محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نامەیەكی رەسمیدا كە ئاڕاستەی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكانی كردوە داوا دەكات كۆتایی بە ئەركی یونامی(نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاریكاری عێراق) بهێنرێت.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەنامەكەیدا كە لەڕێگەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراقەوە لە نەتەوە یەكگرتوەكان ئاڕاستەی سكرتێری گشتیی ئەو رێكخراوەی كردوە، داوای كردوە تاوەكو 31ی كانونی یەكەمی 2025 بەتەواوەتی كۆتایی بە ئەركی یونامی لە عێراق بهێنرێت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەماوەی ئەمساڵدا تا داخستنی، ئەركی یونامی كورتبكرێتەوە تەنیا بۆ دۆسیەكانی چاكسازیی ئابوری، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، گەشەپێدانی بەردەوام، گۆڕانی كەشوهەواو بابەتەكانی دیكەی پەیوەست بە گەشەپێدان.
سودانی ئامادەیی تەواوەتی حكومەتەكەی دەربڕیوە بۆ هاوكاری و پشتیوانی لە داخستنی یونامی و هەروەها گفتوگۆكردن بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر میكانیزمی داخستنەكە.
هەروەها لە نامەكەیدا وتوشیەتی، ئێمە متمانەی تەواومان بە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە كە لە گۆڕانكارییە كۆنكرێتی و ئەرێنییەكانی عێراق لەماوەی دو دەیەی رابردودا تێدەگەن، بۆیە هیوادارین ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێك دەربكات بۆ دیاریكردنی وادەی كۆتاییهێنان بە ئەركی یونامی بەگوێرەی ئەو داواكارییەی حكومەتی عێراق كە لەم نامەیەی ئێمەدا هاتوە.