چوارچێوەی هەماهەنگی: هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەچێتە خولی سێیەمەوە
  2024-05-15       201       

پەرلەمانتارێكی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، چوارچێوەكەیان هەنگاوی جددی ناوە بۆ ئەوەی ڕۆژى شەممەی داهاتوو خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، دەشڵێت، لە خولی دووەم كام كاندید زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوا ئێمە لە خولی سێیەمدا پشتیوانی لێ دەكەین.

عامر فایز ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی لە بارەی دواین زانیارییەكان و سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێیی پەرلەمانی عێراق لە هەفتەی داهاتوودا بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عامر فایز بە كەناڵی سۆمەرییەی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر ڕەوایەتی و دەستووری بوونی خولی یەكەم هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دەركرد، شەممەی داهاتوو دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەم دانیشتنەش خولی دووەم دەبێت، كە تەواوكەری خولی یەكەمە، كە شەش مانگ لەمەوبەر بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، دیارترین كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە بریتین لە مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی، پێشبینیش دەكەین چانسەكان بۆ ئەو دوو كاندیدە هاوشێوە بن، چونكە هەڵبژاردنەكە بۆ خودی پەرلەمانتارەكان جێهێڵدرا بەبێ هیچ سانسۆرێك.

دەشڵێت، لە قۆناغی سێیەمدا چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ هەركاندیدێك دەبێت، كە زۆرترین دەنگی لە قۆناغی دووەمدا بەدەستهێنابێت، دواتر دەچنە قۆناغی سێیەم بۆ ئەوەی سەرۆكى پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

عامر فایز سەبارەت بە خشتەی بودجە وتی، خشتەكان ئامادەن و سەرۆكی حكومەتیش چوارچێوەی هەماهەنگی لەوە ئاگادار كردەوەتەوە، بەڵام چاوەڕێی یەكلاییكردنەوەی دۆسێیەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەك پێش ناردنی خشتەكان نەبێت.

كاندیدى سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە بەدەستهێنانی ١٦٦ دەنگ هەیە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی پەرلەمان، تا ئێستاش كێشەی سەرۆكی پەرلەمان بەردەوامە و بەشێوەیەكی فەرمی یەكلایی نەكراوەتەوە، دیار نییە، ئایە ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت یان دووبارە دانیشتنەكەی پەرلەمان دوادەخرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×