محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا كۆبونەوەو جەختیان لە "بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە وەك باشترین بژاردە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور و هاوبەشیی راستەقینە" كردەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ هەینی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق کۆوەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان و ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە تاوتوێكران و جەخت لە سەرخستنی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی و خزمەتگوزاری كرایەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "لەدرێژەی كۆبونەوەكەدا پەیوەندیی نێوان لایەنەكان و بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە وەك باشترین بژاردە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور و هاوبەشیی راستەقینە دوپاتكرایەوە. داواشكرا یاسا بەركارەكان هەوێنی تێپەڕاندنی ئاستەنگییەكان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەكان بن و هەمو هەوڵەكان لەخزمەت خەڵك و سەقامگیریی وڵاتدا بێت."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "کۆبونەوەكە پابەندیی خۆی بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هەمولایەک بەبێ جیاوازی دوپاتکردەوە."