شەعلان كەریم لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كشایەوەو دەستەلەكاركێشانەوەی خۆیشی لە هاوپەیمانی تەقەدوم و فراكسیۆنە پەرلەمانییەكەی راگەیاند.
ئاوێنە: شەعلان كەریم، كاندیدی هاوپەیمانی تەقەدوم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو چوارشەممە، كشانەوەی خۆی لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكەو هەروەها دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبەكەی و فراكسیۆنەكەی راگەیاند.
شەعلان كەریم لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بەهۆی بونی سەرلێشواویەكی ناڕەوا كە لەسەر بنەمای ستەم و بوختان و خیانەت و هەروەها بۆ دوركەوتنەوە لەو مشتومڕەی رویدا، كشانەوەی خۆم لە كاندیدبون بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان رادەگەیەنم و هەروەها دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لە سەرجەم فراكسیۆن و حزبە سیاسییەكانی بەشدار لە پەرلەمان رادەگەیەنم و تاكۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ كاردەكەم.
شەعلان كەریم كە كاندیدی هاوپەیمانی تەقەدوم بو، پێشتر لەمیانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان و لە گەڕی یەكەمدا 152 دەنگی بەدەستهێنا بەڵام دواتر بەهۆی ناكۆكییەكانەوە دانیشتنەكە راگیرا.
شەعلان كەریم لە راگەیەندراوەكەی ئەمشەویدا داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان و ئەندامانی پەرلەمان كردوە دانیشتنێكی بەپەلەی پەرلەمان دیاری بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كاندیدانی دیكەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان خواستوە.