لەتەقینەوەی بنكەكەی حەشدی شەعبیدا چەكدارێك كوژراوەو هەشتی دیكەش بریندار بون
  2024-04-20       542       

درەنگانی شەوی رابردو تەقینەوە لە بنكەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل رویدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە تەقینەوەكەدا چەكدارێكی حەشدی شەعبی كوژراوەو هەشت چەكداری دیكەش برینداربون. دەشڵێت، بەپێی راپۆرتی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی، هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەر لە تەقینەوەكەو لەكاتی تەقینەوەكەشدا لە ئاسمانی بابل نەبوە.

ئاوێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، شەعات 1ی شەوی رابردو، تەقینەوەو ئاگركەوتنەوە لەناو بنكەی كالسۆ لە باكوری پارێزگای بابل رویدا كە بنكەكە هێزەكانی حەشدی شەعبی، سوپا و پۆلیس لەخۆدەگرێت.

وتوشیەتی، تەقینەوەكە بوە هۆی كوژرانی چەكدارێكی حەشدی شەعبی و برینداربونی هەشت چەكداری دیكە كە یەكێكیان سەربازی سوپا بوەو برینەكانیان مامناوەندو سوكن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لیژنەی باڵای تەكنیكی پێكهێنراوە بۆ زانینی هۆكارەكانی تەقینەوەكەو ئاگرەكە.

وتوشیەتی، بەپێی هێزەكانی هاوپەیمانان و وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بەڕەسمی و لە ڕێگەی بەیاننامەی جیاوە وتویانە هیچ چالاكییەكی ئاسمانی یان سەربازی لە بابل نەبوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی وتوشیەتی، راپۆرتی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی عێراق لەڕێگەی پشكنینی رادارییەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی یان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان بەر لە تەقینەوەكەو لەكاتی تەقینەوەكەشدا لە ئاسمانی بابل نەبوە.

ئەوەش لەكاتێكدا كە میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی ئیسرائیل یان ئەمریكایان تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی تەقینەوەكەو بەشێكیان باسیان لەوە كردوە كە بنكەكەی حەشدی شەعبی بە درۆن بۆردومان كراوە.

لەبەرامبەر ئەوەدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەمریكا هێرشی ئاسمانی لە عێراق ئەنجامداوە، ئەو راپۆرتانە راست نین و ئەمریكا هیچ هێرشێكی ئاسمانی لە عێراق ئەنجام نەداوە.

هاوكات بەرپرسێكی ئیسرائیلی بە كەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندوە، وڵاتەكەی هیچ پەیوەندییەكی بەو تەقینەوەیەوە نییە كە لە عێراق رویداوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×