئاسایی زۆر دوورەدەست نامۆ بن، ئەمەش جۆرە دابەشبوونێک لە نێوان ئەدەبی نوخبە و جەماوەری گشتیدا درووست کردووە، کە ئەوەندەی تر شیعری لە ناوەندە گشتییەکان دابڕیوە و کردوویەتی بە گەمەیەکی لەزەتبردن بۆ نوخبە. ئەم مەیلە نوخبەگەرایییە پرسیارێک دەورووژێنێت: ئایا شیعرێک کە پێویستی بە پلەیەکی وەها بەرزی تێگەیشتنی فکری هەبێت، دەتوانێت بەڕاستی خزمەت بە درووستکردنی ئەو جووڵە فراوانە بکات کە شاعیر لە خەمیدایە؟
ئەم کتێبە بە ناونیشانی "ئەدۆنیس" شەش کۆمەڵەشیعری شاعیر لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ کورتە ژیاننامەیەکیدا کە لە چاوپێکەوتنێکی وەرگیراوە، هەروەها پێشەکییەکی وەرگێڕ. ئەم بەرهەمە بە جۆریەتییەکی زۆر باشەوە لە لایەن عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجییەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر کوردیی ناوەڕاست. لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن وەشانخانەی باڵندەوە بڵاو کراوەتەوە.