سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژبكاتەوە.
ئاوێنە: فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پشت بەست بە ماددەی 58 لە دەستور، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا وەرزی یەكەمی یاسادانانی ئەمساڵی پەرلەمان بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژبكاتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دەبو پشوی وەرزی یاسادانان لە ئەمڕۆ 10ی ئایارەوە دەستپێبكات كە بۆ ماوەی دو مانگ بو بەڵام لەدوای ئەم بڕیارەوە، پەرلەمان بۆ وەرزی یەكەمی تەنیا 30 رۆژ پشو وەردەگرێت.
هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كە دوێنێ 9ی ئایار خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، یەكێكە لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی كە چاوەڕێ دەكرێت لەماوەی ئەم 30 رۆژەدا لە پەرلەمان پەسەندبكرێت كە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە لە خۆدەگرێت تاوەكو بتوانێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات.