رۆیتەرز: سەدر پلانی بەهێزی هەیە بۆ پێکهێنانی زۆرینەی حکومەت
  2024-05-12       521       

 چەند سەرچاوەیەک لە لایەنە شیعەکان رایانگەیاند، موقتەدا سەدر ئامادەکاری بۆ دانانی بناغەی گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی دەکات، ئەوەش لە دوای دو ساڵ لە هەنگاوی کوشندە و شكستخواردو کە لە کاتی پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی توشی بو.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ژمارەیەک چاودێری سیاسی و لایەنە شیعەکانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ساڵی داهاتو بەرێوەبچێت موقتەدا سەدر بگەرێتەوە، ئەمەش هەڕەشە لەسەر هەژمونی حزبە شیعەکانی دیکە و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دروست دەکات، هەروەها لەوانەیە ئەو سەقامگیرییە تێکبدات کە عێراق لەم دواییانە بە خۆیەوە بینویەتی.

سەرەڕای ئەوە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە شیعەکان پێشوازی لە گەڕانەوەی سەدر بکەن، بە تایبەتی جەماوەرەکەی و خەڵکانی هەژاری عێراق کە وەک پاڵەوانێکی دژ بە خراپەکاران سەیری دەکەن.

پەرلەمانتارێکی پێشوی رەوتی سەدر دەڵێت، "ئەمجارە رەوتی سەدر پلانێی بەهێزتری هەیە بۆ بردنەوەی کورسی زیاتر لە پێناو پێکهێنانی زۆرینەی حکومەت، سەرەڕای ئەوەش هێشتا رەوتی سەدر بڕیاری کۆتایی لە بارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن نەداوە.

بەشداری کردنی سەدر لە سیاسەت بە لای ئێرانەوە گرنگە بۆ پاراستنی سیستمی سیاسی عێراق کە ماوەیوکی دور و درێژە هەژمونی شیعەکانی بەسەروەیە، سەرەڕای ئەوەش ئێران رەتی دەکاتەوە رەوتی سەدر وەک هێزێکی خاوەن هەژمونی سەربەخۆ ناوبهێنێت.

لە مانگی (ئازار/3) موقتەدا سەدر هاتوەتە بەر روناکی، سەرەتا کۆبونەوەیەکی دەگمەنی لەگەڵ عەلی سیستانی رێبەری باڵای شیعە مەزهەبەکانی عێراق ئەنجامدا، کەسایەتییەکی ئاینی نزیک لە عەلی سیستانی دەڵێت، "سەدر لەگەڵ سیستانی باسی لە گەڕانەوە بۆ سیاسەت کردوە، دوای چەند رۆژێک لەو کۆبونەوەیە موقتەدا سەدر رێنمایی ئاڕاستەی ئەو پەرلەمانتارانە کرد کە لە ساڵی 2021 دەستیان لە کارکێشایەوە.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی نیگەرانن لە گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی، هەندێکی دیکەش دەڵێن گەڕانەوەی سەدر گەڕانەوەیەکی سادە و خۆنەویستانە دەبێت لەبەر ئەو شکستەی بەرامبەر لایەنە شیعەکانی دیکە توشی بو لە پێکهێنانی حکومەت، بابەتی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکاش دۆسییەکی دیکە دەبێت بۆ سەدر.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×