سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردنی بودجە كۆدەبێتەوە
  2024-05-18       194       

بڕیارە سبەی یەكشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا گفتوگۆ لەسەر خشتەكانی بودجە بكات و راوێژكارێكی سودانی دەڵێت، دوای پەسەندكردنیان لە ئەنجومەنی وەزیران، خشتەكان دەنێردرێن بۆ پەرلەمان.

ئاوێنە: مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رەسمی عێراق، لە دانیشتنە تایبەتەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەسەر خشتە داراییەكانی بودجە دەكرێت.

وتوشیەتی، خشتەكان بە بڕیارێك لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەنددەكرێن و پاشان دەنێردرێن بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنیان ئەوەش لەسەر بنەمای ماددەی 77/دوەم لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەدوایین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا، سبەی یەكشەممە، دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆكردن لەسەر خشتەكانی بودجە بەڕێوەبچێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×