محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جیاوازی لە هەڵوێستەكانی عێراق و ئەمریكا لەبارەی روداوەكانی ناوچەكەوە كەم نین. دەشڵێت، ئەو دەستدرێژییەی كرایە سەر نوێنەرایەتی ئێران لە دیمەشق، پێشێلكارییەكی رونەو پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییەكانە ئەوەش وایكرد ئێران وەڵام بداتەوە. جەختیش دەكاتەوە كە هیچ راپۆرتێك بە ئێمە نەگەیشتوە كەوا درۆن یاخود موشەك لە عێراقەوە هاویژرابن لە كاتی هێرشەكەی ئێراندا.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن چاوپێكەوتنێكی ئەنجامداوەو تێیدا وتویەتی"سەردانەكەم بۆ واشنتۆن لە كاتێكی هەستیارو گرنگدایە لە پەیوەست بە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانمان و ئەوەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رودەدات...رێككەوتوین لەسەر گرنگی راگرتنی گرژییەكان لەناوچەكە."
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی لە دەریای سور رێگری لە هاتوچۆی كەشتی دەكرێت و ئەوەی لە لوبنان و سوریا رودەدات، لێكەوتەی گرژی و شەڕیی غەززەیە، ناوچەكە بەرگەی ئەم جۆرە روداواونە ناگرێت و پێویستە هەموان گوشار بكەن بۆ راگرتنی ئەم گرژییانە.
جەختیشی كردۆتەوە، كاردەكەین بۆ بەدورگرتنی عێراق لە گۆڕەپانی شەڕ، لەگەڵ پاراستنی هەڵوێستی نەگۆڕمان لەبارەی ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر غەززەو خاكی فەلەستین چونكە ئەمە رەگوڕیشەی كێشەكەیە.
سودانی وتوشیەتی"ناكرێت ناوچەكە بخرێتە ژێر سایەی كاردانەوەكان، پڕۆسەیەكی كۆمەڵكوژی روبەڕوی فەلەستینییەكان بۆتەوە لەبەر چاو و گوێی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، كە جیهان و كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەكانیان، شكستیان هێناوە لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان."
جەختیشی كردۆتەوە "كوژرانی ژنان و منداڵان لەغەززە كارێكی قبوڵكراو نییە، ئەوەش بنەمای كێشەكەیە، تەنیا بە راگرتنی شەڕەكە، ناوچەكە بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت."
هەروەها وتوشیەتی"جیاوازی لە هەڵوێستەكانی ئێمەو ئەمریكا لەبارەی روداوەكانی ناوچەكەوە كەم نین، بەڵام هەردولامان هاوڕاین لەسەر ئەوەی كە یاسای نێودەوڵەتی و بنەمای گشتی و یاسای مرۆیی و یاسای شەڕو بنەمای پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپیلۆماسییەكان هەن، ئێمە دەمانەوێت ئەم بنەماو یاسایانە جێبەجێ بكرێن كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بانگەوازیان بۆ دەكات، بۆیە دەڵێین، كوان بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و راسپاردەكانی كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی پرسی فەلەستینەوە؟"
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتوشیەتی"پێموانییە سەرۆك بایدن لەبارەی ئەم بنەمایانەوە ناكۆكی هەبێت لەگەڵمدا، هەروەك هیچ دەوڵەتێكیش كە بانگەواز بۆ سیتسمێكی نێودەوڵەتی بكات كە رێزی مرۆڤایەتی بگرێت، ناكۆك نییە لەمبارەیەوە لەگەڵم."
هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سودانی وتویەتی"ئەو دەستدرێژییەی كرایە سەر نوێنەرایەتی ئێران لە دیمەشق، پێشێلكارییەكی رونەو پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییەكانە ئەوەش وایكرد ئێران وەڵام بداتەوە، وێڕای ئەوەی ئێمە هەوڵی خۆماندا بۆ بەرگرتن لەم هەڵوێستە."
دوپاتیشیكردۆتەوە"ئێمە لەبەردەم كێشەیەكی گەورەداین لەبارەی ئەوەی لە غەززە رودەدات، هەر ئەوەش كاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەكەو جیهان هەیە."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"هیچ راپۆرت و ئاماژەیەك بە ئێمە نەگەیشتوە كەوا درۆن یاخود موشەك لە عێراقەوە هاویژرابن لە كاتی هێرشەكەی ئێراندا، هەڵوێستیشمان رونە كە رێگەنادەین عێراق لە شەڕەكەوە بگلێنرێت پابەندیشین بەم بابەتەوە."
بەبڕوای سودانی "ناكرێت ئێران بلكێنرێت بەر هەر پرسێكەوە كە پەیوەندی بە دۆخی عێراقەوە هەیە، پرسی كۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، داخوازییەكی عێراقییەو بەشێكە لە بەرنامەی حكومەت كە لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دراوە."
پێشی وایە "ئەمڕۆكە داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بۆیە ئاساییە حكومەت دەستپێشخەری بكات بۆ رێكخستنی بابەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."
هەروەك بەبڕوای سودانی "هێزە ئەمنییەكانمان گەیشتونەتە بەرزترین ئاستی تواناو ئامادەیی و كۆنترۆڵكردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق."
وتوشیەتی"دەستپێشخەریمان كردوە بۆ گرتنەبەری گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكا، هەرئەوەش لەڕێگەی لیژنەی باڵای سەربازییەوە بەدی دێت كە بەشێوەیەكی بەردەوام كۆبونەوەكانی دەكات لەپێناو پێشكەشكردنی پێشنیارگەلێك لەبارەی خشتەیەكی زەمەنی بۆ كۆتاییهێنان بە كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."
دوپاتیكردۆتەوە"گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دوقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، خواستێكی عێراقی و سەرچاوەگرتوە لە بەرژەوەندیی نیشتمانی عێراقەوە نەك داخوازی وڵاتانێكی دیاریكراو یان هەڵوێستێكی دیاریكراو بێت."
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتوشیەتی"لێكتێگەیشتن و لیژنەی هاریكاریی ئەمینی هاوبەش لەنێوان عێراق و ئەمریكا هەیە، كە بەشێوەیەكی بەردەم كۆدەبێتەوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەكی بەردەوام و شەراكەتێكی دوقۆڵی ئەمنی بەگوێرەی دەستورو رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوانمان."