رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، لەگەڵ لایەنی عێراقی لە بەغدا تاوتوێی ئەو هەنگاوە هاوبەشانەیان كردون كە دەكرێت دژبە پە*كە*كە لەنێو خاكی عێراق بگیرێنەبەر.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەپاش كۆبونەوەی چەند سەعاتی نێوان وەفدی عێراقی و وەفدی توركی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەیان كرد.
ئەردۆغان وتی، پێموایە سەردانەكەمان و ئەو رێككەوتنانەی ئیمزامان كردن دەبنە خاڵێكی وەرچەرخانی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیادا.
وتیشی، "دۆسەی ئەمنی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر یەكێك بو لە بابەتە گرنگەكانی كارنامەكەمان و تاوتوێی ئەو هەنگاوە هاوبەشانەمان كرد كە دەكرێت بگیرێنەبەر دژی پەكەكەو رێكخراوەكانی سەربە پەكەكە كە لە خاكی عێراقەوە توركیا دەكەنە ئامانج."
ئاماژەی بەوەشدا"پێشوازیمان لە ناساندنی پەكەكە وەك رێكخراوێكی قەدەغەكراو لە عێراق كرد." وتیشی"ئێمە ئامادەین بۆ پێشكەشكردنی هەمو جۆرە هاوكارییەك كە حكومەتی عێراقی پێویستییەتی بۆ هەر هەنگاوێك لەم روەوە."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەردۆغان وتی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بەرزبۆتەوە بۆ 20 ملیار دۆلار. ئاماژەی بەوەشدا، سورین لەسەر بەشداریكردن لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لیژنەیەكی توركی-عێراقی پێكهێنرا بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لەسەر بنەمایەكی زانستی و عەقڵانی.
هەروەك ئەوەشی خستەڕو، باس لە پێكهێنانی لیژنەیەكی هەمیشەیی كرا بۆ بەدواداچونی دۆسیەی ئاو.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لەدوای بەغدا سەردانی هەولێر دەكەم بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە هاوبەشەكان.