رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا نوسراوی لێبوردنی بۆ حەوت جەنەڕاڵی زیندانیکراو دەرکرد، کە تۆمەتبارکرابون بە کودەتای سەربازی دژی حکومەتی ساڵی 1997ی تورکیا.
لە نوسراوەکەی ئەردۆگان ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ئەفسەرانە کە لە ساڵی 2018 بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراون دوای دادگاییەک کە پڕبوە لە "سوپرایز" لە ئێستادا بەساڵاچون و تەندروستیان ناجێگیرە.
نوسراوی لێبوردن بۆ تۆمەتبارانی کودەتا دژی حکومەتی تورکیا لە کاتێکدایە کە دادگای ئەنقەرە سزای 42 ساڵ زیندانیکردنی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری کود دەرکردوە بە تۆمەتی تێکدانی یەکڕیزی دەوڵەت.
پێشتر پارتی گەلی کۆماری، پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لە پەرلەمان و براوەی یەکەمی دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، داوای ئازادکردنی ئەو ئەفسەرانەی کردبو، ئۆگوز ئۆزیل سەرۆکی پارتەکەش لەبارەی ئازادکردنیانەوە دەڵێت، "ئازادکردنیان دواکەوت بەڵام دادپەروەرانە بو."
لە ساڵی 1997 دەستەی ئەرکانی گشتی تورکیا لە ژێر ناوی "پاراستنی عەلمانیەت" نەجمەدین ئەربەکانی سەرۆک وەزیرانی ئەو سەردەمەی تورکیای ناچار کرد دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت.