لەم مانگەدا سەرژمێری تاقیكاری دانیشتووانی عێراق دەستپێدەكات
  2024-05-19       297       

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی كردەوە، سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ سەرژمێری دانیشتووانی عێراق تەواو بووە و لە ٢٦ـی ئەم مانگەوە دەست بە سەرژمێری تاقیكاری دەكرێت، هەروەها سەرژمێرییەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە بارەی وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری تاقیكاری دانیشتوانی عێراق و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتەکەمان پابەندە بە پلانی كاركردن بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق، هەروەها سەرژمێرییەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، دەسەڵاتی سیستەمی ئامار و زانیاری جوگرافی بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی بەردەوامدان، سەبارەت بە دامەزراندنی ناوەندی داتا و سەنتەری پەیوەندییەكان، هەروەها درووستكردنی تابلێت بەپێی تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی پێش كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرژمێری تاقیكاری لە ٢٦ـی ئەم مانگە لە سەرجەم پارێزگاكان بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەست پێدەكات، داواش لە توێژەرانی ئەم بوارە دەكەین، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتووی تەواو بێت، كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی كە ڕەنگە ڕووبەڕووی وڵاتمان بێتەوە.

دواین سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ لە پارێزگاكانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە، چونكە ئەوكات هەرێم لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا نەبوو، خۆی ئیدارە و حكومەتی هەبوو، بۆیە بۆ زۆربەی پرسەكان پشت بە ئاماری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٨ دەبەسترا كە ئەو كات لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمیش لە ئەنجام دراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×