پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق چووه‌ خولی سێیه‌م
  2024-05-18       319       

به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ یه‌كێك له‌كاندیده‌كان زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانیی به‌ده‌ستبهێنن، خولی‌ دووه‌می‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چو. خولی‌ سێیه‌می‌ كێبڕكێكه‌ له‌نێوان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌و سالم عیساویدا ده‌بێت.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، بەئامادەبونی 311 ئه‌ندام، په‌رله‌مانی‌ عێراق كۆبوه‌وه‌و پرۆسه‌ی‌ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان به‌ڕێوه‌چو.

هه‌ریه‌ك له‌سالم عیساوی‌، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌، ته‌لال زه‌وبه‌عی‌و عامر عه‌بدولجه‌بار خۆیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌كه‌ی‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی‌، سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مان كاندید كرد، به‌ڵام دواتر تەڵاڵ زوبەعی كشایەوەو داوایكرد دەنگ بەمەحمود مەشهەدانی بدرێت، كێبڕكێی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌خولی دووه‌مدا له‌نێوان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌و سالم عیساویدا بو.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، هیچ کام لەکاندیدەکان 167 دەنگی به‌ده‌ستنه‌هێنا، بۆیه‌ كێبركێكه‌ چووه‌ خولی‌ سێیه‌می‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

بەپێی ئەنجامەكانی‌ خولی‌ دووه‌می‌ ده‌نگدان، سالم عیساوی 158 دەنگی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەریشدا مەحمود مەشهەدانی137 دەنگی بەدەستهێنا، هه‌روه‌ها عامر عه‌بدولجه‌بار سێ ده‌نگ‌و 13 ده‌نگی‌ پوچه‌ڵیش هه‌بو، به‌وه‌ش هیچ یەکێک لەكاندیدەكان دەنگی پێویستیان بۆ بون بەسەرۆكی ئەنجومەن بەدەستنەهێنا.

له‌رۆژی‌ 14ی 11ی 2023وه‌ په‌رله‌مان بێ سه‌رۆكه‌، كۆبونه‌وه‌و كاره‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن موحسین مه‌نده‌لاوی‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت، پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ سکاڵایەکه‌وه‌ دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبوسی، له‌پۆستی‌ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دورخستەوە.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی‌ عێراق بڵاویكرده‌وه‌، لەسەرەتای كۆبونەوەكەی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌ماندا، پەرلەمان دەنگیدا لەسەر درێژكردنەوەی وەرزی یاسادانانی خۆی بۆ ماوەی 30 رۆژ.

هەر لە كۆبونەوەكەدا، پەرلەمان خوێندنەوەی دوەمی بۆ پڕۆژە یاسای پشوە رەسمییەكان كردو هەروەها خوێندنەوەی دوەمیشی بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامدا كە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن لەخۆدەگرێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ د. بڕیار ره‌شید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، په‌رله‌مان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌یدا خوێندنەوەی دوەمی بۆ پڕۆژه‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژرادنەکانی عێراق كرد بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بات.

بڕیاره‌ له‌دانیشتنه‌كانی ئاینده‌دا دوای ئاماده‌كردنی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای درێكردنه‌وه‌ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن بدرێت به‌مه‌به‌ستی سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×