چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان كۆبوەوە
  2024-05-16       229       

چوارچێوەی هەمانگیی شیعەكان جەخت لە گرنگی بەڕێوەچونی دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمان دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.

ئاوێنە: چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆبونەوەیەكی بەپەلەیان ئەنجامداوە لەبارەی یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی دانیشتنی رۆژی شەممە 18ی ئایاری 2024ی پەرلەمان كراوەتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان.

چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانتاران كردوە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و لە دانیشتنەكەدا ئامادەبن بۆ "یەكلاكردنەوەی ئەم ئیستحقاقە نیشتیمانییە گرنگە."

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ چوارشەممە، بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانی بڵاوكردەوە كە بڕیارە رۆژی شەممە 18ی ئایار بەڕێوەبچێت و سێ بڕگە لەخۆی دەگرێت.

بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە تەرخانكراوە بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژە یاسای پشوە ڕەسمییەكان.

لە بڕگەی دوەمی دانیشتنەكەشدا خوێندنەوەی دوەم بۆ پێشنیارە یاسای هەمواری دوەمی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت كە هەموارەكە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن لەخۆدەگرێت.

بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لە بڕگەی سێیەمدا سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت.


 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×